پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، #30-05-2022#، بەڕێز #فازڵ میرانی#، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی، پێشوازیی لە خاتوو ماری پارێ، نوێنەری یەکێتیی ئەورووپا لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە دیدارەکەدا کە هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی ئامادە بوو، بەڕێز فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی #پارتی دیموکراتی کوردستان#، وێرای بەخێرھێنانی میوان، سوپاسی یەکێتیی ئەورووپای کرد بۆ ئەو ڕۆڵە ئەرێنییەی لە ئێراق و هەرێمی کوردستان دەیگێڕن بۆ هاوکاریی پەنابەران و بەهێزکردنی دامودەزگاکانی دەوڵەت.
سکرتێری مەکتەبی سیاسی باسی لە ڕەوشی ئێستای ئێراق و دواین هەنگاوەکان بۆ چارەسەرکردنی جیاوازییەکانی نێوان لایەنەکان بۆ دامەزراندنی حکوومەتی داهاتووی ئێراق کرد و ڕایگەیاند: ''ئامانجی پارتی دیموکراتی کوردستان و جەنابی #مەسعود بارزانی# سەقامگیری و ئاشتییە لە کوردستان و ئێراق، بۆ ئەو مەبەستەش هەمیشە لە هەوڵدا دەبین بۆ بەدەستهێنانی و لە ئاییندەشدا ئەو هەوڵانە چڕتر دەکرێنەوە.''
لە درێژەی گفتوگۆکاندا بارودۆخی هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنی پەڕڵەمانی کوردستان و پەیوەندیی لایەنە سیاسییەکان باسی لێ کرا و بەڕێز میرانی جەختی کردەوە کە پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەی سازانە و پێی وایە گرفتێکی وا نییە کە ببێتە بەربەست بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و بەردەوامیی چاکسازی و خزمەتی میللەتی خۆمان، هەروەها باسی دانیشتنی شەش پارتە سیاسییەکەی هەرێمی کوردستان لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان بەشێکی دیکەی ئەو دیدارە بوو.
لە دیدارەکەدا خاتوو ماری پارێ سوپاسی مەکتەبی سیاسیی کرد بۆ ئەم پێشوازییە گەرمەی کە لێی کراوە و، ئاماژەی بەوە دا کە سەقامگیری و پێشکەوتنی ئێراق بۆ یەکێتیی ئەورووپا گرنگ و پێویستە و بەردەوام دەبن لە هاوکاری و هەماهەنگی لە تەواوی بوارەکاندا.
نوێنەری یەکێتیی ئەورووپا ڕەوشی چەق بەستووی ئێراقی بە ناتەندرووست وەسف کرد و وتی: ''ئەو بارودۆخە لە بەرژەوەندیی دەوڵەت و گەلانی ئێراقدا نییە، بۆیە پێویستە لایەنە سیاسییەکان ئەنجامی هەڵبژاردن بکەنە پێوەری دامەزراندنی حکوومەتی داهاتووی فیدراڵیی ئێراق و خزمەت بە دانیشتووانی ئێراق بکەن.''
دەربارەی هەڵبژاردنی پەڕڵەمانی کوردستانیش خاتوو ماری پارێ وتی: ''گرنگە هەرێمی کوردستان بتوانێت لە کاتی دیاریکراودا هەڵبژاردن بەڕێوە ببات و کار بکات لەسەر باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان لایەنەکان.''
نوێنەری یەکێتیی ئەورووپا جەختی کردەوە لەسەر بەردەوامیی هەماهەنگیی وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا لەگەڵ هەرێمی کوردستان و بەهێزکردنی دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و ئابووری و باشترکردنی گوزەرانی خەڵکی هەرێمی کوردستان. [1]