بە ناوی خوای گەورە
ئەمڕۆ 14ی نیسانی 2015، مەراسیمی بیستوحەوتەمین ساڵیادی کارەساتی ئەنفال لە شاری کەلار بەڕێوەچوو و شاندێکی باڵای کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستانیش بە سەرۆکایەتیی مامۆستا عەلی باپیر ئامادەی مەراسیمەکە بوو.
دوێنێ لەلایەن لیژنەی ئامادەکاری مەراسیمەکەوە بەرنامەی مەراسیمەکەمان بۆ نێردرا، کە بە هیچ شێوەیەک هەستانەوە بۆ سروودی ئەی ڕەقیبی تێدا نەبوو، دواتریش تەئکیدمان لەو بەڕێزانە کردەوە کە مەراسیمەکەیان بەڕێوە دەبرد، پێیان ڕاگەیاندین کە سروودی ئەی ڕەقیب لە بەرنامەی کاردا نییە، هەر بۆیە شاندی کۆمەڵ لەبەر سرودی ئەی ڕەقیب هەڵنەسایەوە و هەندێ دەزگای ڕاگەیاندنیش بابەتەکەیان زیاتر لە قەبارەی خۆی گەورە کرد.
لەناو مەراسیمەکە و لە کاتی سروودەکەدا، چەند کەسێک ڕەخنەیان لە شاندی کۆمەڵی ئیسلامی گرت لەسەر ئەو بابەتە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک گرژی دروست نەبووە و هیچ کەسێکیش داوای نەکردووە شاندەکەی کۆمەڵ لە مەراسیمەکە بکشێتەوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە تا دوا ساتی مەراسیمەکە ماوینەتەوە و تاجە گوڵینەی ڕێزلێنانیشمان لەسەر مەزاری شەهیدان داناوە، بەشداریی شاندەکەی کۆمەڵیش جێگەی ڕێز و خۆشحاڵیی ئامادەبووان و کەسوکاری قوربانییانی ئەنفال بوو.
ئێمە پێمانوایە گەورەکردنی ئەو بابەتە و بەستنەوەی "هەڵنەسانەوە بۆ سروودی ئەی ڕەقیب و بێڕێزیکردن" پێکەوە، بۆ مەرامی سیاسی، دوورە لە ئەتەکێتی کاری ڕۆژنامەوانی و زیان بە ناوبانگ و متمانەی دەزگاکە دەگەیەنێت.
هەروەک چوونی ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی و شاندە باڵاکەی هاوڕێی لە هەولێرەوە بۆ کەلار، خۆی لە خۆیدا ڕێزگرتنە لە مەراسیمەکە و خەم و ئازاری کەسوکاری ئەنفالکراوان و شەهیدان، هەڵنەسانەوەش لەبەر سروودێک کە ناکۆکیی لەسەرە، بێڕێزی نییە بە خەم و قوربانییانی کەسوکاری ئەنفالکراوان، بەڵکو خزمەتنەکردنی کەسوکاری قوربانییان و باش نەکردنی ژیان و گوزەرانیان و دادگایی نەکردنی تاوانبارانی ئەو کارەساتە، نەک بێڕێزی، بەڵکو سووکایەتییە بە میللەتێک کە سەدان قوربانیی وەک کیمیاییباران و ئەنفالی لە پێناو ئازادی و ژیانێکی شەرەفمەندانەدا بەخشیوە.
محەمەد حەکیم
14ی نیسانی 2015