مەحموود یاسین کوردی، سیداد لەشکری
رووداو- هەولێر
بڕیارە ڕۆژی هەینی 5-6-2015، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی ژینگە لە هەموو شارەکانی هەرێمی کوردستان، بە ئامانجی پاراستنی ژینگە لە پیسبوون ئۆتۆمبێلەکان بۆ ماوەی دوو خولەک بکوژێندرێنەوە.
فازل حاجی حوسێن، گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند " وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوکاریی ئەنجوومەنی باڵای ژینگەی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی هەینی کە هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی ژینگە، بۆماوەی دوو خولەک سەرجەم ئۆتۆمبێلەکان لە هەرێمی کوردستاندا دەکوژێندرێنەوە".
ئەم کارە بە ئامانجی پاراستنی ژینگەیە لە پیسبوون بەهۆی ئۆتۆمبێلەوە، ئەویش وەک پەیامێک بۆئەوەی هەموو لایەک ئاگاداربن کە ئەو ئۆتۆمبێلانەی بە سووتەمەنی کاردەکەن، هۆکارێکن بۆ پیسبوونی ژینگە. گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر داواشی لە هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان کرد، هاوکاری پۆلیسی هاتووچۆ بکەن و لەو وادەیەی کە دیارییکراوە، ئۆتۆمبێلەکانیان بکوژێننەوە.
کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە 15ی کانوونی یەکەمی 1972، بڕیاریدا ڕۆژی 5 ی حوزەیرانی هەموو ساڵێک بکاتە ڕۆژی جیهانی ژینگە لە سەرتاسەری جیهان، لەوکاتیشەوە تاوەکو ئێستا بە چەندین چالاکی ئەو مەراسیمە دەکرێتەوە.
لوقمان شێروانی، گوتەبێژی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی ڕووداو گوت " بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی ژینگە ئەنجوومەنی پاراستنی ژینگە لە دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان، سبەی هەینی بۆماوەی خوولەکێک یان دوو خولەک لە سەرجەم ترافیکەکانی کوردستان ئۆتۆمبێلەکان دەکوژێندرێنەوە، ئەمەش بۆئەوەی سووتەمەنی نەسووتێندرێت و بۆ ماوەیەکی کەم ژینگەی کوردستان پاک و خاوێن بێت".
لوقمان شێروانی گوتیشی:" ئەو بەشدارییە شتێکی ڕەمزییە، بەڵام بایەخ و گرنگی زۆر هەیە، چونکە ئەگەر ملیۆنێک و 300 هەزار ئۆتۆمبێلی هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی دوو خوولەک کارنەکەن، ئەوا خزمەتێکی گەورە بە ژینگەی کوردستان دەکات، پێویستە خوشک و برا شۆفێرەکان ئۆتۆمبێلەکانیان بکوژێنەوە نەک ڕایبگرن، چونکە ئەگەر ڕایبگرن و نەیکوژێننەوە، سوودی نییە".
- 04-06-2015