$ئێراق، ساڵی 10 دۆسیە گەورەکە!$
#عادل باخەوان#
#09-01-2022#
ئەمڕۆ یەکەم کۆبوونەوەی خولی نوێی پەڕڵەمانی ئێراقە و هەروەها دەستپێکی ساڵی 2022وە. لەم چرکەساتە گرنگەدا هەرێمی کوردستان و ئێراق رووبەڕووی 10 دۆسیەی یەک لە یەک ئاڵۆزتر و فرەڕەهەندتر و قەیراناویتر دەبنەوە و مامەڵەکردن لەگەڵ هەر یەکێکیاندا وەک گوزەرکردنە بەنێو کێڵگەیەک لە میندا. هەر یەکێک لەو دۆسیەیانە، بێگومان لە ئاستی جیاوازدا، پەیوەندی بەتەواوی ئێراقییەکانەوە، هەر لە فاوەوە تا #زاخۆ# هەیە و چۆنییەتیی ئیدارەکردنی هەر یەکێک لەو دۆسیانەش، کاریگەریی بەسەر تەواوی ئێراقییەکانەوە، بە جیاوازی نەتەوە و ئایین و مەزهەبەوە، دادەنێت. من لەم بابەتە کوورتەدا هەوڵدەدەم بەخێرایی ئاماژە بە هەر یەکێک لەو دۆسیانە بدەم و تیشک بخەمە سەر ڕەگەزە پێکهێنەرەکانی و گرەوە یەکلاییەکەرەوەکانی.
1$. پێکهێنانی حکومەت$
لە #10-10-2021#وە هەڵبژاردنی نیشتمانی لە ئێراقدا کرا و بە بۆچوونی من یەکەم وانەیەکیش کە ئەم هەڵبژاردنانە پێیان وتین بریتییە لەوەی کە لە ئێراقدا شتێک نییە بەناوی هەڵبژاردنی نیشتمانی و ئەوەی هەیە سێ هەڵبژاردن لە سێ ڕووبەری دابەشبووی کورد و سوننە و شیعەدایە و هەر یەکێک لەم ڕووبەرانەش بەپێی لۆژیک و بەرژەوەندی و نۆرم و ستراتیژیەتی لۆکاڵیەوە، نەک نیشتمانییەوە، بەڕێوەدەبرێن و ئەوەی بۆ شیعە گرنگ و ئەولەویەتە مەرج نییە بۆ کورد و سوننە گرنگ و ئەولەویەتبێ.
وانەی دووەمی هەڵبژاردنەکان بریتییە لەوەی کە تاوەکو ئاستێکی زۆر بەرز پشکی شیعە بە شیعە و کورد بە کورد و سوننە بە سوننە یەکلاییدەبێتەوە و کارایی هەر یەکێک لەو گرووپانە بۆ یەکلاییکردنەوەی پشکی گرووپەکانی دیکە تەنیا کارایی پەراوێزین نەک یەکلاکەرەوە. لە کۆتاییدا سوننەکان خۆیان لەسەر سەرۆکی پەڕڵەمان یەکلاییکردەوە و شیعەکان لەسەر سەرۆکوەزیران لە گفتوگۆدان و کوردیش لەسەر سەرۆککۆمار دەبێت ڕێکبکەون و دیمەنە دراماتیکییەکەی 2018 دووبارەنەکەنەوە، من ئاگاداری تەواوی ئاڵۆزییەکانی ڕێککەوتنم لەسەر ئەکتەرێک بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، بەڵام تا نووسینی ئەم بابەتە، ڕووبەرێک بۆ ڕێککەوتن هەر ماوە، بەتایبەتی کە تاوەکو ئێستاش خواستی کۆی پێکهاتەکان ئەوەیە کە دەستوەرنەدەنە بژاردەی یەکدی! درووست وەک ئەو مامەڵەیەی کە ئێستا کورد و سوننە لەگەڵ شیعەدا دەیکەن و نایانەوێت لەنێوان بەرەی (ئیتار) و بەرەی (تەیار) دا یەکێکیان هەڵبژێرن. بەڵام لە هەمانکاتدا تێبینی ئەوەشدەکەین کە ئەم کۆدەنگیە دەکرێت لە دۆخێکی تایبەتدا بشکێنرێت و پێکهاتەکانی دیکە ناچاربن دەستوەردان بکەن بۆ یەکلاییکردنەوەی بژارەیەک!
وانەی سێیەمیش ئەوەیە، کە کۆدەنگی کورد و سوننە و یەکلاییکردنەوەی چۆنییەتیی بەشدارییان لە حکومەتدا، بەبێ کۆدەنگی و یەکلاییکردنەوەی چۆنییەتیی بەشداریی شیعە، کۆی یارییەکە یەکلایی ناکاتەوە و تاوەکو شیعە فیکەی دەستپێکردنی یاریەکە لێنەدات، سوننە و کورد دەبێت هەر لە پەراوێزەکاندا چاوەڕێبن.
2$. کشانەوەی فەرمی هێزە جەنگییەکانی ئەمریکا$
بەپێی ڕێککەوتنی ستراتیژیی نێوان واشنتۆن و بەغدا، لە #31-12-2021#دا، هیچ هێزێکی شەڕکەری ئەمریکی لە ئێراقدا نامێنێت و ئەو 2500 سەربازەش کە دەمێننەوە ئەرکەکانیان دەگۆڕێن بۆ پشتیوانیی هێزە ئێراقییەکان لە چەند بوارێکی جیاوازدا. لە ڕاستیدا ئەمە تەنیا دیوی دەرەوەی شتەکانە و ئەوەی کە گرنگترە ئەو شتانەن، کە لەو دیوی پەردەکانەوە دەکرێن و بڕیاریان لەسەر دەدرێت.
بەپێی زانیاریی من، لە مانگی یەکی ساڵی 2018وە، هیچ سەربازێکی ئەمریکی ڕاستەوخۆ بەشداریی جەنگی نەکردووە و لەسەر ئاستی پراکتیکی شتێک لە ئێراقدا بەناوی هێزی شەڕکەری ئەمریکی نەماوە، بەو مانا باوەی کە لەنێوان (2003-2018) دا لە ئێراقدا تێبینیکراوە. لە 2018وە تاوەکو ئێستا ئەوەی هەیە تەنیا پشتیوانیی هەواڵگری و پێگەیاندن و ئیدارەکردنی ئاسمان و چاودێریکردنی ئێراقە و بەس.
ئەوەی لەم ڕێککەوتنە ستراتیژیەدا کرا، زیاتر دیاریەکی ئەمریکییە کە وەک کارتی گوشار دەدرێتە دەست مستەفا کازمی، بۆئەوەی لەبەرانبەر ڕکابەرەکانیدا بەکاریبهێنت. ئەوێک کە نە پارتی سیاسی هەیە، نە لیستی پەڕڵەمانی، نە مێژووی سیاسی، نە بنکەی جەماوەری جێگیر، بۆ سەپاندنی لایەنی کەمی هەژموونی خۆی بەسەر گۆڕەپانەکەدا، پێویستی بەم جۆرە لە کارتی گوشار و پشتیوانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا و وڵاتانی عەرەبی هەیە و لە ڕاستیشدا جگە لەم جۆرە لە پشتیوانی سەرمایەیەکی دیکەی ڕەمزیی بەدەستەوە نییە بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆی بەسەر ئەو ئەکتەرە سیاسییانەدا، کە لەنێو پەیوەندییەکانی هێزدا ڕووبەڕووی وەستاون.
3$. پرسی میلیشیا$
لە #09-04-2003#دا، هێزەکانی ئەمریکا بەغدا داگیردەکەن. لە 10ی مایسی هەمان ساڵدا، پۆل بریمەر دەگاتە بەغدا، لە 23ی مانگدا سوپای ئێراق و هەموو ئەو دەزگایانەی کە سەربە وەزارەتی بەرگری و ناوخۆن هەڵدەوەشێنێتەوە و پاشان بۆ بیناکردنەوەیان بە پلەی یەکەم پەنادەباتە بەر بەشێکی زۆری ئەو میلیشیایانەی، کە دژی ڕژێمەکەی سەدام حسێن جەنگاون و لەبەرەی ئەمریکادا بوون. لێرەوە یەکەم هەنگاوی بەمیلیشیاکردنی دەوڵەت لە ئێراقی نوێدا دەستپێدەکات.
پاش سەرهەڵدانی خەلافەتەکەی #داعش# و فەتوا بەناوبانگەکەی ئایەتوڵڵا سیستانی لەسەر جیهادکردن لەپێناوی ڕزگارکردنی نیشتماندا، پرۆسێسی بەمیلیشیاکردنی دەوڵەت و کۆمەڵگە لە ئێراقدا پێدەنێتە ڕووبەرێکی یەکجار فراوانەوە و بەتەواوی جەستەی وڵاتدا دەکشێت و ژمارەی گرووپ و کەتیبە و ڕێکخراوە میلیشیاییەکان بە ڕادەیەکی یەکجار بەرچاو بەرزدەبێتەوە و لەنێوان 60 بۆ 80 گرووپدا هەڵبەز و دابەز دەکەن.
میلیشیای ناسیۆنالیست، میلیشیای نزیک لە ئێران و میلیشیای مەرجەعیە و میلیشیای ناکۆنترۆڵکراو، لە ساڵی نوێدا ئیدارەکردنی ئەم دۆسیەیە یەکێکە لە پرسە هەرە ئاڵۆزەکانی دەوڵەتی ئێراقی، کە دەکرێت تا بەریەککەوتن و جەنگی ناوخۆ بیبات و هەر ئەمڕۆش تەرمی یەکێک لە فەرماندەکانی سەرایا سەلامی سەر بە ڕەوتی سەدر بەناوی موسلیم عیدان کەعبی، لە زبڵدانێکی گەڕەکی شیشاى عیمارە ناوەندی پارێزگای میسان دۆزراوەتەوە و بەپێی سەرچاوەیەکی پۆلیسی پارێزگاکە شوێنەواری زیاتر لە 10 گوللەی بە جەستەیە وە بووە.
4$. یەکگرتنی هێزی پێشمەرگە$
پرسی پێشمەرگە لەوە دەرچووە بە تەنیا پەیوەندی بە پارتی و یەکێتی و تەنانەت هەرێمی کوردستان و ئێراقیشەوە هەبێت، چونکە چەندین وڵات، زیاتر لە چەند ساڵێکە و لە چەندین ئاستدا سەرقاڵی هێزەکانی پێشمەرگەن و یەکێک لە سەرئێشەکانیان بریتییە لە پەرتەوازەیی ئەم هێزە گرنگە لە ئێستای ئێراقدا و بۆ دەربازبوون لەم پەرتەوازییەش داوای یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دەکەن.
لە ڕاستیدا بەکارهێنانی وشەی یەکگرتنەوە دەمانخاتە بەردەم گریمانەی ئەوەی، کە ئەم هێزانە لە ساتەوەختێکدا یەکبوون و ئێستا لە یەکدی ترازاون، لەکاتێکدا هەرگیز یەکنەبوون و هەمیشە پێشمەرگەی حیزب بوون، بۆیە باشتر وایە کە ئێمە باس لە یەکگرتن نەک یەکگرتنەوەیان بکەین.
یەکنەگرتن و ڕێکنەخستنی پێشمەرگە لە چوارچێوەی سوپایەکی نیزامیدا، کە تەنیاوتەنیا سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت، وایلێدەکات لەبەرانبەر هەڕەشەی داعشدا، لەبەرانبەر پارێزگاریکردن لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستاندا، لەبەرانبەر پرسی ئاشتیی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە کوردستاندا و تەنانەت لەبەرانبەر پرسی ڕێکخستنی پەیوەندییەکانی هێز لەگەڵ ئێراقی سوننە و ئێراقی شیعەدا، وەک پێویست کارا نەبێت.
من لە دواسەفەری مانگی ڕابردووم بۆ کوردستان، هەستم بە جۆرێک لە ماندووبوونی ئەو وڵاتانەی یەکێتیی ئەوروپا کرد کە سەرقاڵی ئەم دۆسیەیەن و گەر بەمشێوەیە بەردەوامبێت، دوور نییە ئەو ماندووبوونە وایان لێبکات دەست لە دۆسیەکە هەڵبگرن، بۆیە یەکێک لە گرەوە گرنگەکانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی نوێدا بەدڵنیاییەوە بریتی دەبێت لە یەکلاییکردنەوەی ئەم یەکگرتنەی هێزی پێشمەرگە بە پشتیوانیی ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپا.
5$. گەڕانەوەی داعش$
لە مانگی دیسەمبەری 2017دا سەرۆکوەزیرانی پێشووتری ئێراق، حەیدەر عەبادی، لە پاریس و لە کۆشکی ئێلیزێوە و لە بەردەم کامێراکانی دنیادا وتی: (داعش تەواو، داعش بۆ هەمیشە کۆتاییپێهات) . بەڵام ئەوەی لە دیسەمبەری 2021 ڕوویدا پێچەوانەی ئەم بانگەشەیەی عەبادی بوو.
چەندین هێرش بۆسەر سوپای ئێراق و #حەشدی شەعبی# و هێزەکانی پێشمەرگە، چەندین شەهید و بریندار و چەندین کەسی بە بارمتەگیراو و چەندین سەری بڕاو دەریدەخەن، کە داعش هەڕەشەیەکە لە پێشمانەوە، نەک ڕووداوێکی تێپەڕ لە دوامانەوە. ئەم هەڕەشەیەش لەیەککاتدا کولتووریە، کۆمەڵایەتییە، سیاسییە، پێش ئەوەی سەربازی و ئەمنی و هەواڵگری بێت. کاتی ئەوە هاتووە بەغدا و #هەولێر# بیر لە ستراتیژییەتێکی جیاواز بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دیاردەی داعش و بوونە داعش لە ئێراق و هەرێمی کوردستاندا بکەنەوە، گەرنا سبەینێ لە دوێنێ ناشیرینتر دەبێ.
6$. گەڕانەوەی وڵاتانی عەرەبی بۆ ئێراق و هەژموونی ئێرانی$
یەکێک لەو فاکتە کۆنکرێتییانەی ساڵی ڕابردوو بریتییە لە ئارەزوویەکی بەهێزی وڵاتانی عەرەبی بۆ گەڕانەوە بۆ ئێراق. ئەم گەڕانەوەیە بایەخی تایبەتی خۆی هەیە، چونکە لە 2003دا، کاتێک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئێراق داگیردەکات، بەشێکی هەرە زۆری وڵاتە عەرەبییە کاراکان بایکۆتی ئێراقی نوێیان کرد و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بەغدا پچڕاند. ئەمەش دەرگەیەکی گەورەی بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران کردەوە بۆ ئەوەی بەچەندین میکانیزمی جیاواز، هەژموونی خۆی بەسەر ئێراقدا بسەپێنێت.
گەڕانەوەی وڵاتانی عەرەبی بۆ ئێراق، هەم خواستی بەشێک لە ئەکتەرە ئێراقییەکانە و هەم خواستی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپایە و هەم خواستی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاشە. یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم گەڕانەوەیە درووستکردنی هاوسەنگییە لەگەڵ هەژموونی ئێران لە ئێراقدا، بەتایبەتی پاش ئامادەیی گفتوگۆکردن لەسەر گریمانەی پاشەکشەکردنی ڕێژەیی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
7$. فۆرمێکی نوێی سیاسی$
چەندین پایتەختی گرنگی وڵاتانی سیستمی ئینتەرناسیۆنال، وەک بەشێکی زۆر گرنگ لە خودی ئێراقییەکان، گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی ئەو فۆڕمەی ئێراقی نوێی لەسەر بیناکراوە شکستی هێناوە و وەک پێویست وەڵامی داواکاری و چاوەڕوانیی ئێراقییەکان ناداتەوە. سەرهەڵدانی تیرۆریزم، بەهێزبوونی ڕووحی تائیفیەت، گەشەکردنی دیاردەی میلیشیاگەرایی، هەرەسی دەزگا خزمەتگوزارییەکان، لەرزۆکیی مۆنۆپۆلی دەوڵەت بەسەر زەبروزەنگدا، ... بەڵگەن لەسەر ئەوەی کە ئەو فۆرمە ئێراقی گەیاندووەتە کۆڵانێکی داخراو.
بۆچوونەدەرەوەش لەم کۆڵانە داخراوە، ئیدی ڕەنگە کاتی ئەوە هاتبێت ئێراقییەکان، بە هاوڕێیەتی وڵاتانی سیستمی ئینتەرناسیۆنال، بەدوای فۆرمێکی دیکە لە دەوڵەت و دەوڵەتداریدا بگەڕێن. هێندەی من ئاگاداربم ئەم ئیشکالیەتە لە چەندین بەیەکگەیشتندا و دوور لە چاوی کامێراکان باس کراون و دەکرێت لە 2022دا ئەم گفتوگۆیانە بپەڕنەوە بۆ ئەم دیوی کەوالیسەکان و بخرێنە بەردەم کامێراکان.
8$. جەنگی تورکیا و #پەکەکە#$
جەنگی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان لەوە دەرچووە، کە تەنیا ململانێیەکی خوێناوی نێوان دەوڵەتێکی سەربەخۆ و یەکێک لە گرووپە ڕادیکاڵە ناڕازییەکەی بێت. زیاتر لە هەر وڵاتێکی دیکە ئێراق بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی بەم جەنگەوە تێگلاوە و دەرەنجامە سووتێنەرەکانی هێندەی بەسەر هەرێمی کوردستانەوەیە، نیو هێندە بەسەر تورکیا و باکووری کوردستانەوە نییە.
لێرەوە، هەلومەرجی بابەتی ڕێگە نادات هەرێمی کوردستان، بۆ نموونە وەک عەرەبی سعودیە یان ئوردن، تەنیا تەماشاکاربێت و چاودێریی ڕووداوەکان بکات. بەپێچەوانەوە، هەرێمی کوردستان ناچارە بەوەی هەموو ڕێگەکان بگرێتەبەر بۆ ئیدارەکردنی ئەم دۆسیە ئاڵۆزە.
بەدیوێکدا هەرێمی کوردستان لە بەردەم تورکیایەکدایە، کە چاوی بازرگانی و چاوی ئاساییش و چاوی هەژموونی نەک هەر لەسەر کوردستانە، بەڵکوو لەسەر تەواوی ئێراقیشە و بەدیوێکی دیکەشدا هەرێمی کوردستان لە بەردەم پەکەکەیەکدایە کە نەک هەر باکووری کوردستان، بەڵکوو دەیەوێت هەژموون بەسەر هەر چوارپارچەی کوردستانیشدا بکات. هەرێمی کوردستان لەنێوان پارادۆکسی عەقڵی دەوڵەت و سۆزی پۆپۆلیزمدا، پێویستیی بە موعجیزەیەکە بۆئەوەی نەکەوێتە نێو ئەو داوانەی کە بۆی دانراون، گەرنا باجەکەی بەهەر دیوێکدا بێت زۆر گران دەکەوێت!
9$. هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان$
هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستاندا یەکێکە لەو دۆسیە گەورانەی کە بەڕێوەن و بەدڵنیاییەوە دەرەنجامەکانی کاریگەریی دادەنێن بەسەر پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دواتر ئاڕاستە سەرەکییەکانیەوە. دوور نییە بەشێک لە دۆڕاوەکانی هەڵبژاردنەکانی ئێراق (مەبەستم لەنێو ڕووبەری میکۆر حیزبەکاندایە) ، ببنە براوەی ڕێژەیی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەش بە جۆرێک لە جۆرەکان دەستکاری پێگەکان لەنێو کێڵگەی سیاسیدا دەکات.
بەپێی بەشێکی زۆری پێشبینیەکان، هەڵبژاردنی ئەمساڵ بۆ پارتی و یەکێتی تەنیا هەڵبژاردنی سەلماندنەوەی هەژموونی ئەوانن لەنێو کێڵگەی سیاسیدا، بەڵام گرەوی سەرەکی دەبێت بەوەی تاوەکو چەند سەرکەوتوودەبن لە ئیدارەکردنی جیاوازییەکانیان بەشێوەیەکی دیموکراتیانە، تاوەکو چەند سەرکەوتوو دەبن لە پێکهێنانی حکومەتێکدا، کە لەبری عەقڵی حیزب عەقڵی دەوڵەت بکات بەپێوەری پلاندانان و جووڵانەوە و کشان بەنێو جیهاندا؟
10$. پرسی کۆچ و گرفتی گەنجان$
لە کۆتاییەکانی 2021دا پرسی کۆچی بەکۆمەڵی گەنجانی ئێراق بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی، ڕەهەندێکی جیهانیی وەرگرت و زۆر بەدەگمەن کەناڵێکی ڕاگەیاندنی جیهانی نەما بەچڕی باس لەم ڕووداوە نەکات. کۆچی گەنجان لەوە دەرچووە کە تەنیا کۆچی چەند حاڵەتێکی تاقانەبێت و جارجارە ڕووبدەن، بەڵکوو بووەتە دیاردەیەکی سۆسیۆلۆژی و بەردەوام و لەسەر ئاستی دەستەجەمعی خۆی بەرهەمدێنێتەوە.
ڕاستە چاولێکەری و مافیا و جیۆپۆلیتیک ڕۆڵی گرنگیان هەیە لە بەردەوامبوونی ئەم دیاردە سۆسیۆلۆژیە کوردی و ئێراقییەدا، بەڵام ئەوەش ڕاستە کە هەلومەرجی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت کولتووری و پەروەردەیی هۆکارە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنان و بەرهەمهێنانەوەی ئەم دیاردە کۆمەڵگەییەن، کە کاریگەریی نەرێنی یەکجار گەورەیان بەسەر پێگەی هەرێمی کوردستان لەنێو جیهاندا داناوە. دەکرێت ساڵی 2022 بکرێت بە ساڵی کارکردنی جیدی لەسەر ئەو هەلومەرجە بابەتیانە و بەبێ ئەوەش ڕێگەیەکی دیکەی چارەسەر لە بەردەم هەرێمی کوردستان و ئێراقدا نییە. [1]