ناونیشان: داوای لێبووردن لە ئەرمەن
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #27-04-2015#
لە جینۆسایدکردنی ئەرمەنەکاندا کوردیش بەشداربوون. ئەمە گومانی تێدانییە، بەڵام بۆ دەبێ بەهۆی کردەوەی دزێوی کۆمەڵێک جاشی سوڵتانی عوسمانی داوای لێبووردن لە ئەرمەنەکان بکەین؟ خۆ لەنێو #داعش#یش کوردی زۆر هەن کە بەشداریی قەتڵوعامەکانی ئەمدواییەیان کردووە. ئەگەر سبەی داعش نەما، دەبێ داوای لێبووردن لە عەرەبەکانی سووریا و شیعەکانی ئێراق و کوردە ئێزدییەکانیش بکەین؟
ئەرمەنەکان سەت ساڵە خەریکی ئەوەن دنیا قایل بکەن کە جینۆسایدیان بەرانبەر کراوە. سەرەڕای ئەوەی لۆبییەکی بەهێزیشیان لە واشنتن و برۆکسەل هەیە، بەڵام هێشتا ویلایەتە یەکگرتووەکان دانی بەو جینۆسایدەدا نەناوە. دەوڵەتی تورکیاش لە سەردەمی ئەتاتورکدا کە بەحیساب ڕووخێنەری دەوڵەتی عوسمانلی بووە و دەوڵەتێکی نوێی لەسفرەوە دامەزراندەوە، ئامادە نەبوو و نییە قبووڵ بکات کە ئەرمەنی بەدەستی عوسمانییان قڕکراون.
کورد، کە ئەوکات کیانی خۆیان نەبووە، ڕۆڵیان هەبووە لە قڕکردنی ئەرمەنەکاندا، بەڵام تاوەکوو ئێستاش ڕوانگەیەکی ڕوونیان نییە کە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو ڕابردووەیاندا بکەن. چونکە کەس گومانی نییە کە ئەو کوردانەی بەشێک بوون لە سوارەی حەمیدییە بەشدار بوون لەو جینۆسایدەدا. واتە ژن و منداڵ و پیر و گەنجی گەلێکیان بە برسێتی و بێدەرەتانی کۆمەڵکوژ کردووە. درووست وەک ئەوەی لە سەت ساڵی ڕابردوودا بە شێوازی جیا بەسەر نەتەوەکەی خۆیان هات.
هەن دەڵێن مادام کوردی نێو سوارەی حەمیدییە فەرمانیان لە دەوڵەتی عوسمانلی وەرگرتووە، کەواتە تەنیا سەربازی جێبەجێکار بوون و هیچ گوناهێکیان نییە. بۆیەش داوای لێبووردن لە ئەرمەنەکان بە پێویست نازانن. بەڵام هەر هەمان ئەو کەسانە چاوەڕوانییان هەیە عەرەبەکانی ئێراق لەسەر جینۆسایدەکانی ڕژێمی سەدام بەرانبەر کورد داوای لێبووردن لە کورد بکەن.
هەندێکی دیکە هەن دەڵێن ئەرمەنەکان بە پشتیووانیی ڕووسیای بەر لە کۆمۆنیزم، کە دەوڵەتێکی گەورەی کریستیانی بوو، هێرشیان هێناوەتە سەر کوردستان و لە زۆر ناوچە، بەتایبەتیش لە باکوور و باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان سووکایەتییان بە ژن و کچی کورد کردووە. بۆیە، بەقسەی ئەوان، ئەوەی دواتر ڕوویداوە و کورد بەشداریی لە قەتڵوعامی ئەرمەنەکاندا کردووە، کاردانەوە بووە. کەواتە بۆ دەبێ داوای لێبووردن بکەین؟
بەڵام ئەگەر بڕیاروابێت هیچ گەلێک بەرپرسیار نەبێت لە تاوانەکانی نەوەی پێش خۆی، ئەوکات هیچ واتایەک بۆ نووسینەوەی مێژوو و شانازیکردن یان شەرمکردن لە مێژووی گەلاندا نامێنێتەوە. واتە پێویست ناکات ئەڵمانەکان بۆ کردەوەکانی هیتلەر داوای لێبووردن لە کەس بکەن. هەروەها ئێراقییەکانیش پێویست ناکات بەهۆی ئەنفال و کیمیابارانی کوردستانەوە هەست بە شەرمەزاری بکەن. بەڵام ئەمە ڕاستە و دادپەروەرییە؟ بەدڵنیاییەوە نا.
لە ئاییندەدا بۆ ئەو کردەوانەی داعش دەیانکات ناچارنین داوای لێبووردن لە کەس بکەین. چونکە ئێستا کورد شەڕی داعش دەکات. بەڵام لە کەیسی وەکوو ئەوەی ئەرمەنییەکاندا دەبێ بوێر بین و خاوەنی مێژووی چاک و خراپی خۆمان بین. بۆیەش وەکچۆن شانازی دەکەین کە بارزانییەکان فریای ئەرمەنەکان کەوتوون و هەندێکیان ڕزگارکردوون، دەبێ ئاواش شەرمەزار بین کە سەرکردە و سەرۆک خێڵەکانمان بەشداربوون لەو جینۆسایدەدا. پێویست ناکات حکومەتی کوردستان بەفەرمی داوای لێبووردن لە ئەرمەنەکان بکات، چونکە ئەوکات ئەو حکومەتە نەبووە، بەڵام ئەگەر بۆ ڕێزگرتن لە هەستی ئەو ژمارە کەمە ئەرمەنییەش بێت کە لە کوردستان دەژین، گرنگە بڵێین: شەرم دەکەین ڕۆڵەی وامان هەبوون دەستیان لە قڕکردنی گەلێکی دیکەدا هەبووە. [1]