بەهۆی کەمیی بەرهەم و هەناردەکردنی بۆ #مووسڵ# و شارەکانی دیکەی عێراق، نرخی جۆ و کا لە هەرێمی کوردستان بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، ئەمەش نیگەرانی لای ئاژەڵداران دروستکردووە و داوا لە وەزارەتی کشتوکاڵ دەکەن سنوورێک بۆ بەرزبوونەوەی نرخی ئالیک دانێن.
شوان مەولود، ئاژەڵدارێکی گوندی قەریەتاخی سەر بەناحیەی پیرداودی شاری هەولێرە، خاوەنی 250 سەر مەڕ و بزنە، ئەو ئاژەڵدارە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی کا و جۆ تاوەکوو ئێستا نەیتوانیوە ئالیکی پێویست بۆ وەرزی زستان بکڕێ. ئەو دەڵێت ئەگەر وەزارەتی کشتوکاڵ سنوورێک بۆ بەرزبوونەوەی نرخی ئالیک دانەنێت و پاڵپشتیمان نەکات، ناچارم ئاژەڵەکانم هەرزانفرۆش بکەم و واز لە ئاژەڵداری بهێنم.
شوان مەولود هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی ئالیکی ئاژەڵ بۆ ڕزگارکردنی مووسڵ لە دەستی داعش دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت بەهۆی هەناردەکردنی جۆ بۆ مووسڵ و کا بۆ بەغدا، نرخی تۆنێک جۆ بەراورد بە نرخی کاتی دروێنە، نزیکەی 140 هەزار دینار بەرزبووەتەوە، نرخی جووتێک فەردە کاش بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو سێ هەزار دینار بەرزبووەتەوە.
بەهۆی کەمبوونەوەی گژ و گیا و هاتنی سەرماوسۆڵە و باران، ئاژەڵدارانی هەرێمی کوردستان ناچارن لە مانگی تشرینی یەکەم تاوەکوو شوبات ئالیک بدەنە ئاژەڵەکانیان. پێشتر لە چوارچێوەی پڕۆژەی پاڵپشتی لە سامانی ئاژەڵ، وەزارەتی کشتوکاڵ بەپێدانی بڕێک جۆ هاوکاریی ئاژەڵدارانی دەکرد، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی ماوەی سێ ساڵە ئەو هاوکارییە نەماوە.
شوان مەولود دەڵێت بەخێوکردنی ئاژەڵ لەگەڵ خوێنم تێکەڵ بووە، ناتوانم دەستبەرداری ئەو پیشەیە بم، ئەگەرنا بەهۆی گرانیی نرخی ئالیک و ئاژەڵی هاوردە، بەخێوکردنی ئاژەڵ سوودی نەماوە.
ئاژەڵەکانی شوان لە وەزری زستاندا پێویستیان بە 30 تۆن جۆیە، ئێستا نرخی تۆنێک جۆ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان 435 هەزار دینارە، کەواتە ئەم جووتیارە جگە لە کا، دەبێت بایی 13 ملیۆن دینار تەنیا جۆ بکرێت. شوان مەولود دەڵێت ئەگەر نرخی جۆ دانەبەزێت ناتوانم ئالیکی پێویست بۆ ئاژەڵەکانم بکڕم.
بازاڕی فرۆشتنی دانەوێڵە دەکەوێتە سەر ڕێگای مووسڵ لە ڕۆژئاوای شاری هەولێر، نزیکەی 60 نووسینگەی کڕین و فرۆشتن لەو بازاڕەدا هەن، بازاڕەکە وەک بۆرسەیەک وایە بۆ دانانی نرخ و بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەی نرخی جۆ و گەنم و دانەوێڵەکانی دیکە.
غازی عەزیز، خاوەنی نووسینگەی بەڕانەتی بۆ فرۆشتنی گەنم وجۆ و عەلەف لە بازاڕی دانەوێڵەی شاری هەولێر، دەڵێت: هەرچەندە ئەمساڵ بەهۆی کەمیی بارانەوە، بەرهەمی جۆ بە تایبەتی لە هەولێر کەمبوو، بەڵام تاوەکوو ئێستا زیاتر لە 200 تۆن جۆم لە جووتیارانی قەراج و کەندێناوە و شەمامک و هەندێ ناوچەی دیکە کڕیوەتەوە و بە ئاژەڵداران و بازرگانانم فرۆشتووە.
بە گوتەی غازی، نرخی یەک تۆن جۆ لە کاتی دروێنەدا بە 290 – 300 هەزار دینار بوو، بەڵام ئێستا بەشێک لە جۆی کوردستان دەچێتە مووسڵ و کەرکووک و هەندێک شاری دیکەی عێراق، هەروەها لە نێوخۆشدا خواستی زۆری لەسەرە، بۆیە نرخی یەک تۆن جۆ بە گوێرەی کواڵیتییەکەی بۆ 420 تاوەکوو 435 هەزار دینار بەرزبووەتەوە. واتە نرخی تۆنێک جۆ بە ڕێژەی 30% بەرزبووەتەوە.
غازی عەزیز هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخی جۆی بۆ بازرگان و دەڵاڵەکانی مووسڵ گەڕاندەوە و گوتی پێشتر بازرگان و دەڵاڵەکانی مووسڵ کە کاری کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵ دەکەن، لێرە کاریان دەکرد، ئێستا زۆربەیان گەڕاونەتەوە مووسڵ، لەوێش چەند ساڵە بەهۆی شەڕەوە دانەوێڵە نەچێندراوە، بۆیە ئەوان بۆ بەخێوکردن و ڕاگرتنی ئاژەڵەکانیان پشت بە هەرێمی کوردستان دەبەستن، ڕۆژانە نزیکەی 500 تۆن جۆ لە بازاڕی هەولێر دەکڕن و دەیبەن بۆ مووسڵ.
غازی پێشبینی کرد نرخی جۆ لەوەی ئێستاش بەرزتر ببێتەوە و دەڵێت بەرهەم کەمە و خواست زۆرە، بۆیە دڵنیام تەنیا بارانێک ببارێت نرخی تۆنێک جۆ دەگاتە 500 هەزار دینار.
ئەمساڵ حکومەتی عێراق تۆنێک جۆی بە 420 هەزار دینار لە جووتیارانی شارەکانی عێراق کڕییەوە، بەڵام جووتیارانی کوردستان لە وەرزی دروێنەدا یەک تۆن جۆیان بە 100 تاوەکوو 120 هەزار هەرزانتر لە نرخی سایلۆ بە بازرگانانی عەرەب و ناوخۆ فرۆشتەوە، چونکە جگە لەوەی ترسیان هەبوو پارەی سایلۆ دوابکەوێ، بەهۆی قەیرانی دارایی ئەمساڵیش حکومەت هیچ بودجەیەکی بۆ وەزارەتی کشتوکاڵ دابین نەکرد، بۆ ئەوەی جۆی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بکڕێتەوە و بە نرخی پاڵپشت بەسەر ئاژەڵداراندا دابەشی بکات.
بەپێی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، لە چوار ساڵی ڕابردوودا بەرهەمی جۆ لە هەرێمی کوردستان جۆرێک لە زیادبوونی پێوە دیارە و لە 145 هەزار تۆنەوە بۆ 209 هەزار تۆن زیادی کردووە، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی کەمیی باران، بڕشتی جۆ باش نەبووە و پێشبینی دەکرێت بەرهەم نزیکەی 150 هەزار تۆن بووبێت، ئەم بڕەش لەگەڵ پێویستیی هەرێمی کوردستان یەکناگرێتەوە کە پێویستی بە نزیکەی 600 هەزار تۆن جۆیە، بۆیە ساڵانی پێشتر بۆ پڕکردنەوەی پێویستییەکان، وەزارەتی کشتوکاڵ ڕێگەی بەهاوردەکردنی جۆ بەشێوەی هاڕاو دەدا.
د.ئەنوەر عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی پلان و بەدواداچوون لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، دەڵێت ناتوانن بە نرخی پاڵپشت جۆ لە جووتیاران بکڕنەوە، ناشتوانن ڕێگەیان لێبگرن کە بەرهەمەکانیان بە بازرگانانی عەرەب نەفرۆشن، بەڵام بۆ هاوسەنگکردنی نرخ بەنیازن ڕێگە بە هاوردەکردنی بڕێک جۆ بدەن، تاوەکوو ئاژەڵداران بتوانن بەنرخێکی گونجاو جۆیان لە بازاڕەکان دەستبکەوێت.
هەروەها بەپێی فەرمانێکی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە ژمارە 2554 کە لە 1ی ئابی 2017 ەوە لەلایەن عەبدولڕەزاق عوسمان ناوەندەیی، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی بازرگانی بەوەکاڵەت واژۆکراوە، لە ڕۆژی #02-08-2017# تاوەکو 1-11-2017 ڕێگە بە هاوردەکردنی گەنم و ئارد بۆ هەرێمی کورستان دەدرێت، ئەویش بۆ کۆمپانیاکانی بازرگارنی گشتی و ئاشە بازرگانییەکان.
هەر بەپێی فەرمانەکەی وەزارەت، کە ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بازرگانی کراوە بە مەبەستی هاوردەکردنی دانەوێڵە ڕێگە بە گەنمی ساوەر و بنەتۆ و گەنمی وردکراو و جۆری ئالیک دەدرێت بۆ کارگەکانی ئالیک و پرۆژەی کشتوکاڵی و کۆمپانیاکانی بازرگانی تایبەتمەند لە بواری هاوردەکردنی ئالیک.
بەرهەمی جۆ لە هەرێمی کوردستان لە 4 ساڵی ڕابردوودا
جۆر پارێزگا یەکە ساڵ
2013 2014 2015 2016
جۆ هەولێر تۆن 71.688 105.000 84.643 86.500
سلێمانی تۆن 39.057 51.708 96.890 92.080
دهۆک تۆن 26.682 12.929 9.235 12.600
گەرمیان تۆن 7.777 25.000 13.990 18.500
هەرێم تۆن 145.204 194.637 204.758 209.680
02-08-2017