هەڕەمەکانی جیزە
دوور نییە؛
مێردەکەت بە نەخۆشی تاعوون بمرێت.
دوور نییە؛
براکانت بچنە شەڕێکی قورس و نەگەڕێنەوە
دوور نییە؛
باوکت لە گەشتێکی نێوان ئاسیاو ئەفریقادا، لەناو فرۆکەیەکا، بسووتێ.
دوور نییە؛
سەرەک هۆزەکەتان، مار پێوەی بدات و فریای خەستەخانەیەک نەکەوێت.
لەوانەیە؛
ژنەکەم لە بورجی خەلیفە بکەوێتە خوارەوە و هەپڕوون بە هەپڕوون بێت
لەوانەیە؛
براکانم لە کەنداوی عەقەبەدا، لەناو کەشتییەکی بازرگانیدا، بخنکێن.
لەوانەیە؛
کوڕو کچەکانم تووشی ئەلزهایمەر بن و منیان لەبیر بچێتەوە
لەوانەیە؛
سەرەک هۆزەکەمان، فیشەکێکی لەدەست دەرچێت و بەر تەوقە سەری بکەوێت
دەشێ؛
نیوەشەوێک، هەڕەمەکانی جیزە، هەلاهەلا بن
دەشێ؛
من و تۆش،
لە هۆتێلێکی پێنج ئەستێرەی پاریسدا،
زەماوەند بکەین.
هۆزانەوان: #قوبادی جەلیزادە# [1]