ناونیشانی بابەت: چەند دەستکەوتی شۆڕشی ژینا لە ڕۆژهەڵات
ناوی ئامادەکار: هەڵمەت کوێستانی
=KTML_Bold=پێشەکی=KTML_End=
باسکردن لەسەر ئەم شۆڕشە ڕەنگە دەرفەت و مەجالێکی زیاتری پێویست بێت. دەکرێ لەسەر ڕووداوەکان لە ڕێی فاکتەکانەوە لێکۆڵینەوەی جدی بکرێت و لە ڕێی تێئۆریگەلی کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە لە چەند سووچەوە لەم شۆڕشە بخوێنینەوە. بەڵام ئەم نووسینە بە تەمایە بابەتیانە بە پێی ئەزموون و تێگەیشتن و ژیانی نووسەرەکەی بڕێک لە دەستکەوتەکانی ئەم شۆڕشە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بخاتە بەرچاوی خوێنەر تا پاشان لەسەریان چڕوپڕتر باس بکرێت و بۆ پێشهاتەکان خوێندنەوەی جدیتر و درووستترمان هەبێ.
یەکێ لە دەستکەوتەکان بە تایبەت لە ئێران و لەناو بەشێک لە جەماوەری کورد، شکستی یەکجارەکیی دیسکۆرسی کۆماری ئیسلامییە. ڕەنگە ئەم دیسکۆرسە لە کوردستان هەرگیز ڕەوایی نەبووبێت؛ بەڵام ئێستە ئەم ناڕەوابوونەی پەرەی سەندووە و لە هەموو ناوچەکان تەشەنەی کردووە. ساڵگارێکە لە ڕێگە و کەرەستەی چەشناوچەشنەوە بە تێچوویەکی زۆر دەسەڵات بە تەمایە بایەخ و بڕیاڕ و ئەندێشە و دنیابینییەکانی خۆی پەرە پێ بدات و بەسەر خەڵکدا پسەپێنێت. بۆ ئەم کارە ئایین و سیستەمی پەروەردە و دامودەزگای زەبەلاحی ڕاگەیاندن و تەنانەت بە ڕانت و وامی حکوومەتی، بگرە بەشی بازاڕ و شتومەکیشی خستووەتە گەڕ هەتا بە ئامانجەکانی بگات و باوەڕەکانی خۆی بۆ خەڵک و چینی تازە پێگەیشتوو دەروونی بکاتەوە. ئێستە پاش ئەم شۆڕشە سەرپاکی ئەو بایەخ و باوەڕ و ئەگەر و مەگەرانەی کە دەسەڵات دەمێکە بۆیان خەرج دەکات بوودجەیان بۆ تەرخان دەکات شکستیان خواردووە و ڕەوایییان زیاتر لە جاران لە دەست چووە. ئەگەر شۆڕش، بە واتای ئاڵوگۆڕ لە بایەخ و باوەڕەکاندا بێت، ئەوا ئێمە لە ئێران لەم ڕووەوە لەگەڵ شۆڕشێکی بنەمایی ڕووبەڕووین. دەکرێ ئەم دەستکەوتە لە دەستەواژەی شکستهێنانی وتاری کۆماری ئیسلامیدا کوورت بکەینەوە و دواجار بەچڕوپڕی باسی لێ بکرێت کە کاریگەرییەکانی ئەم دیاردەیە چین؟
تا کاتی ئەم شۆڕشە بەتایبەت لە یەک دەیەی ڕابردوودا، بە بیانووی ژیان و بژیوی ڕۆژانە، نزیکی لە دەسەڵات و تەنانەت نزیکی لە دەزگا سەرکوتکەرەکان، بەداخەوە دزێوی و ناشیرینیی خۆی لەدەست دابوو. بڕێک کەس بە ئاسانی هاوڕایی دەسەڵاتیان دەکرد و لە ڕێوڕەسمە حکوومییەکاندا بەبێ شەرم و بە ئاشکرا بەشدارییان دەکرد و تەنانەت لەخۆبایی چەکیشیان دەکردەشان و شەرمێکیان لەکەس نەمابوو، بەداخەوە بڕێجار خەڵکیش بەهۆی دووپاتبوونەوەی ئەو جۆرە هەڵسوکەوتانە لەگەڵی ڕاهاتبوون. ئەو مەترسیشە هەبوو ئیدی وردەوردە شەرمێک و سنوورێک نەمێنێ و شتەکە ئاسایی ببێتەوە. بەڵام ئێستە بەخۆشییەوە پاش شۆڕشی ژینا ئەم دۆخە گۆڕدراوەتەوە. من بۆ خۆم بە چاوی خۆم بینیومە ئەگەر لەناو کۆمەڵێک خەڵک دانیشی و یەکێک ئەندامی سپای پاسداران بێت ناوێرێت، یان لە ڕوی هەڵنایەت پیشەکەی خۆی ڕابگەیەنێت، ئەگەریش فرە ڕوودار و بێحەیا بێت و پیشەکەی خۆی بڵێت، خەڵک بە سووک و خائێن چاوی لێ دەکەن. دڵنیاشم هەرچی دەچینە پێشەوە ئەو شەرمە زۆرتر پەرە دەستێنێ و ڕای گشتییش خەریکە ئەو کەسانە دەخاتە ژێر گوشاری زیاترەوە. بۆ نموونە ئەگەر ئێستە هاوسێ ماڵێکت هەبێ لە دەسەڵاتەوە نزیک بێ، خەڵک لە گەڕەکەکە، خۆیان لە خۆی و لە ژن و منداڵیشی بەدوور دەگرن. ئەویش دواجار ناچارە یان شار و خزم و کەسوکاری خۆی جێبهڵێت یان پێداچوونەوەیەک بە خۆیدا بکات و بۆ ئامێزی نەتەوەکەی بگەڕێتەوه.
پێشتر وا دەردەکەوت کە کۆمەڵێک خەڵک و ئێلیت هەن لە دۆخەکە ناڕازین و جموجۆڵیان هەیە. بەڵام ئێستە ژن و منداڵ و لاو، تەنانەت بە تەمەنەکانیش گیرۆدەی دۆخی ناڕازیبوونن و گشتی کۆمەڵگە کەوتوونەتە ناو ڕووداوەکانەوە و کەسێک ناتوانێ بێلایەن دانیشێ. لە ڕاستیدا دوو ڕێیانێکە و دەبێ یەکێکیان هەڵبژێرێت. بۆ نموونە لە کاتی فوتباڵی ئێران و ئامریکا بە ساڵاچووەکان تەنانەت ئەوانەی یەک وشە لە فوتباڵیان نەدەزانی و نەشیشیان دەزانی هەند و کوڕنێر و پناڵتی و… چییە، نیگەران بە دیار یارییەکەوە دانیشتن و چاوەڕوانی دۆڕانی تیمی ئێران بوون و پاش دۆڕانەکەش هەر وەک لاوێک شادییان کرد. یان چیرۆکی “شیرینی فرۆشەکەی سنە” بێننە بەرچاوتان. هەمووی ئەمانە ئەوە پێشان دەدەن دەسەڵات هیچ ڕەواییەکی نەماوە و ناڕازیبوون گەلێ لەوە زیاترە ئێمە لە شەقامەکان دەیبینین. ئاستی ناڕەزایەتیی خەڵک لەوە قووڵتریشە تەنانەت لە میدیاکاندا دەیبینین. کەسێکی بە تەمەن ڕەنگە مەجالی کەمتر بێ هەتا ناڕەزایەتیی خۆی پێشان بدات تا بکەوێتە بەرچاوی ئێمە. دەبێ بچیتە ژێر پێستی کۆمەڵگەوە هەتا بزانی ئاستی ناڕەزایەتییەکان چەندە قووڵن. چەندە خەڵک ناڕازییە و چەندە چاوەڕوانی ڕووخانن. بۆیە ئەوەی دەیبینین ڕێژەیەکی زۆر کەمە لە ناڕەزایەتییەکان.
لە ساڵانی ڕابردوودا کۆمەڵگەی مەدەنی و فەرهەنگیی کوردستان پەرەیەکی باشی سەندبوو. تەنانەت ئەم کۆمەڵگەیە ڕۆڵێکی زۆریشی بووە لە تەتڵەکردن و زێندوو ڕاگرتنی وتاری نەتەوەیی و گەلێ پەرەیشی پێ داوە. هەروەها ئەم بزووتنەوەیە لە فێرکردن و جەماوریکردنی خوێندن و نووسینی زمانی کوردی دەورێکی حاشاهەڵنەگری بووە. بە جۆرێک زۆربەی ئەم کەسانە لە ڕێگەی چالاکیی زمانی و ئەدەبی و ژینگەیییەوە خەباتی نەتەوایەتیی خۆیان درێژە پێ داوە. بەڵام لە سێ مانگی ڕابردوودا جڤات و خەڵکی ئاسایی بەشێوەیەکی سەیر و بەپەلە وەپێش چالاکە ئەدەبی و فەرهەنگی و ژینگەییەکان کەوتووە. بە جۆرێک کۆمەڵگەی مەدەنی لە ئاست ئەم گۆڕانکارییەدا کەوتووەتە تەنگەژەوە و نازانێ چی بکات. لە لایەکەوە ئەگەر هیچ نەکات ویژدانی ئاسوودە نییە و هەست بە بەڕپرسیارێتی دەکات. لە لایەکەوە دەترسێ دەسەڵات خۆی کۆبکاتەوە و هەموو ئەو سامان و بەستێنەی هەتا ئێستە درووست بووە بە یەکجاری ڕاماڵێ و بۆ چەندین سەدە ئێمە تووشی خەسارەت بکات و لە هەموو بارێکەوە تێچوویەکی زۆر بەسەر کوردستاندا بسەپێنێ. لە لایەکی تریشەوە ناتوانێ بژاردەیەکی متمانەپێکراو کە شیاوی کارپێکردن بێت پێشکەش بە جەماوەر بکات. هەروەها پێشی خۆشە کۆمەڵگە ئەکتیف بێت و خەبات نەوەستیت و بەردەوام بێت. لە ڕاستیدا تەنگەژەیەکی سەیرە. بۆیە کۆمەڵگەی مەدەنی تا ئەم ساتەوەختە دۆشداماوە. بەڵام ئەم دۆخە لەوانەیە فرە نەخایەنێ و دواجار سەرپاکی کۆمەڵگە ناچار ببێت بڕیاری خۆی بدات و هەموو لەسەر بژاردەیەک کۆببنەوە.
شۆڕشی ژینا شتێکی تریشی بۆ ئێمە ئاشکرا کرد. ئەویش کەمایەسی و کەموکوورتییەکان و کەلێنەکانی ئێمەی کوردە. کورد بەگشتی و بەتەوای ئامادەی هەلومەرجە دژوارەکە نییە. بەڕاستی ئەگەر هەر لەو ماوەیەدا ڕژێم داڕمابا یان هەر ئێستە بڕۆخێ، ئێمەی کورد ئایا ئامادەییمان تیایە بۆ بەڕێوەبردن و کونتڕۆڵی کوردستان؟ لەباری نیزامی و ئابووری و دیپلۆماسییەوە چیمان کردووە؟ ئایا زەین و مێشکی خەڵکی کوردستانمان بۆ ئەو ئەگەرە ئامادە کردووە؟ ئایا بۆ ڕێکخستنی شارەکان و خەڵک پلانێکمان ئامادە کردووە؟ ئایا بەرنامەی سیاسی و شێوازی حکوومەتڕانیمان ئامادەیە؟ قسە و ستراتێژیمان بۆ کوردستان و بۆ خەڵکی ئێران چییە؟ بۆ بڕێ شار کە دۆخێکی ناوازەیان هەیە و کورد و غەیرە کورد پێکەوە دەژین، بەرنامەی کرداریمان چییە؟ لەم شوێنانە دیارە تەنیا دروشم و بەیانییە بەس نییە. ئێمە بۆ دانوەستان لەگەڵ ناوەند کارتەکانمان چین؟ ئایا ئەو متمانەیەمان بە خۆمان هەیە سیاسەت و داخوازییەکانمان پێشکەش بکەین و لە هیچ نەترسین؟ بەگشتی من وا دەزانم هیچ حزب و لایەنێک بە تەواوی کۆی ئەو ئامادەگییانەی تێدا نەبێ. وا دەزانم شۆڕشی ژینا بووەتە هۆی ئەوەی هەموومان لەمەولا بە جدی بیر لەم کەموکوورتییانە بکەینەوە و و پێویستە لەمەودوا بەجدی خۆمان بۆ هەر ئەگەرێک تەیار بکەین و ئەم کەلێنە ببینین. دڵنیام لەمەودواش ناوماڵی کوردی ئاوڕێکی جدی لە خۆی دەداتەوە. ناکرێ دانیشین ڕووداوەکان ئێمە لەگەڵ خۆیان ببەن و دواجار زۆر شت بدۆڕێنین، یان کەسانی تر شتەکان بۆ ئێمە دیاری بکەن.
شۆڕشی ژینا دەریخست ئۆپۆزسیۆنی کوردی لەناو دڵی جەماوەری کوردستاندا دەژیت و حزبەکان زیاتر لەوەی ئێمە دەمانزانی خۆشەویستن. ئەوانیش پێگە و جێگەی خۆیان زیاتر لە جاران کەوتە بەرچاویان. هەروەها هەم ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی، هەمیش کۆماری ئیسلامی بۆی دەرکەوت ئەم حزبانە و بەتایبەت حزبەکەی پێشەوا پێگەیەکی جەماوەریی بەهێزیان هەیە و نوێنەرایەتیی خۆزگە و ئاوات و ویستەکانی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە دەکەن. دیارە لە ساڵانی ڕابردوودا لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە گەلێ کۆشاون ئەم حزبانە لەبەر چاوی خەڵک بخەن، بەڵام ئێستە بۆیان دەرکەوت بەیەکجاری شکستیان خواردووە و لەمەولاش ناتوانن و بەو ئاسانییەش نییە هەرچی مەیلیانە بیکەن و سەودای هەموو کارێک لەسەریان بدات.
شۆڕشی ژینا بۆ ئێمەی کوردی سەلماند، ئەمبەر و ئەوبەر، چ شا بێت چ ڕەهبەر جیاوازییەکیان بۆ ئێمە نییە. هەموویان لەسەر یەکپارچەیی خاک، لەسەر بابەتی جیاوازی و تەنانەت مافی دیاریکردنی چارەنووس سەرجەمیان یەکدەنگن. ئەم شۆڕشە دەرفەتێک بوو بۆ ئێمە تا مێشکی ڕۆشنبیری فارس و چالاکی سیاسیی، دەروونناسانە ببینین و بەوردی بیخوێنینەوە. بۆمان دەرکەوت مەودای ئەو شتەی لە ڕواڵەتدا دەیڵێن لەگەڵ ئەو شتەی باوەڕی دەروونیان پێیەتی زۆر دوورە. هەر ئەم بابەتە بۆ ڕووناکبیری کوردیش ئەزموونێکی زێڕین بوو هەتا لەمەودوا ئیتر بە ئاسانی باوەڕ بە دروشمی باقوبریقەداری چالاکی ناوەندگەرا نەکات.
پاش ئەم شۆڕشە دڵنیام بۆ سیاسەتوانی کورد ڕوون بووەتەوە لەمەودوا سیاسەت و دانوەستانەکان لەگەڵ ناوەند دەبێ تەنیا لەمەڕ تاکتیکەکانەوە چڕ ببیێتەوە. بۆیە نابێ لەسەر خاڵە “ئۆنتۆلۆژییەکان” هیچ وتووێژ و خۆ بچووککردنەوەیەک و خۆبەکەمزانینێک ڕوو بدات. کورد دەبێ لەوە تێگەیشتبێ خۆی خاوەن ئەزموونە و پێگەی خۆی هەیە، نابێ چاوەڕوان بێت کەسانێک بێن بەشی بدەن. [1]