تۆماتێز، باینجانی سوور، باینجانی ڕۆمی، باینجانی فەرەنگی، (Lycopersicon esculentum Mill.) بەری تەرزە تەماتەیە کە گیایەکی یەک و یان چەند سالەیە و سەر بە تیرەی "پەتاتەکان" (Solanaceae) کە میوەیەکی سوور و جوان و ئاودارە. تەرزەکەی سەوز و کوڵکنە و بەرزە و لەبەر قورس و گرانی تەماتەکان زۆر جوان لەسەر زەوی ڕادەکشێ، گوڵەکانیشی زەردن و نزیک یەک سانیمیتر گەورە دەبن. ئەم ڕووەکە لە سەرەتاوە لە خوارووی و ناوەندی ئامریکاوە پەیدا بووە و لە سەردەمی داگیرکاریەکانی ئسپانیا بە جیهاندا بلاو کراوەتەوە. ئێستاش لە هەموو جیهان پەروەردە دەکرێ و چەندین جۆر و فۆرمی دیکەشی لێ کەوتووەتەوە. تەماتە یەکێک لەو سەوزی و میوەجاتانەیە کە لە دوانیادا نزیک سێ میلیۆن هیکتار ئەرزی بۆ خۆی دەستەبەر کردووە، بە جۆرێک یەک لە سێی هەموو ئەو شوێنەی کە بۆ تەڕەکاڵ و زەوزیجات تەرخان کراوە، دراوە بە تەماتە. تەماتە بە کاڵێ، کوڵاوی، سوورکراوەیی و بە دەیان شێوازیتر دروست دەکرێ و دەخورێ.
هەرچەندە لە زانستی گیاناسیدا تەماتە بە میوە دەژمێردرێ بەڵام زۆتر بە تەڕەباری دەزانن. لە بەر گرینگی لاینی باری ئابووری ئەم گیایە، لێکۆڵینەوەی زۆری لەسەر کراوە و لە زانستی ژنیتیکیدا بە یەکێک لەو گیایانەیە کە وەک ئەڵگو ناسراوە. لەو لێکۆڵینەوانەدا کە کراون دەرکەتووە کە تەماتە لەسەرەتاوە بنەماڵەی تەماتە گیاگەلێکی خۆڕست بوون کە بەری چووکەی ڕەنگ سەوزیان گرتووە و لە ناوچە کوێستاینیەکانی "پیرۆ"وە هاتوون. ئەم گیایە جۆری زۆیر لە دەستەی Lycopersicon بووە، بەڵام جۆرێکیان بە ناوی Solanum lycopersicum گەیشتووەتە مکزیک و دوای ماوەیەک لەوێ بووە بە خەڵکی ئەوێ و لەوێ دەست بە پەروەردە کردنی کراوە.
مێژووی ڕاست و دروستی پەروەردە کردنی تەماتە بۆ یەکەم جار هێشتا نەزانراوە. بەڵام لەوانەیە یەکەم جۆریی تەماتەیەکی ڕەنگ زەرد بووبێ کە تەماتەکانی بە قەد گیلاسێکە و بە هۆی "ئەزتکەکان"ەوە پەروەردە کرابێ. لەو نووسراوە کۆنانەدا کە ماوەتەوە دەردەکەوێ کە ئەم میوەیە لەگە بیەر و زەڕات و خوێدا ئامادە کراوە و خوراوە. تەماتە نزیکەی 500 ساڵ پێش زایین لە خوارووی میکزیکەوە پەروەردە کراوە. دانیشتوانی پوئبلۆ لەسەر ئەو باوەڕە بوون کە ئەو کەسانەی دەنگ و تۆوی تەماتە دەخوەن، هێزێکی خوادایی تەبەڕکیان دەکا.
لەسەر گواستنەوەی تەماتە لە ئوروپاوە بە باقی شوێنەکانی جیهان بیروبۆچوونی جیاواز هەیە. هێندیک لە مێژووزانان لەسەر ئەو باوەڕەن کە "ئەرنان کورتس" داهێنەر و خوڵقێنەری ئیسپانیایی، دوای ئەوەی گیرانی شاری "ئنوکتیتلان" پێتەختی "ئازتکەکان" لە ساڵێ 1521دا، میوەیەکی زۆر چووکە و ڕەنگ زەردی ناردووە بۆ ئوروپا. بیروبۆچوونێکی دیکەش دەڵێ کە "کریستف کلۆمب" لە ساڵی 1493دا یەکەم کەس بوو کە ئەم گیایە بردووە بۆ ئوروپا. کۆنترین بەڵگە لەسەر تەماتە لە ئوروپادا کتێبێکی گیا ناسییە کە لە ساڵی 1544دا بە هۆی "پێترۆ ئاندرۆئا ماتیۆلی" پزیشک و گیاناسی ئیتالیایی نووسراوە. ئەو لە نووسینەکەی خۆیدا بە تەماتە دەڵێ pomo d’oro کە مانای سێوی تەڵایی دەدا.
دوای مانەوەی ئیسپانیاییەکان لە ئامریکانی لاتین، لە سەرەتای سەدەی شازدەهەمدا ئیسپانیایەکان لە "کارائیب"دا تەماتەیان بەسەر مسعمرەکانی خۆیاندا بڵاو کردووەتەوە. ئەوانیش لەوێوە گەیاندوویانەتە وڵاتانی ئوروپایی و فیلیپین و لەو ڕێگایەشەوە گەیشتووەتە ئاسیای شەرقی و لەوێشەوە بە تەواوی ئاسیادا بڵاو بووەتەوە. تەماتە زۆر بە هاسانی لە کەش و هەوای مەدیتەرانەییدا پێدەگا و هەر بۆیە لە ساڵی 1540 دەست کراوە بە چاندن و پەروەردە کردنی.
یەکەم جار بە هۆی "پێترۆ ئاندۆئا ماتیولی" تەماتە لە ئوروپادا ناسرا و هەر لە سەرەتای هاتنەوە وەک میوەیەک بۆ خواردن و لێنان کەڵی لێ وەرگیراوە، لە سەرەتای سەدەی حەڤدەی زاینیەوە لە ئیسپانیا لە دروست کردنی خواردندا بەکار دەبرا. یەکەم کتێبی ڕێنوێنی چێشت لێنان کە پێکهاتووە لە شێوەی دروست کردن چێشت و خواردن بە تەماتە لە ساڵی 1692دا لە ناپل نووسراوە. وا دێتە بەرچاو کە نووسەری ئەو کتێبە بۆ شێواز و شێوەی لێنانی ئەو چێشتانە کەڵکی لە سەرچاوەی ئسپانیایی وەگرتبێ. سەرەڕای ئەوەش لە هێندێک شوێنی وەک "فلورانس"دا تەماتە تەنیا بۆ شێوەی ڕازاندنەوە و دیکۆراسیۆنی بەکار دەبرا و تەنیا لە کۆتایی سەدەی حەڤدەهەم و سەرەتای سەدەی هەژدەهەمەوە بۆ خواردن کەڵی لێ وەرگیراوە.
تەماتە تەنیا لە ساڵی 1590دا لە بریتانیا پەروەردە کرا. یەکێک لە هەوەڵین کەسانێک کە لەسەر چاندنی تەماتە نوویسویە، نەشتەرگەرێک بوو بە ناوی "جان جرارد" کە لە ساڵی 1597دا کتێبی ڕووەکناسی بڵاو کردەوە، لەسەر بابەتێکی پێوەندیدا بە تەماتەوە دەدوێ، ئەو زانیوەیە کە تەماتە لە ئسپانیا و ئیتالیادا دەخورێ، سەرەڕای ئەوەش ئەو نووسی کە ئەم میوەیە ژەهراوییە. لە ڕاستیشدا گیای تەماتە تۆزێکی زۆر کەم مادەی "توماتین"ی تێدایە کە جۆرێک لە "گلیلۆئالکوئید"ی ژاراوییە کە زۆر جێگای مەترسی نیە. هەر جۆرێک بێ بیروبۆچوونەکانی "جان جرارد" کاریگەری لەسەر کۆمەڵگا و خەڵکی دانا و هەربۆیە، لە لای بریتانیایەکان و ئەو ولاتانەنەی کە لە سەرووی ئامریکاوە مستعمرەی ئەمان بوون تەماتە بە خوەراکێکی نەباش و ناسالم دەژمێردرا.
لە نێوەڕاستی سەدەی هەجدەهەمدا، تەماتە بە شێوەیەکی گشتگر لە بریتانیادا دەخورا. لەم هەمان سەدەدا دانیشنامەی بریتانیکا لەسەر تەماتە نووسی کە بە شێوەی ڕۆژانە تەماتە لە دروست کردنی سۆپەکان و هەروەها بۆ تامی چێشت بەکار دەبرێ. لە دەورانی دەسەڵاتی ڤیکۆتۆریادا، ڕادەی پەروەردە کردنی تەماتە لە گوڵخانەکاندا گەیشتە ڕاستی پیشەسازی.
باکوری ئامریکا. کۆنترین سەرچاوەی پێوەندیدار بە پەروەردە کردنی تەماتە لە باکوری ئامریکا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1710ی لە "کارولینا"ی خواروو. لەوانەیە ئەم گیایە لە ڕێگای "کارائیب"ەوە گەیشتبێتە باکوری ئامریکا. لە نێوەڕاستی هەمان سەدەدا هێندێک لە دانیشتووانی ئەوێ هێشتا لەسەر ئەو باوەڕەدا بوون کە تەماتە ژەهراوییە و بە شێوەیەکی گشتی ئەم گیایە تەنیا بۆ ڕازندنەوە بوو تاکوو خواردن. "تۆماس جیفرسۆن" لە بنیاتنەرانی ئەیالەتی یەکگرتووی ئامریکا، هێندیک لە دەنگە تەماتانەی کە لە پاریس خواردبووی ناردبووەوە بۆ ئامریکا. کەش و هەوای لەباری هێندیک شوێنی وەک فلوریدا و کالیفۆرنیا، بە زۆری بوون بە شوێنی ناردە کردنی تەماتە. زانکۆی کالیفۆرنیا لە دیویس کراوە بە یەکێک لە ناوەندە سەرەکی و گرینگەکانی لێکۆڵێنەوە لەسەر پەرەوەردەی تەماتە.
تەماتە لە سەرەتای سەدەی نۆزدەهەمەوە لە ڕۆژهەڵاتی نیوەڕاستدا بڵاو کراویەوە، هەر لە سەرەتاوە وەک تام و جێژی خواردن و لێنانی چێشت بەکار هاتووە. تەماتە و شەتڵە تەماتە بە دوو ڕێگەوە هاتووەتە ئێران، یەکەم لە ڕێگای تورکیە و ئەرمەنستانەوە و دووهەم لە ڕێگای سەفەرەکانی بنەماڵەی قاخارەوە بۆ فەرانسە. لە سەرەتادا پێیان وتووە باینجانی ئەرمەنی یان باینجانی ڕۆمی.
ناوە زانستییەکەی لە وشەی لاتینی "esca"(چیشت)ەوە وەرگیراوە. ناوی "تەماتە"ش لە ناوی "tomate"ی ئیسپانیاییەوە وەرگیراوە کە ئەویش لە وشەی "tomatl"ەوە وەرگیراوە کە لە زمانی سوورپێستەکانی ئامریکادا "nauhatls" مانای "چێشت" دەدا.
تەماتە میوەیە یان سەوزە. لە بواری ڕووەکناسیدا تەماتە بە میوە دەژمێردرێ. بەم حاڵەش لەبەر ئەوە ڕادەی شەکر و شیرینی تەماتە لە هەڵسەنگاندن لەگەڵ میوەکانیتردا، زۆر کەمە و زۆرتر لە سالاد و چێشتدا کەڵی لێ وەردەگیردرێ و نەک وەک دێسر و خواردنی دوای چێشت. لەبەر ئەوەش هەمیشە لە چێشخانەکاندا وەک زەوزی دەناسرێ نەک میوە. ئەم دوو دڵێیەش تەنیا لەسەر تەماتە نیە و ژمارەیەکیتریشیان دەگرێتەوە کە لەوانە باینجان، تروزی، کولەکە میوەن. ئەم دوو دڵیی و شک و گومانە ساڵی 1887 بوو بە هۆی باسێکی گەورەی یاسایی. لەو ساڵەشدا یاساکانی ئەو وڵاتە بۆ تەڕەبار نرخی گومریک دیاری دەکا (نەک میوە) بەم جۆرە پێگە و ڕێگەی تەماتە لەو وڵاتەدا گرینگییەکی یاسایی بە خۆیەوە گرت. دیوانی باڵای وڵاتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە لە ڕۆژی 10ی مانگی مەی ساڵی 1893دا لەسەر بنەمای ئەوەی کە زۆربەی خەڵک تەماتە بە تەڕەبار دەزانن و بۆ کەڵک وەرگرتن پراکتیک و کردەوە بە تەڕەباری دەژمیرین، ڕایگەیان کە تەماتە سەر بە تەڕەبارەکانە. ئەمەش تەنیا بۆ چارەسەر کردنی کێشەی گومریک بوو هەر بۆیە ئەو تاریفەی یاسای گومریک نەبوو بە هۆی ئەوەی کە لە بواری ڕووەکناسیشدا تەماتە لە ڕیزی میوەکاندا لابرێ و لەو بەشەدا هەر وەک خۆی مایەوە.
قورسترین تەماتە کێشێکی بەرامبەر بە 3،51 کیلوی هەبووە کە لە ساڵی 1986دا لە "ئوکلاهوما" پەروەردە کرابوو. درێژترین تەرزی تەماتەش کە 19،8 میتر درێژ بوو، سالی 2000 لە بریتانیادا ڕیکۆردی شکاند و تۆمار کرا.
دار تەماتە گەورەکەی سەیرانگای جیهانی والت دیزنی لە فلوریدا. تەرزە گیای تەماتە لە والت دیزنی فلورید، لەوانەیە گەورەترین تەرزە تەماتەی دونیا بێ و بەرهەم هێنەری 32 هەزار تەماتەیە کە هەموویان پێکەوە 522 کیلو کێشیان هەیە کە لە نێو ڕیکۆردەکانی جیانی گینسدا تۆمار کراوە. هەر تەرزێکی ئەم تەماتە بە جارێک و هاوکات هەزارانی تەماتە دەگرن کە لە ڕەستورانەکانی ئەو پارکەدا بۆ خواردن بە کار دێن.
تەماتە پڕە لە فیتامی C و لیکوپین.
بە ئاڵمانی پێیدەڵێن Tomate.
بە سویدی پێی دەڵێن Tomat.