ترسناکترین هەنگاو، یەکەم هەنگاوە. ئەو هەنگاوەیە کە گیان و جەستەت بەرەو جیهانێکی نادیار بەکێشدەکات، هەنگاوێکە دوودڵی و ڕامان لەرزەی دەداتێ و کوێرانە دەهاوێژرێ.
هەنگاوەکان بەرەو دەرەوە، دوورکەوتنەوە لە زێدو بیرەوەرییە خۆش و ناخۆشەکان، دابڕان لە دایک و ئازیزانی دیکە، تاسانێکی گیانیی دەخولقێنێ و بەربینت شەتەک دەدات، گینگڵ و بێئۆقرەییت بۆ دروست دەکات. چۆن دروستی ناکات ؟ ئەو (تۆ) لە یادگارە خۆشەویستەکان و زمانە شیرین و پاراوەکەی دایک و ئەو دیمەنە سروشتییانە دەکات کە ئاوێتەی ڕۆح بوون و هەناسە بە هەناسەی ژیانت لەگەڵداون.
دەڕۆیت و بەرەو دەرەوە مل دەنێی، لەگەڵ هەر هەنگاوێکدا خۆت لێ بزر دەبێ، کەڕوکاس دەبیت، نامۆیی چەند جارە دەبێتەوەو سەرتاپات دادەگرێت، بچووک بچووک دەبیتەوە هەتا دەبیتە جەستەیەکی بێگیان و، بەرە بەرەو بە ئەندازەی هەنگاوەکانت گۆڕانکاریی بەرەو بە سفربوون پەلکێشت دەکات، کاتێک دەبینیت بوویتەتە خاڵێک و هیچ بوعدێکت نییە، یان دەتوێیتەوەو وەک خاڵیش نامێنیت. هەیت و نیت، بەڵام نەبوونەکەت لەگەڵ هەنگاوەکانتدا دەبێتە وەهمی بوونێکی ناچاریی.
ئەمە ڕاستیی هەنگاونانە بەرەو دەرەوە، بۆیە تا زوو چارەسەری نەبوونەکەت بکەیت درەنگە. هەتا زوو لە بەخاڵبوون دەرچیت و بەرەو بوونی ئاسایی بگەڕێیتەوە، دەروازەی بەهەشتێکی ڕۆحیت لەسەر ئاوەڵا دەبێت و، وردە وردە، خۆت دەبینیتەو، دایکت دەبینیتەوەو بە شیری مەمکەکانی شاد دەبیتەوە، زێدت دەبێتە باوەشێکی میهرەبانی گەورەو، گیان و جەستەت هەتا مردن، تەنانەت دوای مردنیش، تێدا ئارام دەگرێت.
ئەمە عەزمی پۆڵایین و عەشقی بێپەی دەوێت. دەبێت دوو دوو هەنگا، بەرەو خاک و خەڵک، بەرەو دواڕۆژی مەسەلەی سەرەکیی بوونت، لە یەک وشەدا : بەرەو لانکی هەبوونت، بەرەو نیشتمان، هەڵبگریت و لە نێو شەپۆلی سۆزی خەڵکەکەیدا لەنگەر بگریت.
فوئاد قەرەداغی
ئابی 1999