دواڕۆژ، نوسینگەی هەولێر
بەوتەی بەڕێوەبەری گشتی هاتوچۆ، زیاتر لە 100 ملیار دینار پارەی غەرامەی هاتوچۆ لای شۆفێران و ئۆتۆمبێلی فەرمانگەکانە و وەزارەتی ناوخۆش ڕێنماییەکی نوێی لەبارەی پێدانی غەرامەی ئۆتۆمبێل بەشێوەی قیست دەرکردووە.
لیوا ڕزگار عەلی، بەڕێوبەری هاتوچۆی هەرێم بە دواڕۆژی ڕاگەیاند بۆ زیاکردنی باج و غەرامە، ئه و شۆفێرانەی غەرامەی هاتوچۆیان هەیە و نەیانداوە، تاوەکو غەرامەکەیان بۆ بکرێت بە قیست، دوای تەواوبوونی ڕێوشوێنەکان دەبێت شۆفێران بچن بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ و داوابکەن پارەی غەرامەکەیان بە چەند قیستێک بدەنەوە.
لیوا ڕزگار عەلی، ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی شارەکان لە هەوڵی بە ئەلیکترۆنکردنی سیستمی وەرگرتنی قیستی مانگانەی ئۆتۆمبێلن و دوای تەواوبوونی ڕێوشوێنەکان دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەڕێوبەری گشتی پۆلیسی هەرێم، ئاشکراشیکرد، ئه و بڕیارەی پارساڵ لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە دەرکرابوو لە بارەی پێدانی غەرامەی هاتوچۆ بە قیست ڕایانگرتووە و لەئێستادا کاری پێناکرێت، کار بە ڕێنمایی نوێ دەکرێت.
سەبارەت بە شێوازی پێدانی قیستەکە، ناوبراو ڕوونیکردەوە، بڕی پارەکە دیار نییە مانگانە چەندە، بەڵام هەر شوفێرێک دوای ئەوەی داوای پێدانی پێبژاردنی مانگانە دەکات بەشێوازی قیست، تەواوی ئه و غەرامەیەی لەسەریەتی دابەشی 12 مانگ دەکرێت، واتە دەبێ قیستەکه لەماوەی ساڵێکدا بدرێتەوە و بڕیارەکەش بەشێوەی ئارەزوومەندانەیە.
ئاماژەشی بەوەکرد، سەرجەمی ئەم داهاتە دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی، ئاگادار نین چەندە و چی لێ بەسەردێت، بەڵام لە 20%ی داهاتی باج و غەرامە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە بۆ هاتوچۆ تەرخاندەکرێتەوە.
10-05-2017