ھاوسەرگیری پێشوەختە (ھۆکار و لێکەوتە خراپەکانی)
ئامادەکردن: #زریان فاتیح قەرەداغی#
ئەوجۆرە ھاوسەرگیرییە ناتەندرووستەیە کە لەڕوی (دەروونی - تەندرووستی - جەستەیی) ەوە کەسەکە ئامادە نییە بۆ ھاوسەرگیری، ئەم جۆرە لە هاوسەرگیری دوور لە بنەماکانی مافی مرۆڤ و دوور لە بنەما یاساییەکان ئەنجام دەدرێت و پێشێلکردنێکی ئاشکرای مافەکانی منداڵ و ئافرەتە و ھۆکارێکیشە بۆ درووستبوونی کێشە کۆمەڵایەتی و خێزانییەکان کە دواجار بە کوشتن یان خۆ کوشتن و خۆ سووتاندن یان ھەڵوەشاندنەوەی خێزان یاخود خیانەتی هاوسەری (وەک تۆڵە کردنەوە) کۆتایی دێت.
=KTML_Bold=ھۆکارەکانی ھاوسەرگیری پێشوەختە چین؟=KTML_End=
1- کەمی ھۆشیاری کۆمەڵگە دەربارەی لێکەوتە خراپەکانی ھاوسەرگیری پێشوەختە:
ئەمەش پەیوەندی بە کلتورو دابوونەریتە کۆمەڵایەتییەکانەوە ھەیە، کۆمەڵگەی ئێمە ھێشتا لەو بیرە چەق بەستوەدا ماوە کە دەبینێت منداڵەکانیان (بەتایبەتی کچان) وردەوردە گەورە دەبن ئیتر ترس لەوەی تووشی کێشەیان نەکەن و شەرەفی خێزان و بنەمالەکە لەکەدار نەکەن خێرا دەیان دەن بە شو و لەکۆڵ خۆیان دەکەنەوە .
2- نەبوونی داھاتی سەربەخۆ:
زۆربەی کچان بێ کارن و خاوەن داھاتی سەربەخۆی خۆیان نین، چونکە باوکان یان براکان ڕێگە نادەن کچ یان خوشکیان کار بکەن ، ئەمە وای کردووە کە کچان چاوەڕێی دەستی باوک یان برا بن تا پێویستی ڕۆژانەیان بۆ دابین بکەن پارەیان بدەنێ، لە ڕوی ئابووریەوە فشارە بۆ باوک و براکان و لە ڕوی دەروونیشەوە فشارێکی ناخۆشە بۆ کچان کە هەندێک جار هەست دەکەن باوک و براکانیان خێریان پێدەکەن ، ئەمە وای کردووە بەشێک لە کچان هاوسەرگیری پێشوەختە بەهەمو خراپیەکانییەوە بەباشتربزانن لەو بارودۆخەی تێیدا دەژین لەژێردەستی باوک و برادا .
. 3-جێبەجێنەکردنی یاسا وەک خۆی ھۆکارە بۆ زیادبوونی ھاوسەرگیری پێشوەختە:
ھەرچەندە کاری یاسا دابینکردنی ئەرک و مافی ھاوڵاتیانە و سەپاندنی سزایە بەسەر سەرپێچی کاراندا ، بەڵام چاوپۆشی کردن لە جێبەجێکردنی سزاکاندا ھەیە ، جیا لەوە تاکی کۆمەڵگەی ئێمە ھۆشیاری کەمە دەربارەی ئەو یاسایانەی لە دادگاکاندا هەن و کاریان پێدەکرێت ، ھەربۆیە ئەمجۆرە هاوسەرگیریە زۆرکات لەدەرەوەی دادگاکان ئەنجام دەدرێت.
4- ترسی کچان لە ھەڵکشانی تەمەنیان و قەیرە بوونیان: ھۆکارە بۆ ئەوەی کچان لە تەمەنێکی زۆر کەمدا بیر لە پڕۆسەی ھاوسەرگیری بکەنەوە ، لەبەرئەوەی لە کۆمەڵگەی ئێمەدا زۆربەی پیاوان ئارەزوی ئەوە دەکەن کە ھاوسەرگیری لەگەڵ کچانی کەم تەمەندا بکەن و کەمتر بەلای کچانی تەمەن هەڵکشاودا دەچن .
5- بوونی توندوتیژی لەناو خێزان دا:
ھۆکارە بۆ ئەوەی کچان لە تەمەنێکی کەمدا پەنا بەرنەبەر ھاوسەرگیری بۆ ئەوەی لەو بارە ناخۆشە خێزانی و سایکۆلۆژیە ناخۆشە و لەو ژینگە پر توندوتیژیە دوور بکەونەوە..
6- کاریگەریی ھاورێ و کەسانی دەوروبەر:
کاتێک ھاورێ و کەسانی دەوروبەر کاریگەریان لەسەر ژیانی تایبەتی درووستکرد دەبێتە ھۆکار بۆ ئەوەی چاو لە ھاورێ بکات یاخود بە قسەی ھاورێ و کەسانی دەوروبەر بکات بیر لە ھەبوونی ھاورێ کوڕ و بیر لە خۆشەویستی بکاتەوە لە تەمەنێکی زۆرکەمدا کە دواجار کاریگەریی خراپ لەسەر ژیان درووست دەکات ، بۆیە باشترین شت ئەوەیە کە (ھیچ کاتێک ھاورێ کاریگەریی نەبێت لەسەر ژیانی تایبەتیتان)
7- بەداخەوە هۆکارێکی دیکەی هاوسەرگیری پێشوەختە ئایینە:
لە ئایینی ئیسلامدا ڕێگە دراوە بە هاوسەرگیری پێشوەختە کە ئەمەش والە خێزانەکان و دایکان و باوکان دەکات کە نەک ڕێگر بن لەو پڕۆسەیە بەپیچەوانەوە زۆربەی خێزانەکان هاوسەرگیری پێشوەختە وەک بەجێهێنانی ئەرکێکی ئایینی تەماشادەکەن.
بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان بەدیار کەوتووە ڕێژەی ئەو کەسانەی کە داوای جیابوونەوە ئەکەن لە ٪70 ئەوانەن کە تەمەنیان لەنێوان (15 -25) ساڵی دایە، بەمەش بۆمان دەردەکەوێت کە ڕێژەی جیابوونەوەکان لە تەمەنێکی زۆر کەمدایە.
ئامانجی گشتی ئێمە لەم بابەتە ئەوەیەکە:
1- کەمکردنەوەی ھاوسەرگیری پێشوەختە
2- کۆمەڵگە ھۆشیار بکرێتەوە لە دەرئەنجامە خراپەکانی ھاوسەرگیری پێشوەختە
3- پێویستە ئێمە ببینە دەنگی ئەوکەسانەی کە بوونەتە قوربانی ھاوسەرگیری پێشوەختە .
4-ھۆشیارکردنەوەی دایکان و باوکان لە تێکدانی ژیانی کچەکانیان بەهاوسەرگیری پێشوەختە
5-بەکارھێنانی سۆشیاڵ میدیا لەلایەن منداڵەکان لەژێر چاودێری دایکان و باوکان و لایەنی پەیوەندی دارگرنگە .
6- جەخت کردنەوە لەسەر ئەو یاسایانەی بۆ ڕێگری لە ھاوسەرگیری پێشوەختە داندراون .
ئامانجی تایبەتی ئێمە ئەوەیە کە کچان دەبێت تەمەنی یاسایی خۆیان تەواو بکەن و چێژ لە ژیانی منداڵی و هەرزەکاری خۆیان ببینن و دواتر کە ژیری و جەستە و دەروونیان کامڵ بو ئەوکات بیر لە ژیانی خێزانی و هاوسەرگیری بکەنەوە.
لە کۆتایدا داوا کارم لەژێر ھیچ کاریگەرییەکدا کچان ھاوسەرگیری پێشوەختە نەکەن تا ئەوکاتەی خوێندن تەواو دەکەن و دەگەن بە داھاتی خۆیان ، ھەروەھا بیانوی دانەمەزراندن و نەبوونی کار نەکەنە ھۆکار ، لەبەرئەوەی ئەگەر خوێندن تەواو بکەن ئاستی ڕۆشنبیریان زیاتر دەبێت تێکەڵاویان لەگەڵ خەڵکدا زیاتر دەبێت وە زیاتر چاک و خراپە لێک جیا دەکەنەوە و دەوروبەرباشتر دەناسن و ئەزموونی زۆر شت دەکەن لە ژیاندا، بەمەش کە گەشتنە تەمەنێکی گونجاو و یاسایی باشتر دەتوانن بەرپرسیارییەتی ئەو ژیانە بگرنە ئەستۆ کە هاوسەرگیری درووستی دەکات. [1]