گۆچان
1
بەیەکەوە دەسووتێن؛
کتێبخانەکەی من
و
باخەکەی باخچەوان.
2
لەگەڵ زرمەی ڕۆکێت،
ژنێک منداڵەکەی لەبار دەچێ.
کۆترێکیش هێلانەکەی نغرۆ دەبێ و
هێلکەکانی لێ دەکەوێتە خوارێ
3
بەیەکەوە دەپەڕن؛
لقی پیاوێک و
قۆڵی درەختێک.
4
شەڕ چرچ و لۆچ
دەکاتە دیاری؛
-بۆ ڕوخساری گوڵ و پەپوولە،
5
پێکەوە تووشی خوێن بەر بوون دەبن
سووڕی مانگانەیان، دەبێ بە سووڕی ڕۆژانە!
-کیژێک و کەروێشکێک.
6
لەبن داروو پەردوودا بەیەکەوە دەخنکێن؛
-منداڵێک و گوجیلەیەک.
7
میوە فرۆشەکان ، دەبن بە تابلۆفرۆش؛
-تابلۆی خوێن و دووکەڵ.
8
پێکڕا پیر دەبن،
پێکڕا،
ڕیز دەبەستن بۆ کڕینی گۆچان؛
-مانگ و مرۆڤ.
ناوی نووسەر: #قوبادی جەلیزادە# [1]