$نامەيەکى کراوە بۆ سەرۆککۆمار بەڕێز د. #بەرهەم ئەحمەد ساڵح#$
نووسین: #مامۆستا جەعفەر#.
ئەبێ بەخشندە مل کەچ کا لەراستى مووچەخۆرى خۆى
سووراحى سەرفروو دێنێ له بۆ پياڵە کە تێکا بۆى
(#پيرەمێرد#)
پاش ڕێزو سڵاو
سەرۆککۆمارى وڵاتانى پێشکەوتوو، دەبنە باوکى گەل و نيشتمان و لەکارى سياسيش هەڵوێستى بێلايەن وەردەگرن. بەڕێزتان لەلايەکەوە خەريکى تەکەتوڵات و تۆڵە سەندنەوەن، لەلايەکى ترەوە، لەڕووى سياسييەوە، ناڵێم هەرزەکارانە بيردەکەنەوە، بەڵام دەڵێم: ڕەفتارى ئێوە لەرەفتارى کەسايەتيەکى گەوره و سەرۆک عەشيرەتيش ناچێت!
هەزار جار ڕووى زمانە ڕەش بێت و هەزار نەفرەت لە مێژووى تەکەتوڵات و دەستەگەرى و فراکسيۆنسازيى ناو يەکێتى، پياوى ئەوتۆى هێناوەتە پێشەوە، لە هەموو شت دەچن بەس لە ( (کارەکتەرى سياسى) ) نەبێ. ئارام شەهيد دەبێت و شەهاب و جەعفەر ئيعدام دەکرێن و #عەلى عەسکەرى# و #دکتۆر خالید# و #عەلى هەژار# و #کاردۆ گەڵاڵى# شەهيد دەبن و #هەڵەبجە# کيميايى باران دەکرێت و بەرهەمى ئەو هەموو قوربانييه بۆ کورسى سەرۆکايەتى کۆماره و ئەوەش پێشکەشى بەڕێزتان دەکرێت. تا ساڵى 1991 ئەگەر جاڵجالۆکەى تەکەتوڵات نەبوايە کێ جەنابتى دەناسى! ئێستاش کارامەيى و ئازايى بەڕێزتان نەبوو، کە بوونە سەرۆک کۆمار، جارێکى تر تەکەتوڵات و دەرهاويشتەکانى ڕيفڕاندۆم و گوشارى دژانى ڕيفڕاندۆم بۆ سەر ئەزموونى دەسەڵاتى کوردى، ئێوەيان بۆ سەر شانۆ هێنايەوە.
کردەوەيەکى ترى بەڕێزتان، کە لەکردەوەى پياوى بەرپرسيارى گەورە ناچێت، هانى مووچەخۆرەکانى سەرۆکايەتى کۆمارت داوە، هێرش بکەنە سەر هاووڵاتيەک. بەڕێزت هانى دوو کەست داوە کە ئەمە پلەى وەزيفييانە:
1. ڕۆژنامەنووس لە نووسينگەى ڕۆژنامەڤانيى سەرۆک کۆمارى عيراق.
2. سەرۆکى نووسينگەى دکتۆر بەرهەم.
جارێ ئەمە پێش هەموو شتێ پێشێلکردنى قانونە، سەرۆک کۆمار بۆى نييە، دەزگاى سەرۆکايەتيى کۆمار بۆ مەبەستى زۆر تايبەتى خۆى بەکاربهێنێت. ديارە ئەو داماوانە ناچار کراون لەترسى سزاو نانبڕان پەلامارى ئەو کەسە بدەن، کە بەڕێزتان ئاڕاستەکەيان بۆ ديارى دەکەن. ئەم جۆرە کەسانە شايانى بەزەيين و هەڕەشەيان لێکراوە، دەبێ پەلامار بدەن و نەپرسن ئەو کەسە کێيە؟
من دژى سەرۆکايەتيى کۆمار يەک وشەم نەنووسيوە، تا سوپاى بێ شومارى ڕۆژنامەنووسانى سەرۆکايەتى کۆمار هاندەدەيت لێم بچنە سەنگەرەوە. لە #کەرکووک# و #خانەقین# و #دووزخورماتوو# ڕۆژانه سێ چوار هاووڵاتى دەکوژرێت و دەغڵ و دانيان دەسووتێن، ئەى بۆ ژەنەراڵەکانى نووسينگەى سەرۆک کۆمار نايەنە دەنگ، هەر بۆ ئێمە ئازان!
من نەمبيستووە، سەرۆک کۆمارێک مووچەخۆرەکانى بەردەستى خۆى دژى نووسەرێک هاندابێت. لە وڵاتانى ڕۆژاوا سەرۆک وەزيران و سەرۆک کۆمار هێلکه و تەماتەيان تێدەگرن و هەر بێزيشيان نايەت ئاوڕبدەنەوە.
يەکێک لەوانەى لەهەفتەنامەى ڕووداو ناويم بەرچاو کەوت و ڕەخنەى بێ سەروبەرو منداڵانە و نازانستيانەى لە نووسينەکەى من گرتووە، لەماوەى چەند ساڵێکدا ئەم حزبانەى کردووە:
1. #يەکگرتووى ئيسلامى کوردستان#
2. #بزووتنەوەى ئيسلامى لە کوردستان#
3. #پارتى ديموکراتى کوردستان#
4. #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#
5. #بزووتنەوەی گۆڕان#
6. هاوپەيمانى کوردستان
ئەمەيه، بەخێرێ، گوڵبژێرى ئێوە لەناو نووسەر و ڕۆژنامەنووساندا. جەمال عەبدولناسر (جەمال عەبدولناصر) يەکێکى وەکوو محەمەد حەسەنێن هەيکەل (محەمەد حەسەنين هيکل) ى کردبووە ڕاوێژکارى ڕۆژنامەوانيى خۆى، جەنابيشت کۆمەڵێکت لەخۆت کۆکردووەتەوە، هەموو شتێکن تەنيا ڕۆژنامەنووس نين.
هەر کەسێک، دەوروبەرەکەت ببينێت (دوو سێيەکيان نەبێت) يەکسەر دەزانێت تۆ بيرت نە لاى بەرژەوەنديەکانى گەلى کوردستانە و نە هيچ سۆزێکت بۆ عەرەبى شيعه و سونى هەيە. ئەگەر وەکوو فرۆيديش بير لە کەسايەتى تۆ بکەمەوە: خەونى سەرەکى بەڕێزتان هەر ئەوە بوو، ڕۆژێک ببنە سەرۆک کۆمار، نەک بۆ چاکسازى و خزمەتى خەڵک، نە تەنيا بۆ تۆڵەکردنەوە لە تارمايى و سێبەرەکانى ڕابردوو!
بەهەڵەداچووى دکتۆر
جەنابت پێتوابوو، هەر ئەوەندەى لەشکرى ڕۆژنامەنووس و فەيسبوکچيى دژى من هاندران, ئيدى من زەندەقم دەچێت و لەماڵى دراوسێکان دەنووم. دڵنيات دەکەمەوە هەزاران کەسى تريش بۆ قسەى بەرز و نزم تەرخان بکەيت، ئەوەندەى تاڵە دەزوويەکى باريکيش کاريگەرى لەسەر من نابێت. بە پێچەوانەوە ئەم کارە دزێوانە قەناعەتيان پێکردم، هەرچيم هەيە و نييە لەسەر تۆ بڵاويان بکەمەوه و هيچ هێزێکيش ناتوانێت ڕێگەم لێبگرێت!
صدام حسين به و هەموو دڕندەيى و دەسەڵات و جەبەرووت و سوپا و ئەمن و موخابەرات و تانک و زرێپۆشەوە حوکمى دەکرد. ساڵى 1977 ئێمە لە چەقى بەغدا ڕێکخراوى (#هەڵووى سوور#) مان درووست کرد. ئێستا سەردەمەکە گۆڕاوه و سەرۆککۆمار، بە ناڕاستەوخۆ هەڕەشەمان لێدەکات، لە سەرانسەرى عيراق کون نەماوە خۆمانى تێدا قايم بکەين.
بەڵامەوە سەيرە کەسێک سەرووى بيست ساڵ لە بەريتانياى گەورە و باکوورى ئەمريکا ژيابێت و سەيرى (گارديان) و (دێلى ميل) ى نەکردبێت و ڕەخنه و ڕەخنەکارى دژى حکومەت و سەرۆک وەزيرەکان نەخوێندبێتەوە. کەسێک گوێى لێبووە (جۆن مێجەر) يان (تۆنى بلێر) هانى خەڵکى دابێت دژى ڕۆژنامەنووسێک جوێننامە و قسەى سووک و بێتام بڵاو بکرێتەوە!
من لەهەفتەنامەى (رووداو) نووسينێکم بڵاوکردەوە، بەم ناونيشانە (د. بەرهەم ساڵح لەنێوان يەکێتى و هاوپەيمانى دا) نە زمانى زبرم بەکارهێناوە، نە باسى قۆناخى (ئامادەيى شۆڕش) و نەباسى قۆناخى درووستکردنى (زانکۆى ئەمريکى) م کردووە، نه لەسەر هيچ لاپەڕەيەکى ژياننامەى ئێوە شيکارى دەروونيم (psy choanalysis) کردووە.. هەرچەند دەتوانم قسەى ئەوتۆ بنووسم، کە ئەو بيرى لێنەکردبێتەوە و هەرگیز بە خەياڵيدا نەهاتبێت و تەنيا حيسابى ئەوەى کردبێت من زۆر ڕێز لەبەرانبەرەکەم دەگرم. کەسێک ئەوپەڕى ڕێز نەنوێنێت، ناچار دەبم، ئەو کەسە فێرى قانون و ئيحترام و ڕێزگرتن بکەم.
من (شيکاريەکى سياسى) م لەسەر (دياردە) يەک نووسيوە، کەچى کەسە هەرە نزيکەکانى ئێوە بە زمانى (چەقۆکێش) و (شەقاوە) دەقەکانى خۆيان نووسيوە. ئەمە (تيرۆرى فيکرى) و بڕوا نەبوونە بە مافى مرۆڤ و (ئازادى بيروباوەڕ) و بەڕێزتان خۆتان وا پيشاندەدەن، کە زۆر ڕووناکبيرن، مەخابن ئاستى ڕۆشنبيرى ئێوە هى کۆلکە خوێندەوارێکى سەردەمى شێخ مەحموودى حەفيديش نييە! دڵى خۆت زۆر بە تەکتول و دەوروبەرەکەت خۆش مەکە! ئەو هێزەى ئێوه شانازى پێوە دەکەن هێزێکى فشۆڵ و بێ بنەما و کاتيە، خۆ تۆ لە (صدام حسين) و (عومەر بشير) بەهێزتر نابيت.
دەستى خۆم نييە و مارى پێدەگرم
زۆرم پێناخۆشە، کەسانێک چاويان لەدەستى بەڕێزتانە، بە هەڕەشە وچاو لێ سوورکردنەوە، ناچار بکرێن دژى کەسانێک بنووسن، کە تاوانەکەيان (شيکارکارى سياسى) ە، کە ئەنجامگيرى و تەکنيکى نووسينەکە بەدڵى بەڕێزتان نييە!
يەکێک لەوانەى لێپرسرواى نووسينگەکەتە و ئەوى تريان ڕۆژنامەنووسە لە نووسينگەى ڕۆژنامەڤانيى سەرۆک کۆمارى عيراق. بەڕێزتان ڕەنگە بفەرموون: (کە ئاگاتان لێى نييە و بەبێ ئاگادارى بەڕێزتان ئەم کارە کراوە!) :
يەکەم: کارى لێپرسراوى نووسينگەى بەڕێزتان چەند ئەرکێکى گرنگە، جوێندان و گاڵتە بە خەڵک و سووکايەتى تێدا نييە. فەرموون کارنامەى نووسينگەکەتان بڵاوبکەنەوە!
دووەم: لێپرسراوى نووسينگەکەتان بەبێ پرس و ئاگادارى بەڕێزتان لەخۆڕا پەلامارى خەڵک دەدات، يان بەڕێزتان بەشێوەى ديکتات (تلقين) دەرست داداون!
سێيەم: گريمان بەڕێزتان ئاگاتان لێنەبووە. ئەوکاتە دەبێ ڕوونکردنەوه بەناوى نووسينگەکەتانەوە بڵاوبکرێتەوە، کە فڵان کوڕى فڵان بەبێ ئاگادارى و ڕەزامەندى و دەست لە پشتدانى بەڕێزتانەوە ئەم کارەى کردووە.
ئەم دووانە بە چاوقايمى و هەر بۆ تەحەدا ناوى ئاشکراو شوێنى وەزيفەى خۆيان نووسيوە!
لە زيندانەوە بۆ بريتانياى گەورە
لەساڵانى ڕابوردوو چەند کەسێک بە ئەرێنى و بە نەرێنى قسەيان لەسەر گرتنى بەڕێزتان کردووە. بەشێک نووسيويانە خۆڕاگربووە و پاژەکەى تر دەڵێن: سێ مانگ زيندانى کراوه و باوکى فرياى کەوتووه و ئازادى کردووە. من لە بابەتێک نادوێم سەد لەسەد دڵنيا نەبم!
دەمەوێ پرسيارێک دەربارەى پاسپۆرت وەرگرتن و ڕەزامەندى ئەمن و ڕێگەپێدانى ئەوان بکەم بۆ ئەوانەى زيندانى دەکران. هەروەکوو بيرم بکەوێتەوە لەسەردەمى بەعس (حظر) مۆڵەتنەدان بە سەفەرى زيندانيە سياسيەکان پەپڕەوى دەکرا. ساڵى 1976 ئەندامێکى کۆمەڵە گيراو دانى بە (هيچ) دا نەنا و پاش چەند مانگێک ئازاد کرا. تا ماوەى چوار ساڵيش ڕێگاى سەفەريان بۆ دەرەوەى عيراقيان لێگرت.
ئەوکاتە بەعس قانونێکى دانابوو، هەر کەسێک زيندانى بکرێت تا ماوەى (5) ساڵ بۆى نەبوو بۆ دەرەوەى وڵات سەفەر بکات. ئەم قانونە لەرۆژنامەى ڕەسمى (الوقائع العراقية) دا بڵاوکراوەتەوە. باشە ئەو نزيکەى دوو مانگ دەستبەسەر بووە. مانگى حوزەيرانى 1979 بەشدارى لە تاقيکردنەوەى بەکالۆريا کردووە. بە يەکەميش دەرچووە. پاش ماوەيەکى کوورت (چەند هەفتەيەک) پاسپۆرتى بۆ دەردەکرێت. بەڕێوەبەرايەتى گشتى ئەمنى عيراق، ڕەزامەندى لەسەر داواکەى دەردەبڕێت و ڤيزە لە پاسپۆرتەکەى دەدەن. ڕێگەش دەدرێت بۆ خوێندن مانگانە پارەى بۆ بچێت!
من پێمباشە دکتۆر ڕوونکردنەوەيەک بدات، چونکە دۆستەکانى ڕۆژانە چيرۆکەکە دەگێڕنەوه و وەڵامى دڵنياکەريان لا نييە!
بەڕێز دکتۆر
لاى بەشێک لە هەڤاڵانى (م.س) دەنگۆيەکم بيست، گوايە بەڕێزتان فەرمووتانە: من داواى بينينى بەڕێزتانم کردبێت و بەڕێزتان ڕەفزتان کردبێت، بۆيە من بە (تووڕەييەوه) وتارەکەم نووسيوە. لاى کێ داوام پێشکەش کردووە؟ ئەوە گەزو ئەوە مەيدان! فەرموون با بە بەڵگە وە قسەکانيان بکەن و منيش کەناڵى ئاسمانى زۆرو زەبەندم لەبەردەستدايە. قسەى واشم کردبێت هەر زۆر ئاساييە. من کێشەم نە لەگەڵ بەڕێزتان و نە لەگەڵ هيچ کەسێکى ناو يەکێتى و دەرەوەى يەکێتى هەيە. من دژى هەموو باڵ و تەکەتوڵاتى ناو يەکێتيم! بەڕاستى حەياى خۆيان و کورديشيان بردووە. هەر هەموو خەريکى ملشکاندنى يەکترن. من پێمخۆشە هەمووو گەلى کورد يەکگرتوو بێت، چجاى يەک هەڵوێستى نێو ماڵى يەکێتى!
بەڕێزتان بۆ بەرژەوەندى خۆتان پڕۆسەى سياسى کوردستانتان لە گرێژەنە دەرکرد و ئێستاش شانازى بەوەوە دەکەن تەکەتولەکەتان سەرکەوتووە. ئەم جۆرە سەرکەوتنە لەدۆڕان ناخۆشترە.
من ئەم نامەيە و وتارەکەم بە زمانى گوڵ نووسيوه و هەرگیز لەدڵم نايەت زمانى زبرو دڕکاوى بەکاربهێنم، بەتايبەتى لەگەڵ کەسانێک دووجار پێکەوە قاوەيەکمان خواردبێتەوە!
بەهيواى سەلامەتى و تەندرووستى باش
هاووڵاتى
مامۆستا جەعفەر
#26-07-2019#
[1]