پرسیارێکی شەرعی ئاراستەی لێژنەی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان کرا، سەبارەت بە بەکار هێنانی کارەبای نیشتمانی بەشێوەی نا ئاسایی ئایا حەڵاڵە و دروستە یان نا؟
لێژنەی باڵای فەتوا پاش لێکۆڵینەوه و تاوتوێکردنی ئەم بابەتە و بە سوود وەرگرتن لە ڕای زانایانی فیقهی ئیسلامی، لە کۆبونەوەی ڕۆژی 28-01-2015، بە ڕای زۆرینەی ئەندامەکانی ئەم بڕیارەی خوارەوەی دا:
روون و ئاشکرایە کارەبای نیشتیمانی سامانێکی گشتییە، دەستپێوەگرتن و پاراستنی ئەرکێکی ئایینی و نیشتیمانی هەموو لایەکە، چ وەک تاک،چ وەک کۆمەڵ،چ وەک حکومەت، هەر زیادە مەسرەف و تجاوز بەکار هێنانی بەشێوەی نادروست و نایاسایی ڕێگە پێدراو نییە و دەچێتە خانەی حەرامەوە و به غەش و دزی هەژمار ئەکرێت، چونکە:
1/ پێغەمبەری خۆشەویستمان (صلی الله عليه وسلم) فەرموویەتی:(من غشنا فليس منا)، واتە: هەرکەس و غەش و فێڵ بکات لە ئێمە نی یە.
2/ هەروەها فەرموویەتی (البر ما إطمأن إليه القلب واطمأن إليه النفس، والإثم ماحاک في النفس، وتردد في الصدر،وإن أفتاک الناس وأفتوک) واتە:چاکە ئەوەیە دڵی مرۆڤ لەسەری چەسپاو و ڕاوەستاو بێت، گوناهو تاوانیش بەدڵ و دەروون و ناخی مرۆڤدا هاتووچۆ ئەکات و پێی ناخۆشە کەس پێی بزانێ و ئاشکرا بێت.
3/ هەر زیادەڕەویەک لەکارەبا پۆلین ئەکرێت لەبابی: إسراف، زانایانی فیقهی ئیسلامیش بەم شێوەیە پێناسەی(إسراف) یان کردووە ":الإسراف : صرف الشيئ فيما ينبغي زائداً علی ما ينبغي"، واتە : ئیسراف بریتییە لە بەکارهێنانی شتێکی پێویست، زیاد لەپێویستی خۆی، هەروەها پێناسەکراوە بە :" الإسراف:ما زيد بعد المطلوب. هەر شتێ زیاد لە پێویستی خۆی بەکاری هێنا ئیسرافە، خوای گەورە لەقورئانی پیرۆزدا فەرموویەتی: (ولا تسرفوا إن الله لايحب المسرفين). واتە : زیادە ڕۆیی مەکەن،چونکە بێگومان خوا زیادەڕۆکەرانی خۆش ناوێ، زانایان ڕێگەیان نەداوە بەزیادەڕۆیی هەتا لەئاوی دەست نوێژو خۆشوردن و خواردن و هەر شتێکی تر.
4/ لەڕوانگەی ئەم ئایەت و فەرمودانەوە هەر زیادەڕەوی و تجاوزێک لەکارەبادا بکرێت لەهەرێمی کوردستان چ وەک تاک، چ وەک هەر دەزگایەک حکومی بێت، یان ڕێکخراوەکان حەرامە و دروست نییە.
یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان
لێژنەی باڵای فەتوا
27-01-2015