عومەر شێخەڵڵا دەشتەکی- چیرۆک نووس
عومەر شێخەڵڵا دەشتەکی، ساڵی 1941 لە گوندی قوشاغلو سەربە شارەدێی قوشتەپەی شاری هەولێرلەدایک بووە، خوشک و برایەکی هەبووە بەناوی (ساڵح و ئاسک) ، ساڵی 1951 چووەتە قوتابخانە و سەرەتایی لە گوندی قوشاغلو تەواو دەکات، ساڵی 1957 دوای ئەوەی سەرەتایی تەواو دەکات بەهۆی نەبوونی قوتابخانەی ناوەندی لە گوندەکەیان دەچێتە هەولێر و لەوێ ناوەندی و ئامادەیی تەواو دەکات، ساڵی 1956 بەشداری لە گۆڤاری (هەتاو) کردووە کە لە هەولێر دەردەچوو لەلایەن (گیو موکریانی) ، ساڵی 1963 لە پۆلی پێنجی دواناوەندی یەکەم چیرۆکی بەناوی (خانزادی بەخت ڕەش) لە ڕۆژنامەیەکی ئەوسا وەکوو یەکەم بەرهەم و دەستپێکی ئەدەبی بڵاو کردۆتەوە، ساڵی 1963 لە ماڵەوە بەرەو لای بیستانە دەچێ بۆ ئەوەی پەیوەندی بە ڕیزەکانی پێشمەرگەوە بکات و چەک هەڵگرێ، بەڵام لە مورتکەی گەورە خزمێکی قەناعەتی پێهێنا بوو کە بگەڕێتەوە و خوێندن تەواو بکات چونکە شۆڕش پێشمەرگەی قارەمانی زۆرە چەک هەڵبگرن بەڵام پێویستی بە قەڵەم هەڵگرە و پێویستی بە کوردی ڕۆشنبیر و خوێندەوارە بۆ ئەوەی میللەت سوودی لێببینێت بۆیە بڕیاری گەڕانەوە دەدات، خەباتی خۆی دەگوازێتەوە بۆ خەباتی قەڵەم و خوێندنەکەی تەواو دەکات و ساڵی 1964-1965 لە کۆلیجی ئادابی زانکۆی بەغدا بەشی کوردی وەردەگیرێ، ساڵی 1968 کۆلیج تەواو دەکات و دەگەڕێتەوە هەولێر، بۆ یەکەمجار بە مامۆستای زانکۆیی لە قوتابخانەی سۆرانی سەرەتایی لە شاری هەولێر دادەمەزرێت، ساڵی 1969 لەگەڵ خاتوو (شوکریە محەمەد ئەمین ڕواندزی) ژیانی هاوسەریەتی پێک دەهێنێ، ساڵی 1970 دوای بەیاننامەی ئازار دەگوازرێتەوە بۆ میلاکی دواناوەندی و ڕەوانەی شارۆچکەی ڕواندز دەکرێ، ماوەی ساڵێک لەوێ دەمێنێتەوە، هەر لەو ساڵانە لەگەڵ لیژنەیەک دانراوە بۆ کۆکردنەوەی بەرهەمی فۆلکلۆری کوردی، بۆیە گەلێ بەندوو بەرهەمی فۆلکلۆری ئەو ناوچەیە کۆدەکاتەوە و لە فەوتان ڕزگاریان دەکات، هەر ئەو ساڵیش یەکەم پەرتووک و نۆبەری پەندی کوردی بەرگی یەکەم لەسەر ئەرکی خۆی بەچاپ دەگەیەنێ، سەرەڕای نووسین و بڵاو کردنەوەی چەندین وتار و لێکۆڵینەوەی فۆلکلۆری لە گۆڤار و ڕۆژنامەکان، دوای ساڵێک گەڕاوەتەوە هەولێر و لە هەر سێ ناوەندی زۆزان و قەندیل و جمهوری بۆ ماوەی جیاجیا وەکوو مامۆستا و یاریدەدەر و بەڕێوەبەر خزمەتی پڕۆسەی پەروەردەی کردووە، ساڵی 1974 لە دائیرەی ئەمنی هەولێر لەگەڵ مامۆستا شەوکەتی هاوڕێی و پەنجا کەسی تر دەگیرێ، دوایی چل کەسیان ئازاد دەکرێن بەڵام ئەمان لە زیندان دەمێننەوە، دوای شەش مانگ لە ئەشکەنجە و ئازارێکی زۆر کە تا مردنیشی شێنەواری ئەشکەنجە و دەرهێنانی نینۆکەکانی بە جەستەیە وە هەر مابوە ئازاد دەکرێ، دوای ئازاد بوونی لە بەندیخانە خۆی بە فۆلکلۆر و کۆکردنەوەی پەند و دەوڵەمەند کردنی ئەدەبی کوردی خەریک کردووە، ساڵی 1980 تەمسیلیەکی بەناوی (هەبوو نەبو) نووسیوە وەکوو شانۆگەری لە (هۆڵی گەل) لە هەولێر پێشکەش کراوە، هەر لەو ساڵانەشدا لە کۆلیژەکانی زانکۆی سەڵاحەددین وەک وانە بێژ زمان و ئەدەبی کوردی گوتووتەوە، لە کۆتایی هەشتاکان بەهۆی ئەوەی کە داواکاری بۆ خوێندنی ماجستێر و دکتۆرا پێشکەش کردبوو لە وڵاتی نەمسا وەردەگیرێ، هەموو تاقی کردنەوەکان بە پلەی زۆر باشە لە بەغدا ئەنجام دەدات، کە دەیەوێت سەفەر بکات حکومەتی ئێراق داوای لێدەکات لە نەمسا کار لەگەڵ سەفارەتی ئێراق بکات و ببێت بە بەعسی، بەڵام مامۆستا عومەر شێخەڵڵا داواکە ڕەت دەکاتەوە، بۆیە ئەو ئاواتەی چەندین ساڵ بوو خەونی پێوە دەبینی دەکاتە قوربانی هەڵوێستە نیشتمانپەروەریەکەی و قوربانی کورد و کوردستان و خوێنی شەهیدان، دوای ڕاپەڕینی 1991 دەبێتە ئەندامی منداڵ پارێزی کوردستان و بەشداری دەکات لە دامەزراندنەوەی دەستەی فۆلکلۆر پەروەرانی کوردستان و دەبێتە ئەندامی پلە یەکی مافی مرۆڤ و کۆمەڵەی ئاشتی و ئەندامی یەکێتی مامۆستایانی پیشەیی و ئەندامی مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بووە، ئەندامی یەکێتی نووسەرانی کوردستان بووە، ساڵی 1995 دەبێتە سەرپەرشتیاری پەروەردەیی لە دانانی پرۆگرامەکانی خوێندنی زمان و ئەدەبی کوردی بەشدار بووە، ساڵی 2004 بە داوەتێکی فەرمی لەگەڵ مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتی مامۆستایان دەچێتە وڵاتی ئوردن بەشداری دەورەیەکی چەند ڕۆژە دەکات، ساڵی 2005 لەبەر لێهاتویی خۆی بۆ جارێکیتر لەگەڵ یەکێتی مامۆستایانی کوردستان دەچێتە وڵاتی تورکیا، دوای ئەو کاروانە پڕ شکۆیەی ژیانی سەد مخابن لە 27/9/2005 لە شاری هەولێر کۆچی دوایی کردووە و لە گۆڕستانی گوندی قوشاغلو بەخاک سپێررا،
چاپکراوەکانی: (پەندی کوردی- بەرگی یەکەم- هەولێر 1972) (داستان و گۆرانی لە فۆلکلۆری کوردیدا- بەرگی یەکەم- چاپی یەکەم- هەولێر 1978چاپی دووەم- بەرگی یەکەم و دووەم- هەولێر 1999) (پەندی کوردی- بەرگی دووەم- بەغدا 1980) (پەندی کوردی- بەرگی سێیەم- بەغدا 1985) (پەندی کوردی- بەرگی چوارەم- هەولێر 2001) (پەندی کوردی چیرۆکەکەی- ئینستیوتی کەلەپووری کوردستان- هەولێر 2006)
[1]