زەمانى حەساڕى سەر عێراق
نووسینی: #شێرزاد شێخانی#
لەو ڕۆژانەدا چەند نووسینەکم لەفەیسبووک خیندەوە لەسەر حەواڵەکردنى پارە لەسەردەمى حەسارە سەختەکەى سەر عێراق لەسەرەتاى سارانى نەوەتەکان.. ئەو جۆرە یادگارییانەش ئەگەر چى تاڵ و ئازاربەخشن، بەڵام بیرکردنەوەیان هەر سوودى هەیە، بەتایبەت جیلى ئێستا نازانن داک و بابیان چۆن ژیانەکى کولەمەرگى و هەژارى و نەدارییان لەزرووفە سەختەکاندا بەسەر بردیە، دەرسێکیشە لۆ ئەوانەى ئێستا قەدرى پارە نازانن و، هەر دوو دیناریان بێتە گیرفان سەفەرى جۆرجیا و ئازەربایجان و بەیرووت و قاهیرە دەکەن و قەناعەتیایشان نەمایە و چاویشیان بەهیچ تێر نابى.
لەدواى شەڕى عێراق و ئەمریکا لەسەر داگیرکردنى کوێت، ئەنجوومەنى ئاساییشى نێودەوڵەتى کۆمەرەک بڕیارى زۆر سەختى بەسەر عێراقدا سەپاند، یەکەکیان ئابڵوقەى ئابوورى بوو، واتە حەسار.. لەولاشەوە بەهۆى ئەوەى کوردیش لەدواى ڕاپەڕین لەبن چنگى عێراق ڕزگارى ببوو، سەدامیش ئابلوقەیەکى ترى خستە سەر کوردستان، بەوەش میللەتى کورد بەهۆى دوو حەسارەوە کەوتە ژیانەکى کولەمەرگییەوە و خێزانەکان دەستیان بەفرۆشتنى کەلوپەلەکانى ناو ماڵیان کرد لۆ دابینکردنى قووتى ڕۆژانەیان. سیعرى خواردنەکانیش ئاگرى گرت، کیلۆى شەکر بوو بە 100 دینار ما یعادل 33 دۆلارى ئەو سەردەمە، سیعرى ئارد فڕى، ناچار خەرکى کەپەکیان دەکردە نان، ڕوونى تەنەکە بووە حەفتا دینار، ئەوەش لەکاتەکى معاشى هیچ مۆزەفەکى نەدەگەیشتە سەت دینار، ئیدى خەرکى بەعام کەوتنە ژێر پلەى هەژارییەوە.
لەو سەردەمەدا ئەوانەى کوڕ و خزمەکیان لەخاریج بایە، تۆزەک وەزعیان باشتر دەبوو کاتەکى خزمەکانیان هەندەک پارەیان لۆیان حەواڵە دەکرد. جا هەبوون پیاو بوون لەو زرووفەدا تەقسیریان لۆ عائیلەکانیان نەدەکرد و مانگانە یان دوو مانگ جارەک بڕەک مارک و دۆلاریان دەناردەوە، جا ئەو کاتى ئەگەر کەسەک بیتانیبایە هەزار دۆلارەک تەحویل بکا بەو پارەیە خانیەکى باشى پێ دەکڕدرا..
وەکى گۆتم هەندەک کەس پیاو بوون، پارەى باشیان حەواڵە دەکردو، هەندەکیشیان ئەوەندە قرچۆک و پارەپەرست بوون تەنانەت لەو زرووفەشدا بەهاناى کەسوکارى خۆیان نەدەهاتن. یەک لەوانە کابرایەک بوو کە شەش مانگ جارەک پەنجا دۆلارى دەناردەوە و نامەیەکى دوورودرێژیشى لەگەر دەنووسى کە چۆن چۆنى تەوزیعى بکەن. دەیگۆت 10 دۆلار بدەنە داکم و 10 دۆلار لۆ برا گەورەکەم، 10 دۆلاریش لۆ براى ناوەنجى و پێنجیش لۆ برا گچکەکەم، پینج دۆلار بدەنە خوشکە گەورەکەم و پێنجیش بدەنە خوشکى ناوەنجى و پینجیش لۆ خوشکە گچکەکەم، ئیدى بەو شێوەیە پەنجا دۆلارەکە دابەش دەکرا بەسەر خێزانەکەى!. ئەوجا کێشەکە لەوەدابوو، دواى ئەوەى حەسار تەواو بوو، وەزعى میللەت تۆزەک باشتر بوو، ئەو کابرایە کە بەسەفەر دەهاتەوە دەبایە ئەو عائیلەیەى وەختى خۆى پێنج دۆلاریان وەردەگرت، دەعوەتى واى لۆ ساز بکەن کە بەقەدەر پەنجا دۆلار نان و خواردنى لەپێش دادەنرا..
ئەوەش وەزعى حەسار و وەزعى کەسوکارمان لە خاریج.[1]
باقى وەلسەلام...
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!
کوردیپێدیا جە دلېنەو ئی بابەتۍ ۋەرپەرس نېیەن، خاۋەنو/خاۋەنۊ بابەتەکۍ ۋەرپەرسیارەن. کوردیپێدیا بە مەبەسو ئەرشیڤکەرڎەی ئی بابەتېشە تۊمارە کەرڎېنە.
ئی بابەتۍ بە زۋانی (کوردیی ناوەڕاست) نۋیسیێنە، پەی ئەۋەکەرڎەی بابەتەکۍ بە زۋانېۋ کە نۋیسێنە، سەرو ئایکۆنو
ی کلیک کەرە!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
ئی بابەتۍ 26 جارۍ ۋینیێنە
پەیلۋاو وېت چە بارەو ئی بابەتۍ بنۋیسە!