بەپێی ئامارەکانی پۆلیسی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان، لەماوەی چوار ساڵی ڕابردودا زیاتر لە 500 هەزار ئۆتۆمبێل هاوردەی هەرێمی کوردستان کراوە، ئەم ژمارەیەش هێندەی زیادبونی ژمارەی ئۆتۆمبێلە لەماوەی 40 ساڵی ڕابردودا.
ئا: شوان بەرزنجی
بەپێی ئامارەکانی پۆلیسی هاتوچۆی هەرێم کە هەفتەنامەی باس بڵاویکردۆتەوە، ژمارەی ئۆتۆمبێلی تایبەت تا 31-12-2009 لەهەولێر 144 هەزار بووە، لەسلێمانی 60 هەزار بووە لەدهۆکیش 56 هەزار بووە، واتە لەهەرسێ پارێزگاکەی هەرێم بەگشتی 260 هەزارو 490 ئۆتۆمبێلی تایبەتی هەبووە، بەڵام تا 31-10-2013 ژمارەی ئۆتۆمبێلی تایبەتی گەیشتۆتە نزیکەی 576 هەزار.
بەپێی ئامارەکە، لەنزیکەی چوار ساڵدا 315416 ئۆتۆمبێلی تایبەتی زیادیکردووە، بەگشتی ژمارەی ئۆتۆمبێل لەهەموو جۆرەکان لەکوردستان گەیشتۆتە (1 ملیۆن و 137 هەزارو 63 ئۆتۆمبێل) کە تەنیا لەماوەی چوار ساڵدا واتە لە 31-12-2009 بۆ 31-10-2013 - 528307 ئۆتۆمبێل هاتۆتە ناو هەرێمی کوردستانەوە کە ئه و زیادبونەش هێندەی 40 ساڵ بووە.
پشت بەستن بەشیکردنەوەی ئه و داتایانە ساڵانە 80 هەزار ئۆتۆمبێل دێتە هەرێمی کوردستان کە زۆربەیان بۆ هەولێرە.
عەمید قادر سدیق بەڕێوەبەری گشتی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی گشتی هاتوچۆی هەرێم بەهەفتەنامەکەی ڕاگەیاندووە، زۆری ژمارەی ئۆتۆمبێل وایکردووە ڕوداوەکانی هاتوچۆ زیاد بێت. ناوبراو وتییشی، هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل به و ڕێژە زۆرە قەرەباڵغییەکی زۆری لێکەوتۆتەوه و ڕێگاوبانەکان لەتوانایاندا نییە ئەم هەموو ئۆتۆمبێلە تێیدا هاتوچۆ بکەن.
عەمید قادر ئەوەشی وتووە کە بەپێویستی دەزانێت کە حکومەت پرۆژەی ستراتیژیی هەبێت بۆ زیادکردنی شەقام و فراوانکردن و دروستکردنی پردو تونێل و شوێنی پەڕینەوەی هاوڵاتیان و گرنگیدانی زیاتر بەدیزاینی ڕێگاوبانەکان.
بەباوەری عەمید قادر سدیق، هێنانی بێسەروبەری ئۆتۆمبێل و زیادبونی ژمارەکەی لەئاست شەقام و ڕێگاوبانەکان نییە، ئه و دەڵێت، "ئەگەر بەمشێوە هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل بەردەوام بێت لەئایندەیەکی نزیکدا کێشەی خنکانی شەقامەکانی لێدەکەوێتەوە."
- 17-12-2013