ڕۆژنیوز هاوڕێ کرێکار
جوتیارانی سنوری ئیدارەی #گەرمیان# ڕایدەگەیەنن، کە بە هۆی کەمی ڕێژەی باران بارینەوە، ئەمساڵ بەروبومی جوتیاران باش نەبووە لە چاو ساڵانی ڕابردوو، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی گەرمیانیش دەڵێت:تاکە بەڕێوەبەرایەتین لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان کودی کیمیاییمان بەسەر جوتیاران دابەشکردووە بۆ بەهێزکرنی دەغڵ و دانەکانیان.
کەمی ڕێژەی بارانبارین لەمساڵدا بووەتە هۆی کەمبوونەوەی بەروبوومی جوتیاران لە هەرێمی کوردستان، ئەمەش نیگەرانی جوتیارانی لێ کەوتوەتەوە، ئەویش بەهۆی ئەوەی ڕەنگە ئەمساڵ جوتیاران هیچ بڕە پارەیەم قازانج نەکەن.
سۆران سادق، جوتیارێکی دانیشتووی شارەدێی ڕزگارییە، ماوەی چەند ساڵێکە خەریکی کشتوکاڵە، بۆ ڕۆژنیوز وتی: بەهۆی ئەوەی ئەمساڵ وەک ساڵانی ڕابردوو ڕێژەی باران بارین زۆر نەبوو، بەرهەمی دەغڵودانی جوتیاران وەک پێویست نەبووە، ئەتوانین بڵێن خراپ بووە لەچاو ساڵی ڕابردوو، پار بەرهەمی جوتیاران باشتر بوو، بەڕادەیەک جوتیاران قازانجیان کردووە، من وەک خۆم لەبەربوومی ساڵی ڕابردوو قازانجم کرد، بەڵام ئەمساڵ وەک پێویست نەبوو.
سۆران سادق وتیشی: ساڵی ڕابردوو بەرهەمی گەنم یەک بە دەی بڕی، واتە تۆنێک گەنمم وەشاند، دە تۆنم دوورییەوە، بەڵام ئەمساڵ وا نەبوو، نیوەی پار بوو، واتە یەک بە پێنجی بڕیوە، یەک تۆنم وەشاندووە، پێنج تۆنم دروێنە کردووە، سەرەڕای ئەوەش، جوتیاری وا هەیە ئەوەی وەشاندوێتی نەیدوریوەتەوە، لەبەر ئەوەی گەنمەکەی بەرهەمی باش نەبووە، وەک وتم ڕێژەی باران بارین زۆر باش نەبووە وەک ساڵانی تر، ئەمە جگە لەوەی حکومەتیش وەک پێویست هاوکاری جوتیارانی نەکردووە و گەنمی لە سایلۆکان وەرنەگرتووە.
سەرحەد کەریم، تەمەنی 25 ساڵە، جوتیارە و دانیشتووی گوندی حاجی عەوادی سەر بە شارەدێی سەرقەڵایە، بە ڕۆژنیوزی وت: ئەمساڵ بەرهەمی جوتیاران بە گشتی باش نەبووە، هۆکارەکەشی ئەوە بوو، باران بەو شێوەیە نەباری تا دەغڵ ودان و زەوی تێرئاو بن، ئەوەی جۆی وەشاندبێت 'یەک بە بەدوو'ی دووریوەتەوە، لە هەندێ شوێنیش 'یەک بەسێ'ی دووریوەتەوە، ئەوەشی گەنمی وەشاندبێت ئەمساڵ وەک پێویست نەبووە، لە هەندێک شوێن 'یەک بەسێ'ی دووریوەتەوە، لە هەندێک شوێنیش 'یەک بە بەپێنج'ی دووریوەتەوە.
سەرحەد کەریم وتیشی: هۆکاری باش بوونی بەرهەمی ساڵی ڕابردووی جوتیاران، بەهۆی ئەوەبوو کە لە پایزی پێشتردا بارانێکی زۆر باش باریبوو، پەڵەیەکی باشی دابوو، دواتریش چەند جارێکی دیکەش بارانی باش باری، بەشێوەیەک زەوی تێروپڕ ببوو، بەڵام ئەمساڵ جوتیاری وا هەیە زەرەری کردووە، هی وایش هەیە مایەی خۆی دەرکردوە و هیچ قازانجێکی نەکردووە، بەشێکیشیان هەیە بەروبوومی گەنمەکەی هەڵنەگرتوەتەوە، جوتیاریش هەیە باشە.
مستەفا ئەحمەد، 'عەلاف'ە، کاری کڕین و فرۆشتنی گەنم دەکات لەشارەدێی ڕزگاری، بە ڕۆژنیوزی وت: لەبەر ئەوەی سایلۆکان گەنم لە جوتیاران وەرناگرن، ئێمە گەنم لەجوتیاران دەکڕین و دەیفرۆشینەوە بەخەڵکانی تر لەناوەڕاست و خوارووی عێراق، بۆ نموونە کیلۆیەک گەنم لەجوتیار دەکڕین بە (350 و 340 و 370)دینار، بەپێی باشی وخراپی جۆری گەنمەکەی، دەیفرۆشینەوە بە (390 و 400)دینار بەو شێوەیە، بە پێی ئەوەی ئێمە گەنم لە جوتیاران وەردەگرین، دەزانین بەرهەمی جوتیاران بەشێویەکی خراپ بووە ئەمساڵ، وەک ساڵانی تر نەبووە، هۆکارەکەشی کەمی باران بووە.
#شادیە حوسێن# بەڕێوبەری بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی گەرمیان، بۆ ڕۆژنیوز دوا و وتی: بەپێی پێشبینی ئەمساڵمان بۆ گەنمی سنووری گەرمیان، 151 هەزار تۆن دانەوێڵە بەرهەم هاتووە، کە بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، کە 200 هەزار تۆن بووە، ڕێژەی بەرهەمهاتن کەمی کردووە، ئەمەش ئەوەمان بۆ دەردەخات ئەمساڵ بەربومی جوتیاران خراپ بووە، وەک پێویست نەبووە، بەبڕوای ئێمە وجوتیارانیش هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کەمی باران لەچاو ساڵی ڕابردوو، لە گەڵ ئەوەشدا تاکە بەڕێوەبەرایەتین لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان کودی کیمیاییمان بەسەر جوتیاران دابەشکردووە بۆ بەهێزکرنی دەغڵ و دانەکانیان.
هەروەها ناوبراو باسی لەوەش کرد، ئەمە کێشەی هەموو جوتیارانی هەرێمە، تا ئێستا حکومەتی هەرێم ناتوانێت گەنمی جوتیاران وەربگرێت، تاکە شوێنیش، کە لێمان وەردەگرێت وەزارەتی بازرگانی عێراقە، ساڵانی ڕابردوو وەزارەتی ناوبراو گەنمی لەجوتیاران وەرگرتووە بەبێ مەرج، بەڵام ئەمساڵ، مەرجی داناوە، دەبێت ئەو گەنمە لەهەرێمی کوردستان وەریدەگیرێت بەپێی بودجەی 17%هەرێمی کوردستان بێت.
شادیە ئەوەشی خستەڕوو، بەوەش 442 هەزار تۆن گەنم لەجوتیارانی هەرێم وەردەگیرێت لەلایەن وەزراەتی بازرگانی حکومەتی ناوەندەوە، لەبەرئەوەی گەرمیان بەپارێزگا هەژمار ناکرێت لەلای حکومەتی عێراق، تەنها بنکەیەکمان هەیە لەپارێزگای سلێمانی، وەک گەرمیان،13 هەزار و 200 تۆن گەنمی جوتیاران لە لایەن حکومەتی ناوەندەوە بۆ سایلۆکان وەردەگیرێت و ئەمەش گەورەترین کێشەی بۆ دروستکردوین لە فرۆشتنی بەروبوومی جوتیاران.
05-07-2017