توێژینەوەکەی دکتۆرە ڕێزان لەسەر نەخۆشیی خوێنبەربوونی بەردەوام، یەکێک بوو لەو توێژینەوانەی جێگەی سەرنجی ئامادەبووان بوو. پڕۆفیسۆر ڕێزان عەبدولقادر، پزیشکی نەخۆشییەکانی ئافرەتان گوتی، ئەم نەخۆشییە وەکوو دەبینی لێرە کە [تووشی] خوێنبەربوون دەبن، خوێنبەربوونەکەیان ناوەستێت، چونکە پەڕەکانی خوێن بە یەکەوە نانووسێت.
ئەو دکتۆرە بە گرنگی دەزانێت کە ژنان و کچان ئاگایان لەو نەخۆشییە بێت و دەڵێت: چونکە هۆکاری خوێنبەربوونە لە کاتی (سووڕی مانگانەدا) هەروەها لە کاتی منداڵبوون و دوای دانانی منداڵەکەش، بۆیە مەبەستمان ئەوەیە کە زانیاریی پزیشکی بدەینە دکتۆرەکان کە ئاگایان لەو نەخۆشییانە بێت و کە نەخۆشێکیان بینی ئەو کێشانەی هەیە بیاننێرن بۆ سەنتەری تایبەت بۆ ئەوەی شیکردنەوەی خوێن بکەن، ئەوەش بۆ دیاریکردنی جۆری نەخۆشییەکەی.
جگە لە پزیشکان، خوێندکارانی کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی کوردستان، بەشێکی سەرەکیی ئامادەبووانی کۆنفراسەکەبوون. هۆنیا هەڵگورد، خوێندکاری کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی کوردستان گوتی، پێشتر زانیارییەکی کەممان هەبوو لەسەری، بەڵام ئێستا زیاتر خرایەڕوو بۆ خوێندکاران.
جگە لە 40 پزیشک کە توێژینەوەیان هەبوو، 13 خوێندکاری کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی کوردستان توێژینەوەکانیان پێشکەش کرد، لە کۆتایی کۆنفرانسەکەدا خاوەنی باشترین توێژینەوە خەڵاتکرا.
سیدرا محەمەد، خوێندکاری کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی کوردستان باسی لەوە کرد، تایتڵی توێژینەوەکە لەسەر ئەوە بوو کە ئەو کەیسانەی زۆر پەلەیان نییە و پێویستیان بە نەشتەرگەری نییە دێنە فریاکەوتنەکان و قەرەباڵخی درووست دەکەن، ئەوە دەبێتە هۆکاری ئەوەی کەیسەکانی دیکە کە پێویستیان بە یارمەتیی خێرا هەیە، نەتوانن یارمەتیی پێویست وەربگرن.
کۆنفرانسی مێدیکاڵ کوردستان کە کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی کوردستان ڕێکخی خستبوو، دەکرێتە ساڵانە.
دکتۆرە ئەڤین محەمەد، بەرپرسی ڕێکخەرانی کۆنفرانسەکە ئاماژە بەوە دەکات، نەک تەنیا لەسەر سیستمی پزیشکی و تەندرووستی، هەروەها لەسەر سیستمی فێرکردنی قوتابییانی پزیشکی پێشکەوتن بەدەستبهێنین، هەروەها لەسەر ئاستێک بین کە بەراورد بێت لەگەڵ وڵاتانی پێشکەوتوو.
لە کۆنفرانسەکەدا جگە لە خستنەڕووی توێژینەوەکان، 20 کۆمپانیا و دامەزراوەی پزیشکیی نێوخۆیی تێیدا بەشداربوون. [1]