رووداو- هەولێر
#وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان# ڕایدەگەیێنێت زیاتر لە 750 کەس تووشی ژەهراویبوونی خۆراک بوون و هەموو نەخۆشەکان کاری پێویستییان بۆ کراوە.
د. ڕێکەوت حەمەرەشید، وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان دەڵێت سەرجەم نەخۆشەکان لەرێگەی 40 ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن گەیێندراونەتە نەخۆشخانە و کاری پێویستییان بۆ کراوە، ئەو دەڵێت هەموو پێداویستییەکی پزیشکییان لەبەردەستە بۆ چارەسەری نەخۆشەکان.
سەبارەت بە لێپێچینەوەی یاسایی لە بەرپرسانی ئەم حاڵەتە، نەوزاد هادی، #پارێزگاری هەولێر# ڕایگەیاند ڕێکخراوێکی خێرخوازی خۆراکی بەربانگی بۆ دانیشتووانی کەمپەکە کردووە، بەم هۆیەوە حاڵەتی ژەهراویبوون لەنێو کەمپەکە دروستبووە.
پارێزگاری هەولێر دەڵێت حاڵەتەکە مەترسیدارە و ژمارەیەکی زۆری ئاوارەکان تووشی ژەهراویبوون بوون، بۆیە لێپێچینەوەیان بۆ هۆکاری ڕووداوەکە کردووە و بەڕێوەبەری ئەو چێشتخانەی کە خۆراکەکەی ئامادەکردووە، دەستگیرکراوە.
نەوزاد هادی دەڵێت ئەوان ڕێنماییان داوە بە بەڕێوەبەری کەمپەکان کە تەنیا خۆراک ببرێت و لەوێ ئامادەبکرێت، بەڵام ئەوەی ڕوویداوە پێچەوانەی یاساکانیان بووە و لێپێچینەوەیان کردووە.
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر لەبارەی ئاماری قوربانییەکان ڕادەگەیێنێت تاکو ئێستا 761 حاڵەت تۆمارکراون و منداڵێکیش پێش ئەوەی بگاتە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.
د. سامان بەرزنجی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر دەڵێت نزیکەی 400 حاڵەت هێندراونەتە نەخۆشخانەکانی هەولێر و ئێستا 5 نەخۆشخانەی هەولێر بەتەواوی پڕن لە نەخۆش، کە حاڵەتەکانیان جۆراوجۆرە و بەشێکیان ژیانیان لەمەترسیدایە.
د. سامان بەرزنجی ڕوونیدەکاتەوە زیاتر لە 200 حاڵەت لە نەخۆشخانەی ڕاپەرینی منداڵان خەوێندراون، 70 حاڵەت لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ناوەند و 150 حاڵەت لە نەخۆشخانەی هەولێری فێرکاری خەوێندراون.
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر هۆشداریدەدات کە ئەوان لە ئێشکگریدان، چونکە لانیکەم بۆماوەی 48 کاژێر مەترسی سەرهەڵدانی حاڵەتی دیکە هەیە.
ئێوارەی ئەمڕۆ، لە کەمپی خازر لە نزیک کەمپی حەسەن شام، دەزگایەکی خێرخوازی خۆراکی بەربانگ بۆ ئاوارەکان ئامادەکات و ژەهراویبوون ڕوویداوە.
13-06-2017