#فەرید ئەسەسەرد#
شتێک مەسەلەی بەعەرەب کردن لە#کەرکووک# و مەسەلەی بەئینگلیزکردن لەدوورگەکانی فۆکلاند لێک نزیک دەکاتەوە. هەر وەک بۆ کورد، کەرکووک مەسەلەیەکی نەتەوەیی پێکدێنێت، بۆ ئەرژەنتینیش مەسەلەی فۆکلاند هەمان ڕووخساری هەیە. بەخشینی مافی چارەی خۆنووسین لەلایەن بریتانیاوە بەدانیشتوانی فۆکلاند، بۆ کەسێک کەئاگای لەپێشینەو ناوەرۆکی کێشەکە نەبێت، بەچاوی ڕێزەوە تەماشا دەکرێت. بەڵام مافی چارەی خۆنووسین چ بەهایەکی دەبێت، ئەگەر بۆ دانیشتوانی هاوردە بێ؟ تاڕادەیەکی زۆر، ئەمە وەک ئەوە وایە بەغدا، بەبێ گێڕانەوەی عەرەبی هاوردە، مافی چارەی خۆنووسین بەکەرکووک بدات. لێرەدا دیارە هاوردەکان دەنگ بەجیابوونەوە نادەن و ڕاپرسیییەکەش ڕەواو یاسایی نابێت.
ئەگەر لە کەرکووک پڕۆسەی پاکتاویی ڕەگەزی و گۆڕینی ڕووخساری نەتەوەیی بەڕێوەچووبێت، لەفۆکلاند پڕۆسەیەک بەڕێوەچووە کەپاکتاویی ڕەگەزی و گۆڕینی ڕووخساری نەتەوەیی تێپەڕاندووە.
فۆکلاند ئەرخەبیلێکە لەباشۆوری ئۆقیانووسی ئەتلانتیک، لەدوو دوورگەی گەورەو زیاتر لە200 دورگەی بچووک پێکدێت کەهەر هەموویان ڕووبەرەکەیان نزیکەی 12 هەزار کیلۆمەتری دووجا دەبێت. ئەم ئەرخەبیلە 400 کیلۆمەتر لەئەرژەنتینەوەو 12 هەزارو 700 کیلۆمەتر لەبریتانیاوە دوورە.
ئەرژەنتین فۆکلاند بە هی خۆی دەزانێت. ساڵی 1982 ئەرژەنتین هێزی ناردە فۆکلاندو دەستی بەسەردا گرت و ڕەنگە لەم کارەیدا پێشبینیی ئەوەی نەکردبێ ئەم هەنگاوەی شەڕێکی گەورەی لێ بکەوێتەوە. دکتاتۆری ئەرژەنتین، جەنرال لیوپۆلدۆ گالیتێری، بەرزگارکردنی فۆکلاند کێشەی نەبونی دیموکراسی و پەرەسەندنی بێکاری و گرانیی لەبیر خەڵکی وڵاتەکەی بردەوەو لەشەقامدا وەک پاڵەوانێکی نەتەوەیی دەرکەوت. بەڵام سەرەک وەزیرانی بریتانیا، خانم مارگرێت تاچەر، لێنەگەڕا ئەرژەنتین بۆ ماوەیەکی زۆر چێژ لەسەرکەوتنەکەی وەرگرێ. لەشەڕێکدا کە74 ڕۆژی خایاند، هێزەکانی ئەرژەنتینی دەرپەڕاندو دەستی بەسەر فۆکلانددا گرتەوە.
بەڵام شکستەکە بەقازانج بۆ ئەرژەنتین شکایەوە چونکە ساڵێکی نەبرد دیموکراسی گەڕایەوە بۆ ئەرژەنتین و جەنەڕالەکان وازیان لەدەسەڵات هێنا.
بریتانیا و ئەرژەنتین لەسەر مێژوی فۆکلاند یەکدەنگ نین. ئەرژەنتین دەڵێت یاوەرانی ماجەللان لە ساڵی 1520دا فۆکلاندیان دۆزیوەتەوەو لەم سۆنگەیەوە ئەرخەبیلەکە بۆتە موڵکی ئیسپانیا. بریتانیا دەڵێت ئینگلیزەکان لە ساڵی 1690 ئەرخەبیلەکەیان دۆزیوەتەوە. ساڵی 1690 بریتانیا دانی بەوەدا نا کە ئیسپانیا هێزی سەروەریی باشووری ئەتلانتیکە. پاش سەربەخۆیی ئەرژەنتین لە ساڵی 1816، ئەرژەنتین دەستی بەسەر فۆکلانددا گرت بەڵام پاش 17 سالأ هێزەکانی بریتانیا دەستیان بەسەردا گرت و دەسەڵاتی ئەرژەنتینیان تێدا نەهێشت.
فۆکلاند وڵاتێکی بێ دانیشتوان بووە. ساڵی 1849 بریتانیا دەوروبەری 30 خێزانی ئینگلیزی تێدا نیشتەجێ کردو ئەمڕۆ نەوەی ئەم ئینگلیزە هاوردانە بوونەتە دانیشتوانی فۆکلاند.
ئەمە بەم مانایە دێت کە بریتانیا هیچ پڕۆسەیەکی پاکتاویی ڕەگەزیی لەوێ ئەنجام نەداوەو کەسی دەرنەکردووە. بۆیە بەخشینی مافی چارەی خۆنووسین بەنەوەی هاوردەکان و سازکردنی ڕاپرسییەک بۆ دانیشتوانی دوورگەکان بۆ مانەوە وەک هاووڵاتیی بریتانیا یان جیابوونەوەو یەکگرتن لەگەڵأ ئەرژەنتیندا، هیچ دووراییەکی یاسایی بەراپرسییەکە نادا.
هەموو دانیشتوانی ئەمڕۆی فۆکلاند 2500 کەسەو ژمارەی ئەوانەی کەبەشدارییان لەراپرسییەکەدا کردووە ژمارەیان 1672 کەسە. ئەدۆلفۆ پێرێز ئیسکفیل، براوەی بەرەگەز ئەرژەنتینیی خەڵاتی ئاشتیی نۆبل، لەنامەیەکدا بۆ سەرەک وەزیرانی بریتانیا دێڤد کامیرۆن، جەختی کردۆتەسەر ئەوەی کەراپرسییەکە هیچ بەهایەکی نییەو وتویەتی ناڕەواییەکە (تەنیا لەوەدا نییە کە بریتانیا پاش وەدەرنانی دەسەڵاتی ئەرژەنتین دانیشتوانی بۆ فۆکلاند هاوردووە، بەڵکوو هەروەها لەوە دایە کە نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری لەسەر ئەم ڕاپرسییە نەداوە).
کەواتە یارییەکە ئاشکرایە. بریتانیا مافی چارەی خۆنووسینی بەهاووڵاتییانی خۆی داوەو داوای لێ کردون بڕیار لەسەر ئەوە بدەن ئاخۆ دەیانەوێت وەک هاووڵاتیی بریتانیا بمێننەوە یاخود دەیانەوێت ببن بەهاووڵاتیی وڵاتێکی بیانی. بێگومان ئەنجامی ڕاپرسییەکەش دیارە.[1]