بسم الله الرحمن الرحیم
جەماوەری سەربەرزی کوردستان حیزب و لایەنە سیاسییەکان ماوەیەکە هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی چەندین گرفتی سیاسی و دارایی و ئیداری و کۆمەڵایەتی بوەتەوە، زیاتر لە شەش مانگە لایەنی براوەی یەکەم سەرکەوتوو نەبوە لە پێکهێنانی حکومەت و پرۆسەی دانوستان و گفتوگۆکانی لەگەڵ لایەنە سیاسیەکان نەگەیشتوەتە ئەنجام.
ئێستاش لەپاش تێپەڕبوونی ئەو ماوە دورودرێژە،کاتی ئەوە هاتووە لایەنی براوەی یەکەم وەک چۆن بەرپرسیاریەتی پێکهێنانی حکومەتی لە ئەستۆگرت بە هەمانشێوەش ئەرکیەتی بۆ جەماوەری کوردستانی ڕوون بکاتەوە کە بۆچی سەرکەوتوو نەبووە لە پێکهێنانی کابینەی نوێدا و گرفتەکان چین و بەرپرسیاریەتی لە ئەستۆی کێدایە !! ئێمە پێمان وایە سەرەکیترین گرفت قبوڵ نەکردنی بەشداربونی لایەنە براوەکانە بە پێی پێگەو دەنگی بە دەستهاتووی خۆیان و ڕازی نەبونە بە سیستەمی خاڵبەندی لە دابەشکردنی پۆستەکان و ئەو گۆڕانکاریەی لەتەرازووی هێزەکاندا ڕوویانداوە.
بێگومان ڕازی نەبون بەمانەش ڕازی نەبونە بەبەشداری ڕاستەقینەی لایەنە سیاسیەکان لە پێکهێنانی حکومەت و بڕیاری سیاسی و بەڕێوەبەرایەتی، بەمەش قۆرخکردنی پۆستەکان وەک جاران بەردەوام دەبێت. سەبارەت بەو هەوڵانەش لە پەرلەمان دەدرێت بۆ وەگەڕخستنی ئەو ناوەندە تەشریعیە، لەبەر ئەوەی پێکهێنانی حکومەت و پەرلەمان کراون بەیەک پاکێج و بڕیاردان لای لایەنە سیاسیەکانە نەک پەرلەمان، بۆیە هەر هەوڵێک لەو شێوازانە جەماوەر بە موزایەدەی سیاسیان دادەنێن و دەزانن چارەسەری گرفتەکان لای کێن و لە کوێن. بۆیە ئێمە لەکۆمەڵی ئیسلامیەوە جەخت دەکەینەوە لەزەرورەتی کۆتایی هێنان بەم دۆخە چەقبەستووە، کەهۆکاری سەرەکی سەرجەم قەیرانەکانە و داوا لەلایەنی براوەی یەکەم دەکەین ڕاشکاوانە و بەفەرمی هۆکارەکانی دواکەوتنی کابینەی نوێ ڕابگەیەنێت چونکە پێکنەهێنانی حکومەت لەم شەش مانگەدا بوەتە جێگەی سەرنجی جەماوەرو دەوڵەتانی دراوسێ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش و پرسیاری زۆری سلبی لەسەر دروست کردووین. ئەگەر نا ئیدامەدان بەم دۆخە نائاساییە بە بیانووی نزیکبونەوەی هەڵبژاردنەکانی عێراق و پارێزگاکان چەند مانگی دیکە درێژە دەکێشێت و جەماوەری کوردستان هێندەی تر بێزار دەکات و ڕازی نابن دەنگەکانیان بەویستی هیچ لایەنێکی سیاسی بێ ڕێزی پێ بکرێت و حسابیان بۆ نەکرێت. ئێمەش لای خۆمانەوە دووپاتی دەکەینەوە کە هەرگیز بەشێک نەبووین لە گرفتی پێکنەهێنانی حکومەت،وە هاوکارێکی دڵسۆز دەبین بۆ چارەسەری گرفتەکان.
هیوادارین لایەنە براوەکان بە تایبەت براوەی یەکەم بەجدی لەم قەیرانە بێتە پێشەوە تا هەرێمی کوردستان لەم دۆخە چەقبەستوییە قووڵە دەرباز بکەین.
والسلام علیکم ورحمە الله.
مەکتەبی سیاسی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان/ عێراق