باوی، بەهیڤ، باام، چوالە، چەقالەبادام، بایم، بادامە تاڵە، باڤی، بادم، ئەم ناوە لە وشەی یۆنانیی Amygdal لەوە هاتووە، ئەڵێن ئەمیش لە وشەی Ahl-mygdaldی سوریەیی کە مانای (دارێکی جان) دەدات هاتووە. بادام دارێکە لە تیرەی "گوڵ سوورەکان" Rosacées، کە سەردەستەی "بادامییەکان" Amygdalées نە. دارێکی گەڵا درێژ و باریکە، گەڵا و گوڵی ئەم دارە وەک گەڵا و گوڵی دار قۆخ وایە. بەرزی دار بادام لە 6 تاکوو 8 میتر دەبێ. گوڵەکانی شێش لە سەوز بوونی گەڵاکانی خونچە ئەکەن، جامی هەر گوڵێک 5 پەڕەیە و هەر گوڵێک 25 تاکوو 30 نێرتکی هەیە. بەرێ ئەگرێ کە لە پێشدا نەرم و ڕەنگ سەوزە، کە پێی ئەڵێن چەقالە بادام و تۆکڵێکی ناسکی مەخمەڵی سەوزی پێوەیە، بەڵام کە پێگەیشت وەک گوێز ڕەق ئەبێ و تۆکڵە سەوزەکەی دادەخا و هەر پێستە بەردینەکەی دەمێنێ. جۆرێکیان کە خۆر ڕەق نابن و زوو دەشکێن، پێیان دەڵێن "کاغەزی". ناوکە بادامیش بە دوو جۆری تاڵ و شیرین هەیە، دەنکی وایە لە جیاتی ناوکێ، دوو ناکی تێدایە، جۆرە شیرینەکەی هەر بە چەقالەیی خوێی دەکەن و دەیخۆن، کە ڕەقیش بوو دوای ئەوەی کە لە تۆکڵە ڕەقەکەی دەرهات ئەخورێ یان دیبرژێنن و دەیخۆن و یان ڕۆنی لێ ئەگرن، کە لە سەد دا پەنجای ڕۆنە، ڕۆنەکەشی بۆ دەرمان ئەشێ و بۆ ساز کردنی سابوونیش بەکاری دێنن. بادام ڤیتامینی A، B، و Calciumی تێدایە و زۆر بە هێزە، ڕۆنی بادام سک وەکات ئەخا و بۆ ئەم مەبەستەش پانزدە یاکوو شەست گرەم بەکار ئەبەن و بۆ منداڵ هەر چەند تەمەنی لە خوارەوە بێ ئەوەندە کەمتر بەکاری ئەبەن. بادامی تاڵ خراپە و خواردنی دە دەنک ڕەنگە منداڵێک بکوژێ، لەو ڕادەیە زۆرتریش بۆ گەرەساڵان خراپە. ئەو شوێنانەی کە بادامی زۆری لێ دەڕوێ پێی دەڵێن "بادەمسان". بادام لەو ناوکانەیە کە لەشی مرۆڤ دەتوانێ دژکردەوە (حەساسیەت)ی پەیدا بکا، ئەو کەسانەش ئەگەر زۆری بخۆن، تووشی هەناسە تەنگی دەبن و ڕەنگە پێیشی بمرن. بادام چەندین جۆری هەیە کە لە کوردستاندا دەست دەکەون، بەڵام لە بەر ئەوەی وەک دارێکی پیرۆز چاوی لێ دەکرێ، بەداخەوە لە زۆر شوێنی کوردستاندا تەنیا لە سەر گۆڕستانەکان دەچێندرێ. داری بادام لە ئێراندا 20 جۆری گەورە و چووکەی هەیە. بادامی شیرین یەکێکە لەوانە کە لە باری بازرگانیەوە گرنگێکی زۆری هەیە. بێجگە لە ئێران لە باکووری ئافریقا، دووڕگەکانی باڵکان، باشووری ڕۆژئاوای ئاسیا، باکووری ڕۆژهەڵاتی ئاناتۆلی، قەفقاز، سوریە، عێراق، لبنان، افغانستان، تورکمەنستان و ناوەندی ئاسیا دا دەڕوێ. بە فەرانسەیی پێی دەڵێن Amandie.