ناونیشان: وێنەی ڕاستەقینەی فەللووجە
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #06-06-2016#
پاش ئۆپەراسیۆنێکی پڕ کوشتار کە زۆرتر لە فیلمێکی ئەکشنی ناسەرکەوتوو دەچوو، بە بودجەی چەند ملیۆن دۆلارییەوە، #حەشدی شەعبی# کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی فەللووجە هێنا.
ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکە بریتی بوو لە کۆنترۆڵکردنەوەی فەللووجە، دەستکەوتەکەشی کوشتنی ژمارەیەکی زۆرتری خەڵکی سیڤیلی ناوچەکە و وێرانکردنی زۆرتری بوو. کار گەیشتە ئەوەی ئەمریکا و سعودیە هاواریان لێ هەستا. ئەمریکا هەڕەشەی کرد کە بەوشێوەیە ناتوانێ بەردەوام بێت لە پشتیووانیکردنی ئەو جۆرە ئۆپەراسیۆنانە. بەڵام ڕاستییەکەی ئەوە بوو کە ئەمریکا چیدی بۆی نەدەچووە سەر ئاگای لەو هەموو دڕندەییە تائیفییە بێت کە لەو ناوچەیەدا ڕوودەدات و چاوی لێ بنووقێنێت.
لە باشووری کوردستان وێنەکانی فەللووجە زۆرتر لە قۆناغی دوای ڕووخانی ڕژێمی سەددامەوە بینراون. بۆ نموونە ئەوکاتەی فەللووجەییەکان چوار گرێدراوی سوپای ئەمریکایان لەنێو شارەکەیاندا ئاگرتێبەردا و تەرمەکانیان لەسەر پردێک هەڵواسین. یان ساڵی 2014، کاتێک سوپاکەی مالیکی ئاشتبەتاڵیان کرد، فەللووجە یەکەمین شار بوو کە #داعش# تێیدا لە هەندێک گەڕەکدا کۆنترۆڵی کەوتە دەست. لە زەینی زۆرماندا فەللووجە لانکی پەروەردەکردنی توندئاژۆیی عەرەبی سوننە بووە، هەر لە ئەلقاعیدە لە ئێراق و گرووپە توندئاژۆکانی دیکەوە بگرە تا دەگاتە داعش، بەڵام وێنەیەکی دیکەی فەللووجە هەیە کە یان شاردراوەتەوە یان کەمتر سەرنجمان بۆی چووە. ئەویش فەللووجەی لانکی دێرینی زانایانی سەردەمی بابلییەکان و جوولەکەکان و بەدوایدا ئیسلامییە. ئێمە وێنەی فەللووجەی چوار گرێدراوەکەی سوپای ئەمریکامان لەخەیاڵدایە، چونکە هەرا و زەنای میدیایی گەورەی لە وڵاتانی ڕۆژاواییدا بۆ کرا، بەڵام ئەوەمان لەبیر نییە کە ماوەیەک پێشتر سەربازانی ئەمریکی خۆپیشاندانێکی فەللووجەییەکانیان بۆ کردنەوەی قوتابخانەیەک لە شارەکەیاندا بەر گوللە دا و بە دەیان خۆپیشاندەر لەو ڕووداوەدا کوژران.
لە هەشت ساڵی ڕابردوودا ڕووداوەکانی فەللووجەم بەوردی شۆپاندووە و زۆر ویستوومە لەوە تێبگەم بۆچی لەو شار و ناوچەیەدا هزری توندئاژۆیی ئیسلامیی سوننی وا بەئاسانی گەشە دەکات. کەس ناتوانێ حاشا لەوە بکات کە دەسەڵاتی #بەعس# کاریگەریی لەسەر ئەو گەشە ئاسانە هەبووە، بەڵام دیوی دیکەی چیرۆکەکە ئەوەیە کە هەم حکومەتی ئێراق-ی کاریگەر بە بیری تائیفی و جێبەجێکاری ئەجێندای تائیفی و هەم ئەمریکاش ڕۆڵیان هەبووە لەپاڵنانی فەللوجەییەکان بەرەو توندئاژۆیی.
بەپێی ئەو ئامارانەی لەبەردەستن، بەرلەوەی داعش دوو ساڵ پێش ئێستا فەللووجە کۆنترۆڵ بکات، لە کۆی 39 هەزار خانووی ئەو ناوچەیە، نزیکەی نیوەیان بەهۆی بۆردوومان و شەڕەوە وێران بوون.
شار و ناوچەیەک نیوەی وێران بووبێت، هەم ئەمریکا ئازاری دابێت هەم سوپای تائیفیی ئێراق، تەنیا باوەشێکی بۆ دەمێنێتەوە کە بۆی بچێت، ئەویش باوەشی داعشە.
ئەمەی دەیڵێم نە هاوسۆزییە و نە پاساوهێنانەوەیە بۆ ئەوانەی داعشیان هێناوەتە فەللووجە و ناوچەکەیان تووشی وێرانیی زۆرتر کردووە، بەڵکوو پیشاندانی وێنەی ڕاستەقینەی فەللووجەیە. لەم ماوەیەدا زۆر پەیوەندیمان لەگەڵ گەنجان و خەڵکی نێوەوەی فەللووجە هەبووە بۆ ئەوەی هەواڵ و زانیارییان لێوەربگرین، سەرنجڕاکێشترین قسە کە ئەوان دەیکەن ئەوەیە: دەتوانین سبەی داعش دەربکەین و دەشمانەوێ بڕۆن، بەڵام بەدەستی خۆمان بچینە نێو دەمی تیمساحێکەوە کە ناوی حەشدی شەعبییە و دڵنیاین دەمانخوات؟ [1]