دواڕۆژ، ئاکۆ حەمەد ڕابی
بەرپرسی ڕاگەیاندنی دەزگای گشتی کاروباری مین لە پارێزگای هەولێر ڕایدەگەیەنێت، 330کێڵگەی مین و تەقەمەنی لە سنوری #سۆران# هەن، ئاماژە بەوەش دەکات کە لە ڕێگەی 11تیمەوە سەرقاڵی پاککردنەوەی ئەو کێڵگانەن.
زێبار خالید بەرپرسی ڕاگەیاندنی دەزگای گشتی کاروباری مین لە پارێزگای هەولێر بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، لە سنوری دەڤەری سۆران کە قەزاکانی سۆران، چۆمان، ڕواندز و مێرگەسۆر دەگرێتەوە 330کێڵگەی مین و تەقەمەنی هەیەو تا ئێستا پاکنەکراونەتەوە، ئەمەش مەترسیدارە بۆ سەر ژیان و گیانی هاوڵاتیان.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەو ناوچانەی مین و تەقەمەنیان لێیە بەشێکی زۆریان هی خەڵکەو بەشێکیشیان موڵکی گشتیین.
وتیشی ئێستا لە ڕێگەی 9تیمی دەستیی لەگەڵ دوو تیمی میکانیکی سەرقاڵی پاککردنەوەی ئەو کێڵگانەیەن کە مین و تەقەمەنیان لێیە.
زێبار خالید باسی لەوەشکرد کە زۆربەی ناوچە مین ڕێژکراوەکانی دەڤەری سۆران ناوچە سنورییەکانن، مێژووی هەموو ئەو مین و تەقەمەنیانەش دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شەڕی نێوان عێراق و ئێران.
وتیشی ئەو ناوچەو جێگایانەی کە بە مین و تەقەمەنی داپۆشراون ناوچەی گرنگن، لە ڕووی گەشتیاری و کشتوکاڵیەوە دەتوانرێت سودیان لێوەربگیرێت.
وتیشی هەروەها زۆرترین گژوگیایی بەهارەش لەو شوێنانە دەڕوێت بۆیە بە پاک کردنەوەی ئەو ناوچەو کێڵگانە سوودێکی زۆری بۆ هاوڵاتیان هەیەو دەبنە سەرچاوەی بژێوی سەدان کەس.
01-06-2017