شەپۆلێکی گەرما باشووری کوردستانی گرتووەتەوە. بەپێی پێشبینییەکانی کەشوهەوا ئەمڕۆ چوارشەممە لە #کەلار# بەرزترین پلەی گەرما تۆماردەکرێت و 50 پلە تێدەپەڕێنێ. تەندروستی گەرمیانیش هۆشداری دەداتە هاونیشتمانیان و دەڵێ: لە کاژێر 10:00 بۆ 05:00 ی ئێوارە بەهیچ شێوەیەک نەیەنە دەرەوە، بەتایبەت منداڵ و بەساڵاچووان.
هەڵۆ محەممەد، پەیامنێری ڕووداو لە کەلار ڕایگەیاند: لە کاژێر 09:00ی بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 2-8-2017، بەرزترین پلەی گەرما 48 پلە بووە و نزمترینیشی لە سێبەردا 34 پلە بووە. پێشبینی دەکرێت لە کاژێر 12:00 بۆ 03:30 خولەکی دوای نیوەڕۆ لە تەواوی سنووری ئیدارەی گەرمیان ئاستی پلەی گەرما بۆ 50 تاوەکو 53 پلە بەرزبێتەوە.
لە خانەقین، نەفتخانە، قەرەتەپە، جەبارە، سەعدیە و گوڵاڵە پلەی گەرما لە 50 پلە دەستپێدەکات بۆ 52 پلە، لە ڕۆژهەڵاتەوە لە قەسری شیرین دەگاتە 50 پلە، لە کفری و کەلار و باوەنووریش لە 52 پلە نزیکدەبێتەوە.
سیروان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی گەرمیان، لەبارەی ئامادەکارییەکانیان بۆ هاتنی ئەو شەپۆلە گەرمایە بە ڕووداوی ڕایگەیاند: ئێمە چەند هەفتەیەکە کەوتووینەتە نێو ئەو شەپۆلەی ڕووی لە ناوچەکە کردووە، هەر لەوکاتەوە لە سەرجەم نەخۆشخانە و مەڵبەندەکان ئامادەکاری باشمان کردووە و، لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆپاراستن و بەشی هۆشیاری تەندروستی کۆمەڵێک ڕێنماییمان بۆ هاونیشتمانیان بڵاوکردوونەتەوە.
وەک سیروان محەممەد جەختی لەسەر کردەوە، پێویستە هاونیشتمانیان لەکاتی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لە کاژێر 10:00 بۆ 5:00ی ئێوارە بەهیچ شێوەیەک نەیەنە دەرەوە، ئەوانەشی کاردەکەن پێویستە لەوکاتە کارەکانیان ڕابگرن.
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی گەرمیان گوتیشی: ئەوانەی ناچارن لەو کاتەدا کاربکەن، پێویستە کرێمی دژەخۆر بەکاربێنن و شلەمەنی زۆر بخۆنەوە، هەروەها منداڵان و بەساڵاچووانیش نابێت بەهیچ شێوەیەک لەو کاتەدا بێنە دەرەوە.
لە کۆتایی وەزری بەهارەوە تاوەکو ئێستا لە سنووری ئیدارەی گەرمیان 8 کەس لەکاتی مەلەکردن خنکاون، بۆ ئەو مەبەستەش ئەمڕۆ تیمەکانی بەرگریی شارستانی لە حاڵەتی ئامادەباشیدان بۆ هەر ڕووداوێکی نەخوازراو، چ خنکان بێت یان ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە.
02-08-2017