بۆچی سەرچاوەکانی وزەی کوردستان نابنە هۆی پێشکەوتنی؟
ئامادەکردن: #مەدیحە سۆفی#
دەستپێکی چەرخی وزەی تەقلیدی (نەوت و گاز) دەگەڕێتەوە بۆ دۆزینەوەی نەوتی کێڵگەکانی پەنسلڤانیا لە ساڵی 1859دا، لەو کاتەوە وڵاتانی ڕۆژاوا گەیشتنە ئەو ڕاستییەی کە بوونی وزە، واتە گەیشتن بە ڕێزبەندی مۆدێرنێتی، گەشەکردن، پەرەسەندن، دەستەڵاتی ئابووری توانای کێبڕکێکردن لەسەر پێگە و دەستەڵات و لەسەر ئاستی جیهاندا بەگشتی. هەر لەو کاتەوەش ئەو وڵاتانە دڵنیابوون لەوەی؛ وزە بڕبڕەی پشتی پیشەسازی و داهێنان و زانستە، مەرجی سەرەکیبوونی دەستەڵات و هەژموونە، بناغەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی کاڵا و کەلوپەل و پێداویستییەکانە، بەڵام دیوێکی دیکەی بوونی وزە، بەتایبەتی بۆ ئەو دەوڵەتانەی خاوەن وزە و سامانی سرووشتین، ئەوەیە کە زەمینەی چەکەرەکردنی ڕژێمە دیکتاتۆر و زۆردارەکانە، هۆکاری قۆرخکردن و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و چەقبەستوویی دەستەڵاتەکانە، مایەی شەڕ و نائارامی و نادادپەروەریشە، ئەوەی وزەی هەبێ دەستەڵاتێکی ڕەهای هەیە، هەر لەژیر سایەی ئەو دەستەڵاتەشدا دیموکراتی دەکوژێتەوە، تاکڕەوی پێدەگرێ، چینی ناوەڕاست تەنک دەبێتەوە، نموونەی ئەم جۆرە حوکمڕانانە لە دەڤەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کەم نین.
لە ئێستادا تەکنەلۆژیای نوێ و هەنگاوە نوێیەکانی پێشکەوتن و داهێنان، زانست و بەدواداچوونە بەردەوامەکانی شارەزا و پسپۆرەکانی بواری جیۆلۆژی و بایۆلۆژی، لە ئەگەری تەواوبوونی وزە و وشکبوونی کێڵگەکانی نەوت و گازدا، ڕا و بۆچوونی جیاوازیان هەیە، بەڵام ئەوەی لەسەری کۆکن ئەوەیە، کە مرۆڤایەتی ناتوانی وا بەسانایی دەستبەرداری ئەو وزەیە ببێ کە شەڕ و ئاشتی پێکەوە گرێدەدات، چونکە وزە پاڵنەر و بەردەوامیدانی شەڕی جیهانی دووەم بوو، لە هەمان کاتدا، وشککردنی سەرچاوەی وزە بۆ سوپای هیتلەر، هۆکاری سەرەکیی دۆڕان و شکانی سوپا و دەستەمۆکردنی هیتلەر بوو، واتە وزە بڕیاردەرێکی زاڵە و دەتوانێت لە یەکلاییکردنەوەی کاردانەوەکاندا زەبری خۆی مسۆگەر بکات.
کێشەکانی ئێستای زۆربەی وڵاتەکانی جیهان وەکوو ڤێنزوێلا، هەڵگیرسانی شەڕی سووریا، کێشەی چین لەناو دەریای خوارووی چین، مشتومڕی وڵاتە هاوسنوورەکانی بەستەڵەکی باکوور لەسەر وزەی ژێر دەریا، گرژییەکانی نێوان ( تورکیا، میسر، ئیسرائیل و قوبڕس) لە لەگەنەی دەریای سپی ناوەڕاست لەسەر کێڵگەکانی گازی نێو دەریاکە، ئەمانە هەموو ئەو کێشە و پێشهاتانەن کە وزە ڕۆڵی سەرەکی و هۆکاری بنەڕەتیی تێدا دەبینێ، بۆیە بە پێی ئەنجامەکانی ناوەندی توێژینەوەی ئاشتیی لە ستۆکهۆڵم، زۆربەی کێشەکانی سەدەی بیست و یەکەم لەنێوان وڵاتاندا، لەسەر سامانی سرووشتی و بەتایبەتی وزە و ئاو دەبن.
بەپێی ڕیزبەندیی بەرهەمهێنانی وزە بۆ ساڵی 2019، ئێراق لە ڕیزبەندی چوارەمین دەوڵەتە لە بەرهەمهێنانی نەوت و هەناردەکردنی لە جیهاندا، لەدوای ئەمریکا و ڕووسیا و شانشینی سعودیە، هەناردەی ڕۆژانەی گەیشتووەتە 4،6 ملیۆن بەرمیل نەوت ئەمەش لەلایەکەوە ئەوە دەردەخات کە داهاتێکی زۆری هەیە و وڵات وێرانە، لەلایەکیترەوە بە پێچەوانەی هەرێمی کوردستانەوە، کە دەبێ بە خەمڵاندن باس لە بڕی هەناردە و فرۆشتنی وزە بکرێت، بڕی هەناردەکەی ئاشکرا و دیارە.
کورد لە هەرێمی کوردستاندا گرنگترین هەلی ئەم چەرخەی کەوتووەتە دەست، تا بتوانێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەکوو ڕووی نەتەوەیەکی کراوە، ڕەنجدەر، مۆدێرن، وشیار، خاوەن خەبات، بە پلان و دووربین و ئازا دەرکەوێ، حوکمڕانییەکی جیاوازی هەبێ و خەباتی ڕابردووی لە توێی توانای ئەمڕۆی خۆی و توینێتی بۆ بەرەو لوتکە بسەلمێنێ، ئیرادەی خۆی بسەپێنێ، بە بوونی وزە دەیتوانی تەواوی ژێرخانی خۆی ببوژێنێتەوە و ببێتە داینەمۆ بۆ پەروەردەکردنی گەلێکی بەئاگا و پڕچەک بە زانست و تەنانەت شیاوی پێگەی بەرهەمهێنان و داهێنانیش بێت، قەیرانەکانی خۆی، لە ناوەندەکانی توێژینەوەی زانستیدا، بەدواداچوونی بۆ بکرێت، لێ بەداخەوە هەرێم وەکوو بنەماڵەیەکی حوکمڕان و گەڕانەوە بۆ عەشیرەت و خێڵ دەرکەوتووە، کە ئەمەش نە لەگەڵ مێژووی خەباتی ئەم گەلە و نە لەگەڵ ڕەوتی ئەم سەدەیە دەگونجێ.
ئەگەرچی ناشێت ئێمە بەراوردی هەرێم لەگەڵ وڵاتێکی پێشکەوتوو بکەین، بەڵام دەشێت بەراوردێکی بچوکی لەگەڵ سەرەتای هەوڵ و کۆششی هەندێ شوێن، بکەین، کە بە پاڵپشتی توانا و ویست و سووربوونی خۆی، بە ئامانجە ستراتیژییەکانی خۆی گەیشتووە. نموونەیەک لەو وڵاتانە سەنگاپۆرە، کە بە سویسرای ئاسیا ناونراوە. سەنگاپۆڕ یەکێکە لە وڵاتە بچوکەکانی جیهان، خاوەنی هیچ سامانێکی سرووشتیی نییە، کاتێ لە ساڵی 1965 دا لەلایەن مالیزیاوە لە فیدراسیۆنەکە دەرکرا، تەنانەت ئاوی شیرینیشی نەبوو، هەر ئەو کاتە لی کوان یو وەکوو یەکەم سەرۆکی ئەو وڵاتە گوتی “ئێمە مەحاڵ، مەحاڵ دەکەین.” سەنگاپۆڕ تەنیا خاوەنی بەرنامەی بنیاتنانی مرۆڤ و سڕینەوەی بێکاری و چەسپاندنی بنەماکانی زانست و پەروەردە بوو، ئێستا وا لە ترۆپکی پێشکەوتن دایە، بە تایبەتی لە بواری داراییدا، ئەمە مانای ئەوە نییە کە چاوپۆشی لە هەندێ لایەنی نادادپەروەریی ئەو وڵاتە بکرێ.
هاتنەکایەوەی ئەو هەموو خۆشگوزەرانییەی لە وڵاتانی ڕۆژاوادا هەیە، ئەوەی گەنج و لاوەکانی ئێمە خەونی پێوە دەبینن، هەمووی لە سایەی وزەوە بەرهەمدەهێنرێ، زۆربەی ئەو وزەیەش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە و لە گەرووی هورمز و دەریای سپی ناوەڕاستەوە دەگوێزرێتەوە، بۆ بەگەڕخستنی چ کارخانە و فابریک بێ، چ بەرهەم و کاڵای ڕۆژانە بێ، چ دەرمان و خۆراک بێت، یا هەر پیشەسازییەک. کەچی لە کوردستاندا، هیچ بوارێک کە لە خزمەتکردنی مرۆڤایەتییدا بێت نەبوژاوەتەوە، تەنانەت لە زستاندا بەشە نەوتی بۆ پێداویستی خۆی دەستناکەوێت، لەگەڵ ڕوبەروبوونەوەی هەر کێشەیەکیشدا، قەیرانی بەنزین و کەمیی خۆراکی تووش دەبێت، ئەبێ لۆژیک چی بێت:
- وزە هەبێ و ئەوەندە پاڵاوگەی بۆ بەرهەمهێنانی پێداویستی ناوخۆی خۆی نەبێت؟
- زەوی و ئاوی هەبێ و بەرهەمی کشتوکاڵی بە ئەندازەی پێداویستی خۆی نەبێت و هەردەم لە داخستنی سنوور بترسێ؟
- هەموو زستانێک دانیشتووانەکەی لە دڵەڕاوکێی بوون و نەبوونی نەوتدا بن؟
- وزە هەبێ، دەستی کار هەبێ، خاک و ئاو هەبێ، کار نەبێ.
وزە هەبێ و کارگەی پیترۆکیمیایی نەبێ، سیمای هیچ پیشەسازییەک دیار نەبێ.
هیچ گومانێکی تێدا نییە، دەستگرتن بەسەر سامانی وزەوە، دەستگرتنە بەسەر هەموو جومگەکانی دەستەڵاتدا، نەک هەر جومگەکانی دەستەڵاتیش، بەڵکوو جومگەکانی هزر و بیرکردنەوەی زۆر لەو کەسانەی لەنێو شەمەندەفەری حوکمڕانی دان، بۆیە لە باشووری کوردستاندا چەمکی ‘حکومەتی بنکە فراوان’ هاتە کایەوە، تا بتوانرێ ئەو هێزە پوچەڵبکرێتەوە کە چاوەڕوانی ‘نا’ی لێدەکرێ.
چەمکی حکومەتی بنکە فراوان، چەمکێک بوو بۆ پاککردنەوەی پەرێزی دژایەتیکردن، لابردنی ڕێگری و لەمپەڕ بەرانبەر ویستی حوکمڕانی، بۆ هاوبەشیکردنی لایەنەکانی تر لە بەشە داهات و پایەی پوک و دوور لە توانای بڕیاردان، نەک بۆ بەشداریکردنی فەرمیلە حوکمڕانی. بەشداریکردن لە حوکمڕانی واتە بوونی دەنگ و ڕا و بۆچوون و بڕیار، واتە بوون بە بەشێک لە دەستەی بەڕێوەبردن و وەفد و دانووستان، لێ لە باشوور بەشداریکردن لە حکومەت بۆ ‘ماڵیکردنی ئۆپۆسزیۆن’ و ڕامکردنیان بوو، بۆ مانەوەی تاکڕەوی لە فەرمانڕەوایی و بڕیاردان بەرانبەر بە حکومەتێکی بنکەفراوان بە ڕوخسار و پڕکردنەوەی پۆستەکان، ئەویش هەر بە پشتیووانی دەستەڵاتی وزە بوو.
هەرێمی کوردستان پێویستی بە خۆخۆماڵی کردنە، پێش خۆماڵیکردنی نەوت، واتە پێویستی بەوەیە ئازاد بێت لە بەڕێوەبردنی حوکمڕانیدا بەتایبەتی لە سێکتەری وزەدا، ژمارەی هەناردە و داهاتەکانی وەکوو خۆی و بە بێ دەستکاری لە پەیچی وەزارەتدا دەرکەون و داتایەکانی دەستاو دەست بکرێ، بڕیاربەدەستێکی لێهاتوو و زانا و بوێر بێت. ئەگەر گرفتی هەرێم شوێنە جوگرافیاکەیەتی، دەتوانرێ ئەگەری دوورخایەن بکاتە پلان و پەیڕەوی خۆی، ئەویش بەوەی کە لە داهاتوودا دەکرێ لە ڕێگای ڕۆژاوای کوردستانەوە دەستی بگاتە چمکێکی دەریای سپی ناوەڕاست، چونکە لە کاتی هەوڵدانی تورکیا بۆ داگیرکردنی کۆبانی، ناوەندی بیرمەندان بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی لە ئەستەمبوڵ ئەوەی ئاشکرا کردووە، کە کوبانی شوێنێکی ستراتیژی هەیە و ترسی ئەوە هەیە کە ببێتە جێگری بەندەری جیهانی جەیهان، بەڵام کورد خۆی نایەڵێت ببێ بەو جێگرەی، کە ئەو شوێنە ستراتیژیەی تورکیا لەق بکات. [1]