هێڤی خالید
بازرگانی لەگەڵ شاری موسڵ دا بە ڕێژەی 30% دابەزیوە و کرێی هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی بازرگانی و ناردنی هەر کۆنتێنەرێک بە ڕێژەی سێ ئەوەندەی کرێی خۆی زیادی کردووە، ئەندامێکی ئەنجومەنی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانیش دەڵێت، لە ئێستادا بە ڕێژەی 30%، ناردنی شتومەک کەمیکردووە بەهۆی نەبونی ڕێگا و خراپی ناوچەکەوە.
بورهان عەلی عەبدوڵڵا ئەندامی ئەنجومەنی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لە لێدوانێکی تایبەت بەخەندان ڕایگەیاند: لە ئێستادا ناردنی شت و مەک و خۆراک و پێداویستیەکانی هاووڵاتیان بۆ شارەکانی خوارووی عێراق بەتەواوی پەکی کەوتووە و کرێی ناردن زۆر زیادی کردووە و مەترسی لەسەر ئه و بارانە هەیە کە دەنێردرێن بۆ ئه و شارانە.
وتیشی" لەپێش دروستبونی شەڕی داعش ڕۆشتنی ئۆتۆمبێل بۆ موسڵ کرێکەی 1700دۆلار بوو، بەڵام ئێستا بووە بە 4500 دۆلار، بۆ شاری بەغداد 750 دۆلار بوو ئێستا بووە بە 2500 دۆلار، بەهەمان شێوە بۆ شاری نەجەف هەر کۆنتێنەرێک بە 1300 دۆلار دەنێردرا، بەڵام ئێستا بووە بە 3500 دۆلار، بەم شێوازەش مەترسی لەسەر ئه و بارانە هەیە و زۆرجار ڕوبەڕوی مەترسی گەورە دەبنەوە"
ئەندامەکەی ئەنجومەنی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات، کە لە ئێستادا بە ڕێژەی 30%، ناردنی شتومەک کەمیکردووە بەهۆی نەبونی ڕێگا و خراپی ناوچەکەوە،لەئێستادا بەهۆی ئه و شەڕەی لە عێراقدا دروستبووە لە نێوان سوپای عێراقی و تیرۆرستانی داعش ئاڵۆزیەک لەسەرجەم بوارەکاندا دروستبووە بەجۆرێک ژیانی شارەکانی خواروی عێراق بەردەوام ڕوو لەخراپی دەکات.
بورهان عەلی ئەوەشی ئاشکراکرد، کە بازرگانانی شارەکانی خواروی عێراق ڕۆژانە پەیوەندییان پێوەدەکەن و باس لەوەدەکەن زۆرێک لە مەوادەکانی وەک "برنج، ڕۆن، شەکر، ئارد"، بەردەوام ڕولەنەمان دەکەن و هاووڵاتیانیش پارەیان پێنەماوە لەبەرئەوەی هیچ موچەیەک نادرێت لەوشارەدا.
لەئێستادا شاری موسڵ لەژێر کۆنترۆڵی ڕێکخراوی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش)دایە و هاووڵاتیانی ئه و شارەش ڕەوشی گوزەرانی ڕۆژانەیان ڕوو لەخراپی دەکات بەهۆی نەبونی موچە و خۆراک و پێداویستیەکانی ڕۆژانەیان.
- 26-08-2014