سیاسەتەکانی ڕژێمی داگیرکەری ئێران سنووری ئەخلاقی و مرۆڤایەتی بەزاندووە
گەلەکەمان لەرۆژهەڵاتی کوردستان لەدۆخێکدایە کە ئامێزی بۆ ئازادی و دیموکراسی کردووەتەوە، ئەوەش سەلمێنەری ئەوەیە کە ئیدی گەلی کورد ئیرادەی خۆی ڕادەستی زهنیەتی دەوڵەت ـ نەتەوەی ئێران ناکات و لێگەڕینی بۆ سیستەم و ڕێبازێکی نوێی ژیان هەیە. بەڵام ڕژێمی داگیرکەری ئێران لەسەرەتای هاتنە سەر کاریەوە تا بە ئەمڕۆ دانی بە ناسنامەو ئیرادەی ئازادی گەلانی ئێران و بە تایبەت گەلی کورددا نەناوە. تایبەت بۆ لەناو بردنی ئیرادەی ئازادی ناو کۆمەڵگا بە سیاسەتی ناشیاو و دوور لەئەخلاقی مرۆڤایەتی دەیەوێت کۆمەڵگای کوردەواری بکاتە کۆمەڵگایەکی بێنرخ و بێبایەخ. ڕژێمی ئێران لەهەنگاوی یەکەمدا بۆ ئەوەی ڕاستیەکان چەواشە بکات، لەناو بردنی بەها و نرخەکانی کۆمەڵگای کردوەتە ئامانج. بە تایبەت ڕژێمی شەڕی تایبەتی ئێران بۆ ئەوەی گەلەکەمان لەتێکۆشان و ئازادی دووربخاتەوە، هەڵمەتی ڕەشکردن و کەمپینی دوورخستنەوەی لەنرخی شۆڕش و کۆمەڵگای لە زۆربەی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستپێکردووە. ئامانجی ئەو هەڵمەتەش بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی شک و گومان و دوودڵی و لەناو بردنی سەنگەرەکانی ئازادی و دیموکراسیە. ئەوەش ڕاشکاوانە دەردەکەوێت کە ئەو کردەوەی ڕژێم بە واتای پاکتاوکاری و نکۆڵی لە چەمکی وڵاتپارێزی و بەرخۆدانە. تایبەت ڕژێمی شەڕی تایبەتی ئێران و دەزگاکانی بە هەڵمەتی بانگەشەی ناڕەواو دوور لەڕاستی دەیەوێت ڕاستیەکان چەواشە و درۆکان وەک ڕاستی دەرخواردی گەل بدات. ڕژێم بە ڕهشکردنی بزاڤی ئاپۆیی دەیەوێت ڕۆخساری دڕندەی خۆی جوان و شۆڕشگێڕەکانیش تیرۆریست و گێرەشێوێن نیشان بدات. تایبەت ئەو ڕژێمە ڕۆڵەکانی کورد دەستگیر دەکات و ئەشکەنجەو لەسێدارەیان دەدات و بە پلانگێڕی چەپەڵ و بەهێرش کردنی ناڕەوا ڕۆڵەکانی گەلی کورد شەهید دەکات. بەڵام لەلایەکی تریشەوە بنەماڵەکانیان بەسەر دەکاتەوەو سەرەخۆشیان لێدەکات و بەڵێنی بێبنەمایان پێ دەدات و بەوەش دەیەوێت کاردانەوەی گەل لەدژی خۆی دابمرکێنێت و بە ڕژێمێکی دادپەروەر خۆی لەقەڵەم بدات. تایبەت لەم دواییانەدا لەرۆژهەڵاتی کوردستان و ئەو ناوچانەی وزەی شۆڕشگێڕی تێدا بەهێزە، بەکرێگیراوانی ڕژێم بەنیازی زۆر چەپەڵ بنەماڵەی شەهیدە سەربەرزەکانی گەلەکەمان بەسەر دەکەنەوەو بە بەخشینی بڕێک ماددیات هەوڵی لەناو بردنی نرخی مەعنەوی ئەو بنەماڵەیە کە بەخوێن نەخشاندوویانە بدات. واتا ڕژێمی داگیرکەری ئێران بە فرت و فێل و پەیڕەوکردنی سیاسەتی هۆڤانە هەڵمەتی بێنرخ کردنی بەهای مەعنەوی بنەماڵە سەربەرزەکانمانی بە بەخشینی چەند پەتوو و سەلاجەو بڕێک کەل و پەلی ناو ماڵ و خواردەمەنی دەستپێکردووە. ئەوەش گەورەترین سووکایەتی ئەو ڕژێمە بە میراتی بەرخۆدان و ڕەنجی بێوچانی گەلەکەمانە کە سنووری ئەخلاقی و مرۆڤایەتی بەزاندووە. هاوکات کاربەدەستانی ڕژێم لەکاتی شەهید بوونی گەریلایەک بنەماڵەی ئەو هەڤاله بەسەر دەکاتەوە تا بەڵگەیەکی بە ناو دەزگای شەهیدانی ڕژێمی ئێران واژۆ بکات، ئەو داخوازە چەپەڵەی ڕژێم لەکاتێکدا کە ئەو بنەماڵەیە لەناو ئێش و ئازارێکی مەزندایە، لەو کات و ساتانەدا ڕژێم دەیەوێت ئەو داخوازەی کە هەیەتی بنەماڵەکان قەبووڵی بکەن و بە بێ ئەوەی بنەماڵەکان ناوەڕۆکی نووسراوەکە بزانن واژۆیان پێ دەکات. دەبێت بنەماڵە شۆڕشگێڕەکانمان لەبەرامبەر سیاسەتەکانی ڕژێمی شەڕی تایبەتی ئێران ئاگادار بن و بە وریایی و هەستیاریەوە بجووڵنەوە و هیچ جۆرە بەڵگەیەکی ڕژێم لەو کات و ساتانەدا واژۆ نەکەن. لەبەرامبەر ئەو هێرشانە پێویستە بنەماڵەکانمان یەکێتی ڕیزەکانیان پتەوتر بکەن و بە خاوەندارێتی لەرەنجی ڕۆڵەکانیان ئەرکی مێژوویی و مرۆڤایەتی کەوتۆتە سەرشانیان جێبەجێ بکەن و بەوەش گەورەترین گورز لەسیاسەتی نەگریسانەی کۆماری ئیسلامی ئێران بدەن و سیاسەتەکانیان مایەپووچ بکەنەوە. لەکۆتایی دا بەکرێگیراوانی ڕژێمی داگیرکەری ئێران ووشیار دەکەینەوە کە لەئەگەری بەردەوام کردنی ئەو ڕێبازە چەپەڵە هەڵوێستی پێویست دەگرینە بەر و پێویستە ڕژێم بە زووترین کات دەست لەسیاسەتی دوور لەپێوانی ئەخلاقی و مرۆڤایەتی بەربدات و ڕێز لەنرخ و ئێش و ئازاری گەلەکەمان بگرێت.
کۆمیتەی شەهیدانی کۆدار