کۆنفرانسی بەغدای #پارتی دیموکراتی کوردستان#: (کۆنفرانسی بەغدای پارتی دیموکراتی کوردی ئێراق - سەرەتای #01-10-1950#) ، ئەم کۆنفرانسە لەلایەن لێژنە ناوچەی بەغداوە بەسترا، وەک کاردانەوەیەک بەرانبەر کۆبوونەوەی #کۆیە#ی ساڵی 1950 کە مەبەستیان بوو کۆمیتەیەکی ناوندی کاتی و ئامادەکاری بۆ بەستنی کۆنگرەی دووەمی پارتی بکەن.
کۆنفرانسی بەغدای پارتی دیموکراتی کوردستان: (کۆنفرانسی بەغدای پارتی دیموکراتی کوردی ئێراق - سەرەتای ساڵی 1950) ، ئەم کۆنفرانسە لەلایەن لێژنە ناوچەی بەغداوە بەسترا، وەک کاردانەوەیەک بەرانبەر کۆبوونەوەی کۆیەی ساڵی 1950 کە مەبەستیان بوو کۆمیتەیەکی ناوندی کاتی و ئامادەکاری بۆ بەستنی کۆنگرەی دووەمی پارتی بکەن.
$بارودۆخ و هۆکارەکان$
لە 6ی کانونی دووەمی 1949دا کابینەی نوری سەعید لە ئێراق دەستبەکار بوو، ئەم کابینەیە بە جاڕدانی یاسای عورفی، زەبری لە گشت حزب و ڕێکخستنە نهێنی و نیشتمانییەکاندا. پارتی دیموکراتی کوردیش لەم زەبرە بێبەش نەبوو. هەمزە عەبدوڵڵا سکرتێری پارتی دیموکراتی کورد لە #سلێمانی# گیرا و برایە بەغدا، دکتۆر جەعفەر محەمەد کەریم ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کورد ڕەگەزنامەی ئێراقی لێ سەندرایەوە و بۆ ئێران دوورخرایەوە، #ئیبراهیم ئەحمەد# بەرپرسی لێژنەی ناوچەی سلێمانی و #عومەردەبابە# بەرپرسی لێژنەی ناوچەی بەغدا بە دوو ساڵ زیندانی بەند کران، ڕەشید عەبدولقادر ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کورد سزای سێ ساڵ بەندکردنی بە سەردا سەپا، هەروەها عەونی یوسف ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کورد سزای یەک ساڵ و نیوی بە سەردا سەپا. ژمارەیەکی تریش لە ئەندامە چالاکەکانی پارتی لەوانە نوری ئەحمەد تەها، ساڵح دیلان، حلمی عەلی شەریف و غەفور ڕەشید داراغا دەستگیرکران و حوکم دران، ژمارەیەکیش لە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی لەوانە #ساڵح یوسفی# و ڕەشید باجەلان وازیان هێنا، بەمەش ڕێکخستنەکان سستییان تێکەوت.
لە و بارودۆخەدا، لە سەرەتای ساڵی 1950 دەستەیەک لە ئەندامانی حزب، لەوانە: #عەلی عەبدوڵڵا# (ئەندامی مەکتەبی سیاسی) ، بەکر حاجی ئیسماعیل، عەبدولکەریم تۆفیق، محەمەد ئەمین مەعروف و عومەر حەبیب عەبدوڵڵا) بە سەرپەرشتی #کاکە زیادی کۆیە# (جێگری دووەمی سەرۆکی پارتی) ، هەوڵیاندا کۆمیتەیەکی ناوەندیی کاتی درووستبکەن، حزب ڕێکبخەنەوە و ڕێگە بۆ کۆنگرەی گشتیی حزب خۆشبکەن، بەڵام ئەم کۆمیتەیە نەیتوانی ئەرکەکانی جێبەجێ بکات. لەوکاتەدا لێژنەی ناوچەی بەغدا چالاکتربوو، بۆیە بڕیارەکانی کۆبوونەوەی کۆیەی پەسەند نەکرد و ڕاستەوخۆ داوای بەستنی کۆنگرەی گشتیی کرد، بەڵام لەجیاتی کۆنگره، کۆنفرانسی گشتی حزب بەسترا.
$بەستنی کۆنفرانس$
بە ئامادەبوونی نوێنەرانی سلێمانی، بەغدا، #هەڵەبجە#، #کەرکووک#، #موسڵ# و #کۆیه#، هەروەها بە ئامادەبوونی عەلی عەبدوڵڵا و عەونی یوسف وەک دوو لە ئەندامانی سەرکردایەتی، لە سەرەتای ساڵی 1950 کۆنفرانس لە شاری بەغدا دەستی بە کارەکانی کرد. لەم کۆنفرانسەدا سەرکردایەتییەکی کاتی لاواز پێکهێنرا کە بریتیبوون لە: عەلی عەبدوڵڵا، عەونی یوسف، عەلی حەمدی، ساڵح ڕوشدی تاهیر، مستەفا کەریم غەفور، محەمەد موسا سادق و نوری محەمەد ئەمین.
سەکردایەتی کاتی نوێ بێجگە لە عەلی عەبدوڵڵا، ئەوانی دیکە زۆربەیان توانای کارکردنیان نەبوو، ساڵح ڕوشدی و مستەفا کەریم لە حزب هەڵگەڕانەوە، محەمەد سادق هیشتا قوتابی قۆناغی ناوەندیی بوو، نووری حەمەدەمین وازی هێنا، بۆیە ئەم کۆنفرانسەش نەیتوانی ئامانجەکانی بپێکێت. [1]