بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
بۆ/ بەڕێزان لیژنەی باڵای ئامادەکاری کۆنگرەی سێیەمی کۆمەڵی ئیسلامی
ئەندامان و کادیران و لایەنگرانی کۆمەڵی ئیسلامی
السلام علیکم و ڕحمەالله و برکاتە
بابەت/ ڕوونکردنەوە
ئەنجومەنی چاودێری و بەدواداچوون وەک ئەرک و تایبەتمەندی خۆی لە بواری چاودێرییکردن و هەڵسەنگاندنی کار و ڕەوتی کۆمەڵی ئیسلامی بە شاهیدیی زۆرینەی ئۆرگانەکان، چالاکیی بەرچاوی هەبووە و ڕۆڵی گرنگی بینیووە لە چالاککردنەوەی ئۆرگانەکان، لەو پێناوەشدا -لە لایەن چەند ئەندامێکەوە کە پشتگیریان لێکراوە و بەردەوام کۆسپ بوون لەبەردەم پرۆسەی چاکسازی وگۆرانکارییدا - دووچاری چەندین ئاستەنگ و کۆسپ بووەتەوە. هەرچەندە لەو پێناوەدا ئێمە لە ڕوانگەی (لاخیر فیکم ان لم تقولوها ولا خیر فینا ان لم نسمعها) بەردەوام بووین و ماندوو نەبووین.
ئێستاش لەسەروبەندی بەستنی کۆنگرەی سێیەم و بە هیوای ئاسۆیەکی گەشتر و پێگەیەکی بەهێزتر بۆ کۆمەڵی ئیسلامیی لە کوردستاندا، هەوڵی خۆمان خستنەگەڕ بۆ دەستنیشانکردنی کەموکورتییەکان و خستنە بەردەستی نەخشە و پلانی گونجاو بۆ بەرەوپێشبردنی کۆمەڵی ئیسلامیی. لەڕێگەی داڕشتنەوەی ڕەشنووسی پەیڕەوێکی تۆکمە بۆ بەردەستی ئەندامانی کۆنگرە و دەنگدان لەسەری.
پەیڕەوێک کە بریتییە لە گرێبەستێک کە تیایدا ئەندامانی کۆنگرە بە نوێنەرایەتی سەرجەم ئەندامانی کۆنگرە لەگەڵ سەرکردایەتی نوێ لەسەری ڕێکدەکەون و پەیمانی پابەندبوونی پێوە دەدەن.
پەیڕەوێک تیایدا ئەرک و مافەکان بە ڕوونیی دەستنیشان بکرێت و دەسەڵاتەکان جیابکرێتەوە و سەربەخۆیی و لامەرکەزیی بدرێتە ئۆرگانەکان و بنەمای دەستاودەستکردنی دەسەڵاتەکان پیادەبکرێت و میکانیزمی ئاسان و سادەی بۆ دابنرێت، لەگەڵ ڕەچاوکردن و بەرزنرخاندنی هەوڵ و خەباتی پێشینەکان و دەرفەت بەخشین بە توانا و بەهرە نوێیەکان.
پەیڕەوێک کە بڕیار بوو ببێتە هۆکاری دڵدانەوەو گێڕانەوەی دەستەیەک لە ئەندامان و کادیرانی پێشکەوتووی کۆمەڵی ئیسلامیی، کە تەنیا هۆکاری نیگەرانیان پێداگیریان بوو لەسەر چاکسازیی و گۆڕانکاریی لە پەیڕەوی کۆمەڵی ئیسلامیی و بەو هیوایەوە بگەڕێنەوە نێو ڕیزەکانی کۆمەڵ و درێژە بە کاروچالاکیان بدەن.
لێرەدا بەشێک لەو گۆڕانکاریی و چاکسازییانە دەخەینەڕوو:
1- بە دامەزراوەیی کردنی ئۆرگانەکانی کۆمەڵ لەڕێگەی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و سەربەخۆکردنی ئۆرگانەکان لە میانەی پیادەکردنی سیستەمی لامەرکەزی لە بەڕێوەبردندا بە جۆرێک کە بواری گەشەکردن و داهێنانی بۆ بڕەخسێنێت و دەستکراوە بێت لە بڕیارداندا.
2- کەمکردنەوەی ڕۆتینی ئیداری و سادەکردنەوەی پەیکەری حزبی و سنوردارکردنی ژمارەی پۆست و ئۆرگانە باڵاکان.
3- بەڕێوەبردنی کۆنفرانسەکان بەجۆرێک زۆرترین بوار بدرێت بە ئەندامان و باشترین فرسەتیان هەبیت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر نەخشەڕێگا و پەیڕەو و پەیماننامه.
4- پابەندبوون بە پەیڕەو و پرۆگرام و کارنامە و بنەما شەرعییەکانی کۆمەڵی ئیسلامی کە تا ئێستا زۆربەی خاڵەکانی جێبەجێ نەکراوە و فەرامۆشکراوە.
5- بەهێزکردنی دەزگای چاودێریی و لێپرسینەوە، بەمەبەستی بەدواداچوونی بڕیار و ڕاسپاردەکان و داکۆکیکردن لە ئەرک و مافەکانی سەرجەم پۆست و ئاست و ئۆرگانەکان، کە سەرچاوەی کێشەکان دەگەڕێتەوە بۆ کەمتەرخەمی لە جێبەجێکردنی ئەرکەکان و زیادەڕۆیی لە سنوری مافەکان.
6- بەهێزکردنی کاروباری سیاسیی و دیپلۆماسی حزب لەڕێگەی تایبەتمەندکردنی مەکتەبی سیاسی بۆ سەرپەرشتی کاروباری پەیوەندییە سیاسییەکان سەرقاڵنەکردنی بە کاروباری ئیداری و ڕۆتینی ڕۆژانەی ئۆرگانەکانەوە.
بەڵام بە داخەوە پاش هەوڵ و تێکۆشانێکی زۆر و دەیان کۆبوونەوە و وتووێژ لەو بارەیەوە نەگەیشتینە ئەنجامێک کە جێگەی ئومێد بێت و دواجار گۆرانکاڕییەکی ئەوتۆ نەهاتەدیی لەنەخشە ڕێگا و ئاراستەی کۆمەڵ، بەوپەری بێمنەتیی و بێباکیی مامەڵەکرا لەگەڵ خواستی زۆربەی هەرە زۆری کادیر و ئەندام و دۆست و لایەنگراندا، هیوایەک نەهێڵرایەوە بۆ گۆڕانکاریی و چاکسازیی، ئەمەش ئێمەی ناچارکرد وەک بەشێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی چاودێریی و بەدواداچوون هەڵوێست وەربگرین و بڕیاری ناچاریی بدەین بە بەشداری نەکردن لە کۆنگرەدا، بەڵام بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانی چاکسازیی نێو کۆمەڵا و داکۆکیی دەکەین بۆ گەڕانەوە وکارکردن بۆ چەسپاندنی بنەما شەرعییەکانی کۆمەڵی ئیسلامیی، لەهەمانکاتدا داواکارین ئەندامانی کۆنگرەی سێیەمی کۆمەڵی ئیسلامیی داکۆکی بکەن لەسەر پرۆسەی گۆرانکاریی ڕیشەیی لە پەیکەر و ئاراستەی کۆمەڵی ئیسلامیی لەپێناوی گەیشتن بەئامانجەکانمان.
ناوەکان :
1. ئارام قادر – کارگێڕی ئەنجومەنی چاودێریی
2. عەبدولڕەحمان ئەحمەد- کارگێڕی ئەنجومەنی چاودێریی
3. عەبدولحەمید جەلال- بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانی و ئەندامی ئەنجومەنی چاودێریی
4. یاسین زەنگەنە- ئەندامی ئەنجومەنی چاودێریی
5. فایەق محەمەد سەلیم- ئەندامی ئەنجومەنی چاودێریی
6. شەمسە سەعید – ئەندامی ئەنجومەنی چاودێریی
7. جەمال قەرەداغی- ئەندامی ئەنجومەنی چاودێریی
8. شوان هەورامی- ئەندامی ئەنجومەنی چاودێریی
9. ئەمیر محمد فەقێ فەرج -بەرپرسی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی چاودێریی
10.جەلال ئەحمەد- ئەندامی لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی چاودێریی