بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی ڕاپەڕێن ڕایدەگەیەنێت، لە ساڵی ڕابردوودا 327 ڕوداووی هاتووچۆ ڕوویانداووە، لە ئاکامدا 568 هاوڵاتی بونەتە قوربانی، هەروەها 7844مۆڵەتی شۆفێری دراوە بە هاوڵاتیان.
ئەمڕۆ دووشەممە 4ی کانونی دووەمی 2016، ملازم خۆشناو حەسەن، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی ئیدارەی ڕاپەڕین لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ئامارەکانی هاتووچۆی ساڵی ڕابردووی ئه و سنوورەی ڕاگەیاند کە، "لە ساڵی ڕابردوودا 327 ڕووداوی هاتووچۆ ڕوویانداوە، 104 ڕووداویان لەناو شارو 223 ڕووداویش لەدەرەوەی شاربووە، لە ئاکامدا 568 هاوڵاتی بونەتە قوربانی له و قوربانیانەش 45 هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە، 523 هاوڵاتیش برینداربوون، ئەمە لەکاتێکدا ساڵی 2014 ڕووداوەکانی هاتوچۆ 369 ڕووداو بووە، ژمارەی قوربانیانیش 525 هاوڵاتی بووە، ژمارەی مردنی هاوڵاتیانیش بریتی بووە لە 33 هاوڵاتی و 492بریندار".
سەبارەت بە ئاماری پێدانی مۆڵەتی شۆفێری بەهاوڵاتیانی سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین وتی: "لە ساڵی 2015دا، 7844 مۆڵەتی شۆفێری دراوە بە هاوڵاتیان، 4045 مۆڵەتی گشتی لەناویدا هیچ ژنێکی تێدانییە، 3736 مۆڵەتی تایبەت کە 604 کەسیان ژنن، 63 مۆڵەتی ماتۆرسکیل کە لەناویدا هیچ ژمارەیەکی ژن نییە".
سەبارەت بە ئاماری سەرپێچی شۆفێران وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی ئیدارەی ڕاپەڕین ئاشکرایکرد: "لەساڵی ڕابردوودا 309 کەس دراونەتە دادگا کە بێ مۆڵەت ئۆتۆمبێلیان لێخوڕیووە، 2341 سەرپێچی لێخوڕینی خێرایی ئۆتۆمبێل لە شەقامەکاندا لەلایەن کامێراکانی چاودێری تۆمارکراون، 4903 سەرپێچی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر کێشی زیاد(سحال)، تۆمارکراوە".
ئاشکراشیکرد: "لەسنوری بەڕێوەبەرایەتی ئیدارەی ڕاپەڕیندا 10557 ئۆتۆمبێل پشکنینی ساڵانەیان بۆکراوە لە تاقیگەی پشکنینی ڕانیە".
- 04-01-2016