#بەرهەم ئەحمەد ساڵح# ، پێشنیارەکانی جێگە دەگرن؟.
#نیازی برایم#
لە فۆڕن پۆلیسی لە 24 ی ئەم مانگە، بەرهەم ساڵح سەرۆککۆماری پێشووی ئێراق، وتارێکی بە ناونیشانی دوای 20 ساڵ لە ڕزگاری ئێراق پێویستی بە چاکسازی ڕیشەیی هەیە ، بڵاوکردۆتەوە.
وتارێکە ئەگەر کەسێک لە دەسەڵات نەبوو بێت، هەرچەندە وتارێکی سەرپێییە، لێ گرنگە. تێیدا هەڵسەنگاندنەکان بۆ ڕەوشی ئێراق ئەگەر کەم کوڕیشی هەبێت، لە جێدایە، لێ بەهۆی ئەوەی خودی بەرهەم ساڵح بەشێک بووە لە دەسەڵات لە هەرێم ولەناوەند، گومانێک دەخرێتە سەر هۆکاری نووسینی ئەم وتارە لە هەلومەرجێکی ئاوای ئێراق، بەتایبەتی دوای ئەوەی هەر فۆڕنپۆلیسی ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە ئەو دەسەڵاتەی لە هەرێمی بە کارتۆن حەسباند.
- ئایا ئەگەر بۆخۆی ئێستا سەرۆککۆمار بوایە، وتارێکی بەم شێوە دەنووسی؟
- ئەو خاڵانەی سەرنجم هەیە لەسەری ئەمانەن:
- ڕاستە ڕەوشی ئێراق خراپە، لە ڕاپۆرتەکەدا باسی زۆرخاڵی نێگەتیڤی کردووە و واقعییە، لێ باسی لە کاریگەریی هەژمونی دوو دەوڵەتی وەک تورکیا و ئێران نەکردووە کە چتۆ ڕۆڵیکی هیجگار خراپ دەگێڕن لەو ماڵوێرانییە ئێراق، دەکرێت ئەو دەستوەردانی ئەو دوو دەوڵەتە بەهۆکاری سەرەکی هەژمار بکەین. تاکەی خاتری ئەو دوو دەوڵەتە ئیسلامییە تیرۆریستییە دەگرێت؟
- باسی لە گۆڕینی دەستوور کردووە، بێ ئەوەی لا لەو ئالیەتە بکات کە دەستووری پێدەگۆڕدرێت. نە هەلومەرجی ئێستا وەک 2005 ە بەتایبەتی تەواوی خەڵکی ئێراق جگە لە هەرێم، نە خودی خەڵکی کوردستان هەمان پابەندبوونی بەو دەسەڵاتە تاڵانچییە هەیە. دەستوور گۆڕین پێویستی بە دەنگی خواروو و ناوەندی ئێراقە، ئەگەر دەستوور بخرێتە دەنگدانەوە گەرەنتی نییە بۆ سەرلەنوێ داننان بە فیدراڵیزمی ئێراق و هەرێمی کوردستانیش وەک هەرێمێکی سەربەخۆی ناو ئەو فیدڕالییە دەنگی لەسەر بدرێ. خۆ ئێستا خودی هەرێم بە فەرمانی دەوڵەتی تورکیا، یەکگرتوو نییە و پارچەیە پارچەیە.چۆن دەتوانی خەڵکی ئێراق قەناعەت پێبهێنیت بۆ دەنگدان بۆ هەرێمێکی پارچەپارچە وەک هەرێمێکی سەربەخۆ لەناو ئێراقێکی فیدراڵی؟. لە گۆڕینی دەستوور، هەژمونی ئێران و تورکیا بەسەر هێزە بەناو سیاسییەکانی ئێراق، شیعە و سونە دەبێت، هەرێمی باشووری کوردستان هەڵدەوەشێتەوە. بانگەشەی بەرهەم ساڵح بۆ بابەتێکی ئاوا بێ خۆشکردنی زەمینەی لەبار، مەترسیدارە.
- باسی گۆڕینی سیستەمی حوکمڕانی لە پەڕڵەمانی بۆ سەرۆکایەتی دەکات، وەک فریادرەسی دادەنێت بۆ دەربازکردنی ئێراق لەو ڕەوشە خراپەی کە تێیکەوتووە. لەوەدا ڕاستییەکی ئەوتۆ نابینم ، چونکە خۆ ئەوەتا سیستەمی حوکمڕانی ئێران و تورکیا سەرۆکایەتییە، ڕەوشی گەلانی ئێران و تورکیا لەچ حاڵێکدایە؟ پرسەکە لە ئێراق هەژمونی ئەو دوو دەوڵەتەیە بەسەر کۆی سیاسەت لە ئێراق و هەرێم. هەمان مۆدێلی مالوێرانی خۆیان لە ئێراق تاقی دەکەنەوە، بۆیە ئەو سیستەمەی کە بەرهەم ساڵح بانگەشەی بۆ دەکات، نابێتە چارەسەریی، چارەسەریی لەوەدایە حزبە سیاسییەکان خاوەن ئیرداەی سەربەخۆ و دیموکرات بن، تا ئەوە نەبێت، بە هیچ سیستەمێک، ڕەوشی ئێراق چاک نابێت.
- بەرهەم ساڵح بۆ کێشەکانی ئێراق و هەرێم، پەنا دەباتە بەر هەڵەیەک، ئەویش جێگیرکردنی سیستەمی کۆنفیدراڵیزمە. هێشتا ئەو بەڕێزە لەوە نەگەیشتووە کە سیستەمی کۆنفیدراڵیزم لەنێو دوو دەوڵەتی خاوەن سەروەریی دەبێت و ئەندام بن لەنەتەوە یەکگرتووەکان. هەرێمی باشووری کوردستان دەوڵەت نییە تا سیستەمی کۆنفیدراڵیزمی لەگەڵ ئێراق پێکبهێنێت. یەکێتی ئەوروپا کۆنفیدراڵیزمە، مەجلسی هاریکاری کەنداوی عارەبی جۆرێکە لە کۆنفیدراڵیزم. پێم سەیرە لە بەرهەم ساڵح وەک کەسێکی سیاسی و خاوەن پۆستێکی وەک سەرۆککۆماری، ئەو زانیارییە نەبێت؟
- بەراستی لە هەمووشی کۆمیدیتر وەک زۆرێک لە ئێمە ئەو سیستەمەی ئێراق بە سیستەمێکی ئۆلیگارشی و کلیپتۆکراسی (سیستەمی گەندەڵکار)، ناودەبات. لە بیری چووە، کە بێ دەنگ بوو لەو 5 یا 6 ملیار دۆلارەی شیرینیە نەوت کە پدک بەتاڵان بردی. ڕاستە لە پەڕڵەمان باسی لێوەکرد، بەڵام بۆچی دواتر لێی بێدەنگ بوو؟. [1]