خەندان، شەوکەت قادر
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە خەندان-ی ڕاگەیاند، نزیکەی 15 هەزار کەس ئامادە نەبوون فۆرمی پشکنینی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، دووبارە وەرگرن.
محەمەد هاودیانی، لە لێدوانێکدا بۆ خەندان، ئەمڕۆ چوارشەممە، وتی، بەشێک لەو خاوەن پێداویستییە تایبەتانەی بە ڕێژەی بەرز 70% بۆ 85% تۆمار کراون لە ڕابردوودا، لە پشکنینی نوێ دەرکەوتوە کە هیچ کەم ئەندامی نەبووە.
بەوتەی ئەو، نزیکەی 15% ی ئەو کەسانەی پشکنینی پزیشکیان کردووە مەرج و ڕێنماییەکانی خاوەن پێداویستیی تایبەت نایان گرێتەوە.
لە ساڵی 2013 تا ئێستا هیچ کەس وەک خاوەن پێداویستیی تایبەتی نوێ تۆمارنەکراوە، لە #وەزارەتی کار# و کاروباری کۆمەڵایەتی، ووابڕیارە بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی بڕیار لەسەر دیاریکردنی وادەیەک بدەین کە لە مانگێک پێکهاتوە بۆ ئەوەی کارەکانی دووبارە پشکنینی کەم ئەندامان بە کۆتای بهێنرێت.
هاودیانی باسیلەوەکرد، داوایان کردووە مووچەی کەم ئەندامان بەجۆرێک دابینبکرێت کە لەگەڵ ڕێژەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بگونجێت چونکە ئەو مووچەی کە هەیە زۆر کەمە و بەشی پێداویستی ژیانی کەم ئەندامان ناکات.
رێنمایی نوێ دانراوە بۆ پشکنینی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لەوانەش، بریتین لە ڕێژەکەی.
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، وتیشی، بەبڕیاری ئەنجومەنی وەزیران مووچەی چاودێری کۆمەڵایەتی ڕاگیراوە چونکە نادادپەروەری تێدا بووە
دوای تاقیکردنەوەیەکی وەزارەتی کار، بۆ ئەو کەسانەی مووچەی چاودێری کۆمەڵایەتی وەردەگرن لە سنوری قەزایەکی پارێزگای هەولێر دەرکەوتوە کە تەنها 30% مافی وەرگرتنی ئەو موچەیەیان هەبوە و 40% ئەو کەسانەش خەڵکی ئەو قەزایە نەبوون.
02-08-2017