ناونیشانی بابەت: کێن ئەو کەسانەی کە ڕووبەڕووی کێشە و گرفت دەبنەوە؟
ئامادەکردن: #زریان فاتیح قەرەداغی#
قوڵترین بەشی مرۆڤ دەروونێتی هەر بۆیە گەورەترین هێزی مرۆڤ لە ئەقڵیایەتی، ئەوەی لە جەستەیدا هەستی پێ دەکرێت بێ سوودە و هیچ بەهایەکی نییە ئەگەر لەژێر کۆنتڕۆڵی ئەقڵیا نەبێت، دەرخستنی هێزی جەستە تەنیا ڕەمزێکە لەلایەن خودی مرۆڤەکەوە. مرۆڤ بە سرووشتی خۆی سادەیە و هەر بە سادەیش لەدایک دەبێت، بەڵام کاتێک گەورە دەبێت تاک دەکەوێتە ژێر کاریگەریی بڕیارەکانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی وئاڵۆزبوونی بێسنووری سیستمە کۆمەڵایەتییەکانەوە ئەمەش هۆیەکە بۆ ئەوەی تاک نەتوانێ خۆی لە بابەتی گوزەرانیدا یەکلابکاتەوە، هەر بۆیە تاک دەکەوێتە ژێرکاریگەریی قسەی کۆمەڵگە و ئەو ژینگەیەی تێیدا دەژی. گومان لەوەدا نییە تاک بۆ ئەوەی هاوسەنگییەک لەنێوان پێویستییەکانی خۆی و کۆمەڵگە بدۆزێتەوە بە جێگیری ڕایبگرێ ڕوبەڕوی چەندین کێشە و گرفت دەبێتەوە. ئەگەر یەکێکیش بێت لەوکەسانەی کە
خاوەنی هەموو شتێک بێت لەسەر ئەم زەوییە.
لێرەدا دەمەوێت باس لەوە بکەم کێن ئەو کەسانەی کە ڕوبەڕوی
کێشە و گرفت دەبنەوە؟ ئایە تەنیا کەسە لاوازەکان تووشی کێشە دەبن یان مرۆڤە تێگەشتووەکانیش، لەکاتێکدا مرۆڤ خاوەنی گەورەترین هێزە لەسەر زەوی.
تەنیا مرۆڤە لاوازەکان تووشی کێشە نابن لەبەرئەوەی کە لاوازن لەڕوی توانای جەستەی و ئەقڵیەوە، بەڵکوو تاکە زیرەکەکان زیاتر ڕوبەڕوی گرفت دەبنەوە بەتایبەت مرۆڤی تێگەشتوی هەستیار لەبەرئەوەی تاکی تێگەشتو دەستەوەستان نابێت لە هەم بەر ئەو کێشە و گرفتانەی ڕوبەڕوی دەبێتەوە لە ژیانی ڕۆژانەیدا کەبە هەستی نەرێنی ناسراون بۆیە هەوڵی ڕوبەڕوبوونەوەیان دەدات بە جوڵاندنی تواناکانی وەڕێگا بە هیچ کەسێک نادات ئارەزووەکانی خۆی لەسەر هەستەکانی زاڵ بکات. هەر بۆیە جیاوازییەکی تەواو لە کەسێک بۆ کەسێکی تر لەهەست پێکردنی ئەم گرفتانەی کە لە سەرەتا ئاماژەم پێکردن بەدیدەکرێت. لە ڕاستیدا ئەمەش بۆ جیاوازی دیدگا و ڕوانینی مرۆڤەکان بۆ شتەکان دەگەڕێتەوە، بێگومان ئەم ڕوانین و تێگەشتنە بە ئاسانی بەرهەم نەهاتووە بەڵکوو لە کاردانەوەی جیاوازی هەست و توانای تێگەشتنیانەوە بەرهەم دێت، یەکێکە لەو هۆکارانەی هەستێکی دەروونی باش بۆ کەسەکە دەڕەخسێنێ تاکوو بە ئەندازەی تێگەشتنەکان ڕووبەڕووی کێشە و گرفتەکان بێتەوە . کاتێک تاک توانای ئەوەی هەبێت هەست بە ڕاستییەکان بکات بێگومان توانای ئەوەشی دەبێت ڕووبەڕووی گرفتەکان بێتەوە، لەبەرئەوەی لە بنەڕەتدا هەموو کێشە و گرفتەکان جگە لە ڕووداوە سرووشتییەکان کە دەسەڵاتی مرۆڤی تێدا نییە بوونیان نییە بەڵکوو مرۆڤ خۆی درووستی کردون جا بەهەچ هۆکارێک بێت. کەسانی زیرەک تەنیا پێویستی بە پەرەپێدانی تواناکانی هەیە بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی گرفتەکان بێتەوە، بەڵام هەرچی کەسانی بێ توانا و هەست لاوازە تێگەشتنیان کەمە گومانی تێدا نییە کە گرفتیان کەمە بەرهەمیشیان کەمە لەبەرئەوەی توانای ڕووبەڕووی گرفتەکانیان نییە کە دێتە بەردەمیان لە ژیانی ڕۆژانەیدا . ئەمەش بۆ توانای هەستیاری تاک دەگەڕێتەوە کە ئاماژەم پێکرد، چونکە هەموو ڕاستییەک کەسێکی توانا و زیرەکی پێویستە تاکوو درکی پێ بکات نەک هەست و توانای خۆی زیندانی کردبێت لەسەر بیرکردنەوە و بڕیاری کەسانی دەوروبەر ژیان بکات، کە لە گۆچانی دەستی پیاوێکی کەمئەندامی نابینا دەچێ. بۆ زیاتر ئاسانتر شتێکی ئاشکراو ڕونە کاتێک مرۆڤ پەرە بە تواناکانی نەدات کاروچالاکییەکانی دەوەستێت و هەست بە هیچ گرفت و نەهامەتییەک ناکات ئەم کەسانە نەک تەنیا گرفتیان کەم دەبێت بەڵکوو بەرهەمیشیان کەم دەبێت . کەواتە مرۆڤ تا توانا و تێگەشتنی بەهێزتر بێت هەستکردن بە کێشە و گرفتەکان زیاتر دەبێت، توانای ڕاستەقینەی
مرۆڤ هێزی ئەو نییە لاوازییەکەیەتی لەبەرئەوەی لاوازی لە بەھێزتر ین ھێزەکانیش بەھێزترە. [1]