دواڕۆژ، ئاوارە حەمید
661 ملیار دینار پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێم لای حکومەتی ناوەند ماوە، بۆ ئەمساڵیش بریارە (440) هەزار تەن لە جوتیارانی کوردستان وەربگیرێت و بۆ هەر تەنێک گەنمێکی پلەیەکیش (560) هەزار دینار دیاریکراوە.
#عەبدولستار مەجید#، وەزیری #کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو# لە حکومەتی هەرێم دوای کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی هەرێم و لیژنەی کشتوکاڵی پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ڕایگەیاند لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە یەک ملیۆن گەنم بەرهەم دەهێنرێت، بەڵام وەرگرتنی گەنم بۆ ئەم ساڵ بۆ نیوە کەمبۆتەوە کە تەنها 440 هەزار تەن گەنم لە هەرێم وەردەگیرێت.
گەنمی جوتیاران بەسەر سێ پلە دابەشکراوە هەر تەنێکی گەنمی پلە یەک بە 560 هەزار دینار و گەنمی پلە دوو 480 هەزار و گەنمی پلە سێش بە 420 هەزار دیاریکراوە
وەزیری کشتوگاڵ ڕونیکردەوە، ئەوان کەمکردنەوەی گەنمی جوتیارانی کوردستان بە سیاسی دەزانن و چونکە بەراورد بە ناوچەکانی دیکە زۆر کەمە، بۆیە هەموو هەوڵێک دەدەن لەناوخۆی کوردستان چارەسەری گەنمی جوتیاران بکەن و بۆ ئەمەش پێشنیاری کردوە کە لەلایەن حکومەتی هەرێم بری100ملیۆن دۆلار لە ساڵی یەکەم بۆ جووتیاران دابینبکرێت لە ڕێگەی کۆمپانیاکانەوە گەنمی کوردستان هەناردە بکرێت.
حکومەتی عێراق گومانی هەیە کە ساڵانی ڕابردوو ئه و گەنمەی لە کوردستان دراوەتەوە سایلۆکان و تەنها لەناوخۆی کوردستان بەرهەم هێنرابێت و ئه و گومانەشی نەشاردۆتەوە و بە وەزارەتی کشتوکاڵی وتوە، بۆیە وەزیری کشتوکاڵ پێشنیاریکردوە کە لیژنەیەک لە بەغداوە سەردانی کوردستان بکات و بۆ ئەوەی دڵنیا ببنەوە لەوەی کە هەموو گەنمەکە لەناوخۆی کوردستان بەرهەم دەهێنرێت.
وەزیری کشتوکال ئاشکراشی دەکات بیانووی حکومەتی عێراق بۆ دیاریکردنی ئەم ڕێژە کەمە بۆ جووتیارانی هەرێم بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە حکومەتی عێراق گومان دەکات لەساڵانی ڕابردوو ئه و گەنمەی وەرگیراوە هەمووی گەنمی جووتیارانی هەرێم نەبووە بەشێکی گەنمەکە لە دەرەوە هاوردە کراوە، لەرێگەی سایلۆکان بە نرخێکی گرانتر لە نرخی بازاڕ بە حکومەت فرۆشراوە.
بەگوێرەی پێداویستی هاوڵاتیان، هەرێم ساڵانە پێویستی بە 550 هەزار تەن گەنم هەیە، بەڵام عێراق کەمتر له و ڕێژەیی کە پێویستی هەرێمە وەردەگرێت بەمەش ناچار دەبێت بۆ تەواوکردنی پێداویستی ناوخۆی هەرێم گەنم لە دەرەوە بکرێت.
عەبدولستار مەجید ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد 661 ملیار دینار پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێم لای حکومەتی عێراق ماوە و نەدراوە.
23-05-2017