زۆرجار ناوبانگ و چوونە بەر ڕووناکی لە چاوی ئێمەی کەسانی ئاساییدا خۆشگوزەرانی و دەوڵەمەندی و ژیانە لە بەهەشتی سەرزەویدا، بەڵام ڕەنگە زۆربەمان نەزانین ناوبانگیش وەکوو هەر شتێکی دیکە لەم ژیانەدا دوو لایەنەیە و وەکوو چۆن لایەنی باشی هەیە لایەنی خراپیشی هەیە و هەندێکجار ئەو ناوبانگە دەبێتە ناوزڕاندن و نەگبەتیی و چارەڕەشی بۆ خاوەنەکەی، لەبەرئەوەی ناوبانگ و سەرکەوتنی لە ڕادەبەدەر وادەکات لەگەڵ زیادبوونی هەوادارانی ئەو ئەستێرەیەدا جا لە بواری گۆرانی و موزیکدا بێت یان لە بواری سینەما و تەلەڤزیۆندا بێت دوژمنەکانیشی زیاد بێت و ببێتە ئامانجی ئاسان بۆ ڕق و بێزارکردن و تۆمەت درووستکردن و شێواندنی ناوبانگی ئەو ئەستێرەیە لەبەر هەر هۆکارێک بێت.
نموونەی لەو جۆرەشمان زۆر بینیووە دوای مردنی ئەستێرەکە ئینجا دەرکەوتووە هەموو ئەو تۆمەت و تاوانانەی لە ژیانیدا بۆی درووستکراوە هەڵبەستراو بوون و بێ تاوان بووە، وەکوو ئەستێرەی پۆپی ئەمریکی مایکڵ جاکسۆن لە ڕاستیدا دوای مردنی مایکڵ و دەرکەوتنی بێ تاوانی ئەو ئەستێرەیە لەبارەی ئەو تۆمەتانەی دەخرایە پاڵی بۆ دەسکەوتنی بڕێک پارە، کەچی تا ئێستاش زۆربەمان لە ناخماندا هەر بە تەواوەتی باوەڕ بە بێ تاوانی ئەو ئەستێرەیە ناکەین، هەروەها ئەو ئەستێرانە تاوانبار بن یان بێ تاوان ناتوانین لە سەدا سەد لێی دڵنیابینەوە، بەڵام ئەوەی دەتوانین لێی دڵنیا بین و بیزانین ئەوەیە پێش هەموو شتێک ئەو ئەستێرانەی لەسەر شاشە و بەر ڕووناکین مەخلوقێکی ناسرووشتی و خەیاڵیی نین و ئەوانیش وەکوو ئێمە مرۆڤن و هەڵە دەکەن، کاتێکیش قەناعەتمان بەوە کرد ئەوانیش مرۆڤن ئەو کاتە هەر هەڵەیەکیان کرد تووشی شۆک نابین و هەڵەکەش لە قەبارەی خۆی گەورەتر ناکەین، وەکوو ئەوەی بڵێین ئەو مەخلوقێکی خەیاڵییە و چۆن هەڵە دەکات؟ لەبەرئەوە دەبێت دوو هێندەی مرۆڤی ئاسایی ڕقمان لێی بێت و سزای بدەین! هاوکات دەبێت بزانین هەر کەسێک کەوتە بەر چاوی خەڵکی و بەناوبانگ و سەرکەوتوو بوو زۆرجار بە قەبارەی ناوبانگەکەی دوژمنی بۆ زیاد دەبێت، بۆیە دەبینین ئەستێرەکان بە تایبەتی لەم سەردەمەدا ڕووبەڕووی ڕقی زۆر دەبنەوە، جگە لەوەی لەلایەن ڕۆژنامە و سایت و پەیجە زەردەکانەوە بێزار دەکرێن و وێنەگرەکانی پێیان دەوترێت پاپاراتزی بەردەوام بۆ هەموو شوێنێک بە دوایانەوەن و ناهێڵن چالاکیی ئاسایی ڕۆژانەیان بکەن، لە هەمانکاتیشدا کەسانێک هەن لەپێناو پارە یان تەنیا بۆ خۆشی و کات بەسەربردن و کۆکردنەوەی لایک و کۆمێنت و بەرزکردنەوەی ڤیوی پەیجەکانیان دەیانکەنە ئامانج و تۆمەتیان دەخەنە پاڵ، بۆیە هەمیشە کە بابەتێکی لەو جۆرە دەبینم تێدەگەم ناوبانگ نەگبەتییە. [1]
کوردیپێدیا جە دلېنەو ئی بابەتۍ ۋەرپەرس نېیەن، خاۋەنو/خاۋەنۊ بابەتەکۍ ۋەرپەرسیارەن. کوردیپێدیا بە مەبەسو ئەرشیڤکەرڎەی ئی بابەتېشە تۊمارە کەرڎېنە.
ئی بابەتۍ بە زۋانی (کوردیی ناوەڕاست) نۋیسیێنە، پەی ئەۋەکەرڎەی بابەتەکۍ بە زۋانېۋ کە نۋیسێنە، سەرو ئایکۆنو
ی کلیک کەرە!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
ئی بابەتۍ 646 جارۍ ۋینیێنە
پەیلۋاو وېت چە بارەو ئی بابەتۍ بنۋیسە!