هەڵوان جەلال
قەیرانی دارایی هەرێمی کوردستان، بەشێوەیەکی فراوان کاریگەریی دروست کردووە، لەسەر پرۆژەکانی شارەوانی سلێمانی، بەجۆرێک لە %90 ی پرۆژە جۆراوجۆرەکانی شارەوانی وەستاندووە.
ئەبوبەکر تەیب حەسەن بەڕێوەبەری پرۆژەکانی شارەوانی سلێمانی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ خەندان ئەو زانیارییەی پشت ڕاست کردەوەو ڕایگەیاند " بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەی لەماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا دروست بووە، بە نزیکەیی 50 پرۆژەمان وەستاوە کە دەکاتە %90 ی پرۆژەکانی شارەوانی سلێمانی، هەندێک لەو پرۆژانەش لە قۆناغی کۆتایدان، بەڵام بەهۆی نەبوونی بودجەوە کارکردن لەو پرۆژانەدا وەستێنراون."
بەڕێوەبەری پرۆژەکانی شارەوانی سلێمانی، ڕوونیشی کردەوە لە ڕابردوودا بۆ ئەنجامدانی پرۆژەکان چەکی پارە دەدرا بە ئەو کۆمپانیایانەی کە پرۆژەکانیان جێبەجێ دەکرد، بەڵام لە ئێستادا ئەو چەکانەش خەرج ناکرێت، بۆیە کۆمپانیا و بەڵێندەرەکان کارکردنیان لە پرۆژەکاندا ڕاگرتووە.
پرۆژە ڕاگیراوەکانیش، بریتین لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی دروست کردنی ئاوو ئاوەرۆ و شەقام بۆ کۆڵانەکانی شاری سلێمانی بەتایبەت لە دەرەوەی شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود و گەرەکەکانی بەکرەجۆ و ڕاپەڕین، لەگەڵ دروست کردنی یەکتربڕەکان کە لەماوەی ڕابردوودا کار لە دروست کردنی سێ یەکتربردا دەکرا، بەڵام لە ئێستادا کارکردن لەو یەکتربرانەشدا وەستێنراوە بەهۆی نەبوونی پارەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ماوەی ڕابردوودا سەرۆکی شارەوانی سلێمانی پێشنیازی کرد لە داهاتەکانی خۆیان کار لەسەر پرۆژەکان بکرێت و موچەی کارمەندەکانیشیان بدەن، بەڵام تائێستا ڕەزامەندی لەسەر نەدراوە.
- 13-03-2015