قوربانییەکەی منداڵ هاوسەری لە شاری خۆی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا
ڕاحلە ڕاهدار، تەمەن 15 ساڵ و خەڵکی شارۆچکەی کۆتۆل سەربە شاری #خۆی# لە نزیکی وەرمێ، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. ناوبراو قوربانی منداڵ هاوسەری بووە و چەند مانگ پێش بنەماڵەکەی بە زۆر بە مێردیان داوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە 22ی پووشپەڕی 2723 ( 13ی جولایی 2023 ) کچێکی تەمەن 15 ساڵی قوربانی منداڵ هاوسەری بەناوی ڕاحەلە ڕاهدار لە ماڵی دایک و باوکی لە شاری کۆتۆل، سەربە شاری خۆی، لە ڕێگای خۆهەڵواسینەوە، کۆتایی بەژیانی هێنا.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕاحلە ڕاهدار، لە تەمەنی 14 ساڵی لەلایەن بنەماڵەکەیەوە بەزۆر بە مێرددراوە و دوای تێپەڕینی حەوت مانگ بەسەر ژیانی هاوبەشیدا کۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە.
چالاکێکی مەدەنی لە شاری قتور لەم بارەوە بە هەنگاو ڕاگەیاند: ڕاحلە ڕاهدار دوای ئەوە کێشەکانی لەگەڵ مێردەکەی گەیشتووەتە ئاستی ڕادەبەدەر، گەڕاوەتەوە ماڵی دایک و باوکی و لەسەر ئەم بابەتە لەگەڵ بنەماڵەکەی تووشی کێشە هاتووە، کە بووە هۆی خۆکوشتنی ناوبراو.
سەرەڕای دژایەتییە کۆمەڵایەتییەکان کێشەی منداڵ هاوسەری لەگەڵ جەستە و دەروونی منداڵدا ناگونجێت. ئەم بابەتە بەردەوام ناڕەزایەتی چالاکانی مەدەنی و مافی مرۆڤی لێکەوتووەتەوە. بەهۆی دەستتێوەردانی دینەکان لەژیانی تاکەکاندا و نەبوونی چاودێری یاسایی لە ناوچە جیاوازەکان و لەنێوان دینە جیاوازەکاندا، منداڵ هاوسەری دەبێتە هۆی پێشێلکردنی مافی منداڵان و ژنان.[1]