ڕۆژنیوز - ئومێد دارا
بەڕێوەبەری چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی شارەزوور دەڵێت، 776 منداڵی بێسەرپەرشت لە بەڕێوەبەرایەتییەکان تۆمار کراون. سالار فەتاح بەڕێوەبەری چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی شارەزوور بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند:" لەو ڕێژەیە 328 منداڵیان بەهۆی جیابوونەوەی دایک و باوکیان بێسەرپەرشت بوون و 446 منداڵیشیان بەهۆی مردنی دایک یان باوکیانەوە بێسەرپەرشت بوون. بەڕێوەبەری چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی شارەزوور وتیشی:" تێکڕای سودمەندانی خاوەن پێداویستی تایبەت کە لەخوار 18 ساڵەوەن بریتیە لە 1023 منداڵ، لەگەڵ 55 سودمەندی چاودێری خێزان کە لەخوار 18 ساڵەوەن". ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەرکی بەڕێوەبەرایەتییەکەی ئێمە چاودێری و گەشەپێدانە، واتە ئەرکی ئێمە ئەوەنیە تەنها کۆمەکێکی ماددی بەو کەسانە ببەخشین، ئێمە دەمانەوێت وابکەین خەڵکانێک کە هەژارن و توانای پەیداکردنی داهاتێکیان نیە، ئەو ڕێکارانەی لەگەڵ بەکاربهێنین بۆ ئەوەی لەسەرپێی خۆی بووەستێت و گەشە بەتواناکانی بدات و خۆی بتوانێت زیاد لەوەش کە حکومەت پێی دەدات دابینی بکات بۆخۆی، هاوشێوەی ئەو خاوەن پێداویستیە تایبەتیانەی لەجیهاندا هەن، نەک خۆیان بەخێودەکەن بەڵکو سەرچاوەی داهاتیان ئەوەندەیە ئومێد بە خەڵکی تریش دەبەخشن.