$پیرۆزیی نەورۆز$
#ئادەم بێدار#
یەکێک لەو بابەتانەى لەو ڕۆژانەدا قسە و باسى گەرمى لەبارەوە دەکرێت، ئیسلام و نەورۆزە، خەڵک دابەش دەبێت بەسەر دوو بەرەدا، بەرەى دژ بە نەورۆز، بەرەیەکى دیکەش لەگەڵیەتى، هەردووکیش بەناوى ئیسلامەوە قسە دەکەن، لەو نووسینە کورتەدا بەپێویستى دەزانم تیشکێک بخەمە سەر ئەو بابەتە.
$دەستەواژەى نەورۆز و بێئاگایى بەشێک لە زمانزانانى عەرەب$
دەستەواژەى نەورۆز کە بە واتاى ڕۆژى نوێ دێت، لە زۆربەى سەرچاوە و فەرهەنگە عەرەبى – ئیسلامییەکاندا بە جەژنى فارسى پێناسە کراوە، ئەوەش خۆى لەخۆیدا یەکێکە لەو بابەتانەى کە شوناس و ئایدنتیتى ئێمە دەمێکە بەدەستیەوە دەناڵێنێت، فارس بەهۆى ئەوەى لەدواى میدییەکانەوە سەلتەنەت و ئیمپراتۆریەتى هەبووە، توانیویەتى مۆرکى خۆى بەسەر زۆر شتدا زاڵبکات کە لە بنەمادا هى خۆى نییە و ئەو خاوەنە ڕەسەنەکە نییە، نەورۆزیش یەکێکە لەو بابەتانە کە بەشێک لە زانایان و زمانزانى عەرەب کەوتوونەتە ئەو هەڵەیەوە و جەژنەکە بە فارسى وێنا دەکەن.
نەورۆز جەژنێکى کۆنى کوردە، لە میتۆلۆجیاى کورددا گرنگى و پێگەى خۆى هەیە، لە ئایینى ئێزدیدا قەولى تایبەت بەو بۆنەیە هەیە، (بەیتا بەهارێ) ئەو تێکستە پیرۆزەى ئێزدییەکانە کە باسی نەورۆز و فەلسەفەکەى دەکات وەک نوێبوونەوەى ژیان.
$نەورۆز لە ئیسلام کوفر و بیدعەیە؟$
ناونانى نەورۆز وەک جەژن هەستیارییەکى لەنێو بەشێک لە موسڵمانان درووستکردووە، ئەوان پێیان وایە جەژن یان (عید) نابێ جگە لە (رەمەزان، قوربان) بۆ هیچ بۆنەیەکى دیکە بەکار بهێندرێت، لەوانە:
- پێشەوا زەهەبى لە نامەى (التمسک بالسنن والتحذير من البدع) ئاهەنگگێڕانى بەبۆنەى نەورۆز بە بیدعە زانیوە، بەڵام ڕوونیشیکردووەتەوە ئەگەر پیرۆزکردنەکەى بە نیەتى بە گەورە زانینی نەفامى و نەزانی نەبێت، ئەوە وەک خۆى دەڵێت: جێگەى تێڕامانە، کەواتە نابێ یەکسەر بە بیدعە، کوفر، زەندەقە ناوزەد بکرێت.
- زاناى سعودى سەردەم (ئیبن جەبرین) لە پەڕتووکى (کتاب اللؤلؤ المکين من فتاوى ابن جبرين) نەورۆز بە بیدعە دادەنێت و قەدەخەى دەکات پیرۆزبایى بەو بۆنەیە بکرێت، یان لەو خواردنە بخورێت کە بەو بۆنەیە ئامادە دەکرێت.
$زانایانى ئیسلامى کورد هەرگیز دژى نەورۆز نەبوون$
زانایانى کورد، بە درێژایى مێژوو فەتوایان نەداوە دژى نەورۆز، واتە ئەو زانایانەى لە کوردستاندا ژیاون و تێکەڵاوى ئەوانەن کە نەورۆز پیرۆز دەکەن هیچ کێشەیەکیان نەبووە، بەدەیان تێکستى ئەدەبى لەلایەن زاناو ئەدیبانى کورد لەسەر نەورۆز نووسراوە، کەچى هیچ کام لەو زانایانە فەتواى حەرامى و بە کوفردانانیان بەسەر ئەو بابەتەدا نەداوە، ئەمەش جێگەى هەڵوەستە لەسەر کردنە، چونکە کەم گەل هەیە وەک کورد پەیڕەوى بێ بەرژەوەندى ئیسلامى کردبێت، تەنانەت پەیڕەویان کردووە ئەگەر دژى بەرژەوەندییە دونیاییەکانیشیان بووبێت، هاوکات زانایانى کورد زۆرجار موفتى ئیسلامى نەتەوەکانى دیکەش بوونە، ئەى بۆ دژى نەورۆز فەتوایان نەداوە؟
بە تێگەیشتنى من، زانایانمان، چونکە لەناو ئەو فەزا و واقیعەدا ژیاون کە خەڵکەکەى نەورۆزیان پیرۆز کردووە، تێگەیشتوون کە ئەو خەڵکانە لەرووى ئایینییەوە ئەو کارەیان نەکردووە، واتە پیرۆزکردنى نەورۆز لەبەر ئەوە نەبووە کە جەژنێکى ئایینییە، بەڵکوو وەک بۆنەیەکى نەتەوەیى یان کۆمەڵایەتی پیرۆزیان کردووە، ئەمەش وایکردووە کە فەتواى قەدەخەبوونى (حرام) نەورۆز نەدەن.
هاوکات هۆکارێکى دیکەى پشت هێرش و فەتوادانى زانایانى دوور لە نەورۆز بۆ ئەو سەردەمە دەگەڕێتەوە کە تێیدا ژیاون، بۆ نموونە زانایەکى وەک (ئیبن تەیمیە) لە ڕەوشێکى ناهەمواردا ژیاوە، مەغۆل و تەتار پایەتەختى خیلافەتى ئیسلامییان ڕووخاندووە، ئیسلام خەریکبووە هیچ شوێنەواریشى نەمێنێت، ئەوە پاڵنەر بووە کە ئەو زانایە هەندێک فەتوا بدات دژى کۆمەڵێک پرس و بابەت، یەکێکیش لە بنەما شەرعییەکانى فەتوادان بریتییە لە گۆڕانى فەتوا بەپێى سەردەم، کات، شوێن و کەس.
تێکەڵکردنى بابەتە کۆمەڵایەتییەکان و مامەڵەى ڕۆژانە و بۆنە نەتەوەییەکان لەگەڵ بیروباوەڕ و عەقیدە، هۆکارێکى دیکەى پشت ئەو فەتوایانەیە کە دژى نەورۆز دەدرێن، ئەوانە نەورۆز وەک بابەتى بیروباوەڕ و عەقیدە لێکدەدەنەوە، لەکاتێکدا ئەوە بابەتێکى کۆمەڵایەتى و بۆنەیەکى نەتەوەییە نەک شتێکى دیکە.
یەکێکى دیکە لەو هۆکارانە کە وایکردووە بەشێکی خەڵک دژى نەورۆز فەتوا بدەن خۆبەستانەوەیان بووە بە وشە و دەستەواژە، وەک شتێکى (جامد) و کۆنکرێتى لێیان ڕوانیوە، تەنیا لەبەرئەوەى وشەى جەژن یان (عید) یان بۆ بەکار هێناوە بە حەرامیان داناوە، ئەویش لەبەر فەرموودەکەى پێغەمبەر (د.خ) کە فەرموویەتى: خوا دوو جەژنى باشترى بۆ ئێمە داناوە کە بریتین لە ڕەمەزان و قوربان. ئەو فەرموودەیەى پێغەمبەر (د.خ) تایەبەتە بە جەژنى ئایینى، نەک نەتەوەیى و کۆمەڵایەتى و کەسى، کەواتە تێگەیشتنى درووست لەو فەرموودەیە ئەوەیە کە هیچ موسڵمانێک بۆى نییە نەورۆز یان هەر جەژنێکى دیکە وەک جەژنى ئایینى پیرۆز بکات و لێى بڕوانێت، بەڵام لەدەرەوەى بازنەى ئایین، هەر یەکەمان بۆنە و جەژنى دیکەمان هەیە و مافى خۆمانە پیرۆزى بکەین و دلخۆش بین لەو بۆنانەدا.
$نەورۆز و مانا بەهادارەکانى$
ئەگەر نەورۆز هێماى نوێبوونەوەى ژیان و دووبارە زیندووبوونەوەى سرووشت بێت، ئەوە یەکێکە لەو بابەتانەى کە ئیسلام گرنگییەکى زۆرى پێداوە، چەندین ئایەت لە قورئانى پیرۆز هەن هانى موسڵمان دەدەن کە بچنە دەشت و دەر، لەو هێز و دەسەڵاتەى خوا بڕوانن، پەند و ئامۆژگارى لێ وەربگرن، لەو ڕوانگەیەوە نەورۆز شتێکى زۆر باشە نەک خراپ.
ئەگەر نەورۆز، هێماى ئازادى و بەرخودان و دادگەرییە، ئەوە بە سەدان بەڵگە لە ئایەت و فەرموودە هەن جەخت لەسەر ئەو بەهایانە دەکەنەوە، هانى موسڵمان دەدەن تێبکۆشن لەپێناویان، بەو مانایەش بێت نەورۆز شتێکى زۆر باش و گرنگە لە ڕووى ئیسلامیەوە.
ڕەنگە هەر ئەو مانا بەهادارنەش پاڵنەر بووبن بۆ ئەوەى عەلى کوڕى ئەبو تاڵیب، پێشەواى موسڵمانان شیرنەمەنى و دیارى نەورۆز وەربگرێت و دڵخۆشى خۆى بەو بۆنەوە دەرببڕێت، ئەوەش لەسەرچاوە ئیسلامییەکاندا جێگیرکراوە.
$پیرۆزکردنى نەورۆز یانى چی؟$
بەشێک لە موسڵمانان ئەگەر ڕێگەش بدەن بە نەورۆز، بەڵام دەڵێن نابێت وەک جەژن پیرۆز بکرێت، لەبەر ئەوە گرنگە بزانین پیرۆزکردنى نەورۆز چییە؟
لە کوردستاندا، کورد کە زۆرینە موسڵمانن، جەژنى نەورۆز پیرۆز دەکەن، گرنگترین شتێک کە دەکرێت هەڵکردنى مەشخەڵى ئاگرى نەورۆزە، لە هەر کەسێکیش بپرسیت بۆ ئاگر دەکەنەوە لە نەورۆز، لە وەڵامدا پێت دەڵێ، ئەوە نیشانەى زاڵبوون بووە بەسەر زوڵم و ستەمدا، هەرگیز گوێت لەوانە نابێت بڵێن: چونکە ئاگر پیرۆزە و دەیپەرستین! کەوایە بەهۆیەکەوە کارەکە قەدەخەکراوە کە هیچ کەسێک لە کوردە موسڵمانەکان نە وابیر دەکاتەوە، نەواش دەکات، بەو مانایەى هەرگیز موسڵمانانى کورد لە نەورۆزدا سرووتێکى ئایینى جێبەجێ ناکەن، لەبەر ئەوە حەرامکردنى بەو پاساوە تێگەیشتنێکى هەڵەیە.
$حەرامکردنى نەورۆز و شەڕى ئابوورى$
ڕەهەندى ئابووریی پاڵپشتى یان دژایەتیکردنى نەورۆز، یەکێکە لەو بابەتانەى بەشێک لەوانەى بەناوى ئیسلام و شەریعەت فەتوا دژى نەورۆز دەدەن و لێى بێئاگان، نەرۆز هەمیشە وەرزى کۆکردنەوەى باج و سەرانە و وەرگرتنى دیارى بووە لەلاى موسڵمانان:
- لەسەردەمى عەبدوڵڵاى کوڕی زوبەیر و عەبدولمەلیکى کوڕى مەرواندا، گەیشتووەتە 20000 درهەم، کە ئەمە کەمترین ئاستى بووە.
- لەسەردەمى حەجاجى کوڕى یوسفى سەقەفیدا، بڕەکەى گەیشتووەتە 40000 هەزار درهەم.
- دیاریی حەسانى نەبتى بۆ هیشامى کوڕى عەبدولمەلیک ئەوەندە گرنگ و گەورە و سەرنجڕاکێش بوون لە نەورۆز وەک حاحز دەڵێت: پێشتر دیارى لەو شێوەیە نەبیستراوە لە ئیسلامدا.
- لەسەردەمى دەسەڵاتدارانى عەباسیشدا نەورۆز وەک جەژنێکى فەرمى لە سنوورى قەلەمڕەوى دەوڵەتى ئیسلامى ناسێندراوە، دەسەڵاتدارەکان ڕێوڕەسمى تایبەتیان بە پیرۆزکردنى نەورۆز ئەنجامداوە، بۆ نموونە: ئەبو جەعفەرى مەنسوور ڕێوڕەسمى تایبەتى داناوە بۆ پێشوازیکردنى لەو میوانانەى بەبۆنەى جەژنى نەورۆز سەردانیان کردووە بۆ ئەوەى پیرۆزبایی لێبکەن، لەو ڕێوڕەسمەدا پێشەوا (موساى کازم) کە زانایەکى گەورەى سوننە مەزهەبەکان و یەکێکە لە دوازدە پێشەوا گەورە و گرنگەکانى شیعە بەشدارى تێدا کردووە و لەگەڵ ئەبو جەعفەرى مەنسووردا پێشوازییان لە میوانانى نەورۆز کردووە.
- لەسەردەمى هارون ڕەشیددا، خاوەنى زەوى و زەنگینەکان کۆبوونەوە و داوایان لە یەحیاى کوڕى خالید کرد، بۆ ماوەى دوو مانگ نەورۆز دوا بخات، ئەویش سەرەتا ڕەزامەندى دەربڕى لەسەر داواکەیان، بەڵام لەلایەن بەشێک لە خەڵکەوە ڕووبەڕووى دژایەتی و قسەو قسەلۆک بووەوە، گوایە خالید مەیلى بەلاى زەردەشتەوەیە، لەبەرئەوە لەو بڕیارەى پاشگەزبووەتەوە و بێدەنگى هەڵبژاردووە.
- ئەو ڕووداوە مێژووییانە پێمان دەڵێن کە بابەتى دیارى و سەرانە و بەرژەوەندیی ئابووریى ڕۆڵى هەبووە لە کۆکردنەوەى دژەکانى نەورۆز، بە حەرام دانانى ڕێوڕەسمەکانى، بۆ ئەوەى بەشێکی خەڵک لەو بارە گرانە ئابوورییە ڕزگاریان ببێت. [1]