ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
دوابەدوای دەستپێکردنی قۆناغی شەڕ لەلایەن ئاکەپەوە تا ئێستا، ناوەندی گشتی مافی مرۆڤی تورکیا ڕاپۆرتێکی لەبارەی ڕووداوەکانی دوومانگی دوایی لە 21 تەموزەوە هەتا 28 ئابی باکوری کوردستان و تورکیای بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەداوە کە گرتن، ئەشکەنجە، کوشتنی کەسانەی مەدەنی و کوشتنی هۆڤانە گەیشتوەتە ئاستی لوتکە. بەپێی ڕاپۆرتەکە لەنێوان دوو مانگدا دوو هەزار و 544 کەس دەستگیرکراون، 338 کەس بڕیاری زیندانی کردنیان بۆ دەرکراوە، 92 سەرباز کوژراون، 38 گەریلا ژیانیان لەدەستداوە، هەروەها 47 کەسی مەدەنی کوژراون. ڕاپۆرتی ناوەندی گشتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی تورکیا لەشاری ئامەد لەلایەن سەرۆکی گشتی کۆمەڵەکە (ئۆزتورک تورکدۆغان) لە بە لێدوانێکی چاپەمەنی خوێندرایەوە و تیایدا ئاشکرای کرد کەلەماوەی دوو مانگی ڕابردوودا، لە کوردستان و تورکیا لە ئاکامی ئۆپەراسیۆنی هێزە ئەمنیەکانی تورکیا لەناویدا 111 منداڵ، پێنج ڕۆژنامەنوسی بیانی و بەگشتی دوو هەزار و 544 کەسیان دەستگیرکردوە، لەوانەش 136 کەسیان بە بانگەشەی ئەوەی گوایە داعشن دەستگیر کراون بەڵام تەنها 33 کەسیان زیندانی کراون ئەوانی دیکە ئازادکراون، 22 کەسیش گوایە سەربە جەماعەتی فەتحوڵا گیولەنن دەستگیرکراون لەوانەش 18 کەسیان ئازادکراون تەنها چوار کەسیان لە زینداندا ماون. (دەستگیرکردنی هاوڵاتیان لەلایەن پۆلیسەوە) هەروەها دوو هەزار و 396 کەس بەبانگەشە ئەندام بوونیان لە کەجەکە و پەکەکەدا دەستگیرکراون، زۆربەی گیراوەکان ڕوبەڕووی ئەشکەنجەی توندی دەزگا ئەمنیەکان بوونەتەوە. ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش کردوە کەلەو ماوەیەکدا 198 کەس بەگرانی برینداربوون. تورکدۆغان وتویەتی: لەماوەی دوومانگی شەڕەکاندا 92 سەرباز و پۆلیس و جاش کوژراون، 166 پۆلیس و سەرباز برینداربوون، لەهەمان ماوەدا 38 گەریلای هەپەگەس ژیانیان لەدەستداوە، کەسێکی مەدەنیش لەنێوان شەڕەکاندا ژیانی لەدەستداوە و 34ی تریش برینداربوون. ڕێکخراوی مافی مرۆڤ ئاماژەی بەوەش کردوە کەلە چەند شارێکی تورکیا هێرشی تورکە نەژادپەرستەکان بۆسەر کوردان زیادی کردوە. (ئۆپەراسیۆنی جەندرمە و پۆلیس بۆسەر ماڵی هاوڵاتیان و شکاندنی دەرگاکانیان) ئەو خاڵانەی لە ڕاپۆرتەکەدا دەستنیشان کراون بەم شێوەیەن: - بەهۆی بڕیاری قەدەغەی ڕوماڵکردن، مافی پەیامنێران ئاستەنگ کراوە، هەروەها بە بڕیاری دادگا لە زۆرشوێن هێڵی ئینتەرنێت بڕاوە. - هەڕەشە لە ڕاگەیاندنەکانی ئۆپۆزسیۆن کراوە، ڕێگەیان پێنادەن ڕووداوەکان ڕوماڵ بکەن، چەند کەسیان دەستگیرکراون و ئەشکەنجە دراون. - توندوتیژی لەسەر منداڵان زیادی کردوە، بەتایبەتی لە شارەکانی ئامەد و ئەدەنە منداڵان زیاتر لەلایەن دەزگا ئەمنیەکانەوە ڕوبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە. - بەبڕیاری وەزارەتەکان و بڕیاری والیەتەکان لە شار و ناوچەکانی، سێرت، شڕناخ، دێرسیم، ئاگری، دیلۆک، قارس، ئامەد، جۆڵەمێرت و زۆر جێگەی تر ناوچەی ئەمنی تایبەت ئاواکراون.