بەبۆنەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەريی کوردی و دەرچوونی یەکەم ژمارەی #ڕۆژنامەی کوردستان# لەلایەن ڕەوانشاد میر میقداد مەدحەت بەردخان و ساڵیادی دامەزراندنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، گەرمترین پیرۆبایی لە ڕۆژنامەنووسان و ڕاگەیاندنکارانی کوردستان دەکەم و هیوای پێشکەوتن و بەردەوامیان بۆ دەخوازم.
بزاڤی ڕۆژنامەگەری و ئازادی بیروڕا و ڕاگەیاندن لە هەرێمی کوردستان، لە پەرەپێدان و گەشەپێدانی بەردەوامدایە و حکومەتی هەرێمی کوردستان ، بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردن لە ئازادی ڕاگەیاندن و ڕەخساندنی ژینگەیەکی تەندروست بۆ ڕۆژنامەنووسان بۆ ئەوەی ئازادانە و لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکان و ئیتیکی کاری ڕۆژنامەوانی و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان، کار و ئەرکەکانیان بەجێ بگەیەنن.
هیوادارم ڕۆژنامەنووسان و میدیاکارانی کوردستان، کاربکەن لە پێناو برەودان و پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و کولتووری بەیەکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی و گرنگیدان بە پرسە نیشتمانییەکان و داکۆکیکردن لە ئەزموونی هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی یاسایی و دەستووری و جێی هیوای هەموو کوردستانیان.
ئومێدەوارم ئامانجی سەرەکیی میدیاکارانی کوردستان، گەیاندنی ڕاستی و زانیاری باوەڕپێکراو و هاوسەنگ و خزمەتکردنی خەڵک و هاووڵاتیانی کوردستان و بەرگریکردن بێت لە مافەکانی خەڵکی کوردستان. نابێت دەزگاکانی ڕاگەیاندن، ببنە سەکۆیەک بۆ بڵاوکردنەوەی هزری توندڕۆیی و هاندانی توندوتیژی و سووکایەتیکردن بە خەڵک و بەها و سیمبۆلە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان .
لەم یادەدا بە ڕێز و پێزانینەوە، یادی هەموو ئەو ڕۆژنامەونووس و نووسەر و ڕۆشنبیرانەی کوردستان دەکەینەوە کە بە بیر و بەرهەمەکانیان، خزمەتێکی زۆری زمان و ڕۆشنبیریی کوردیی و دۆزی ڕەوای گەلی کوردستانیان کرد و گیانیان لەم پێناوەدا بەخت کرد. [1]
#مەسرور بارزانی#
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بەڵگەنامەیە کێشەی رێنووس و رێزمانیی هەیە، کوردیپێدیا بەمەبەست هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=