بەداخەوە ئەمڕۆ گەلی کوردستان ڕێبەرێکی گەورەی لەدەستدا. کاک نەوشیروان وێڕای ئەوەی بۆ زۆربەمان مامۆستا و سەرکردە و جێگەی هیوای گەلێکی مەزڵومیش بوو، کەمێژوویەکە لەپێناو ئازادیی نیشتیمانەکەی و دادپەروەری بۆ گەلەکەی، سەخترین تێکۆشانی نەپساوەی هەڵگیرساندووە.
کاک نەوشیروان وێڕای کەسایەتیە کاریگەر و کارێزماییەکەی، نەخشەکێش و سەرکردەیەکی پشودرێژی چەندین وێستگەی گرنگی ناو مێژووی زیاتر لە چارەگە سەدەیەکی شۆڕش و کوردایەتی بوو. ئەندازیارێکی دیار و کاریگەری شۆڕشی نوێ و ڕاپەڕین بوو، کەلەسۆنگەیاندا ئەم ڕۆژگارانەی ئازادی و ئەزموونی خۆبەڕێوەبردنی میللەتەکەمان بەدیهاتن.
با کۆچی دوایی ئەو ڕێبەرە مەزنە بکەین بەهەوێنی ئاشتەوایی و یەکڕیزی و هاوخەباتی نوێ، لەپێناو سەرخستنی خەباتی ڕەوای گەلەکەمان و بەزیندوویی هێشتنەوەی ئەو بەهاو باوەڕە بەرزانەی، کاک نەوشیروان زیاتر لەنیوسەدە، سەربەرزانە لەپێناویاندا، خەباتی کەم وێنەی کرد. با هاوڕێ دڵسۆزەکانی کاک نەشیروان، تێکۆشەرانی ڕاستەقینەی کوردایەتی و دادپەروەری، هاوکار و هاوپەیمان بین بۆ ئازادی و دادپەرەری و خزمەتی خەڵکی.
کاک نەوشیروانی ڕابەر و سەرکردە ئەمڕۆ بەئەوپەڕی ئەمانەتەوە، بەڵێنەکانی خۆی بەجێگەیاند، کاتێک لەگەڵ مام جەلالی هاوڕێ و هاوخەباتی لەژێر تاشەبەردێکی نیشتیماندا بەڵێنیاندا بۆ گەلەکەیان بژین و لەناو گەلەکەیاندا بمرن.
بەرهەم ساڵح
سلێمانی
19-05-2017