پەپووسلێمانکە
1
هەموومان بەیەکەوە تابلۆمان کێشا
تەنیا هی من ڕەش و سپی بوو،
ئاخر ژنێک،
هەموو ڕەنگەکانی لێدزی بووم
2
هاوڕێکانم،
بەناو دارستانەکەدا ڕایان دەکرد
من لە سێبەری شەنگەبییەکدا، پاڵکەوتم
پێخاوس بووم
ڕۆژی پێشتر بەنرخێکی هەرزان، پێڵاوەکانم فرۆشتبوو بە؛
کیسەڵێک
3
لەناو بەفرباریندا سەمایان دەکرد
من ڕووت بووم نەمتوانی
لەساتە وەختی هەڵکرنی زستاندا، جلکەکانم بەکرێ دابوو بە؛
دارکونکەرەیەک
4
نەچوومە بەربارن
هەفتەیەک بەر لە داکردنی باران،
چەترەکەی لێخواستبوومەوە؛
پەپوولەیەک
5
چەندی کۆشام بۆم نەکرا گۆرانی بڵێم
چونکە سەرلەبەیانی زوو،
زمانم بەخشی بوو بە؛
بۆقێکی لاڵ
6
نەکارام کەمانچەکە بژەنم
دەستی ڕاستم کردبووە دیاری
بۆ قڕژاڵێکی کەمئەندام
7
بەفر سەری بەتەواوی سپی کردم
لەسەرەتای پایزەوە
کلێتەکەم کردبووە سەری؛
-پەپووسلێمانکەیەک
8
کەرۆژ هەڵات ،
من دەزووولەیەک ڕووناکیم نەدیت
لەنیوە شەوەوە چاوم دابوو بە؛
حاجیلەقلەقێکی نابینا
ناوی نووسەر: #قوبادی جەلیزادە# [1]