لەدوای ساڵی 2014ەوە کەرتی #کشتوکاڵ# لە هەرێمی کوردستان لە گەشەکردندایە، بە جۆرێک کە لە بەشێک لە بەرهەمەکاندا جگە لە پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆ بیر لەوە دەکرێتەوە کە چۆن هەناردەی دەرەوە بکرێت بەتایبەتیش بۆ وڵاتانی کەنداو، خاوەن پرۆژەیەکی کشتوکاڵیش بە تۆڕی میدیای ڕووداوی ڕاگەیاند، سەرقاڵی واژۆکردنی گرێبەستێکن بۆ هەناردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵیەکانیان بۆ قەتەر.
جگە لە هەرێمی کوردستان شارەکانی عێراقیش ئێستا بە خەیار و پەتاتە و پیاز و شوتی و گەنمی کوردستان دەژین، هەرێمی کوردستان لە زۆرینەی بەروبوومە وەرزییەکاندا گەیشتووەتە خۆژیەنی و لە وەرزی پێگەیشتندا پێویستی بە هەناردەکردن نییە.
گەنم کە خۆراکی ستراتیژیە ساڵانە 800 هەزار تۆن بەرهەم دەهێندرێت
رۆژانە 250 تۆن خەیار بەرهەم دەهێندرێت
رۆژانە 200 تۆن پەتاتە بەرهەم دەهێندرێت
رۆژانە 300 تۆن تەماتە بەرهەم دەهێندرێت
رۆژانە 300 تۆن شووتی بەرهەم دەهێندرێت
رۆژانە 200 تۆن پیاز بەرهەم دەهێندرێت
ساڵانە 1 ملیار هێلکە بەرهەم دەهێندرێت و 250 ملیۆنی لە پێداویستی ناوخۆ زیاترە، هەروەها ساڵانە بەرێژەی 80%ی پێداویستی ناوخۆ گۆشتی سپی بەرهەم دەهێندرێت.
شاڵاو جەمال، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند: 'لەزۆربەی بەرهەمەکانی سەوزەوات و میوەدا بە گشتی بۆ نموونە لە خەیار، تەماتە، پیاز، کولەکە و پەتاتە لە وەرزی پێگەیشتندا لە پارێزگای سلێمانی بەشی پێداویستی ناوخۆمان دەکات، بەڵام دوای ئەوەی وەرزی پێگەیشتن کۆتایی پێدێت دیسانەوە دەستدەکەین بە هاوردەکردن.
ئێستا وەرزی پێگەیشتنی زۆرینەی ئەو بەرهەمانەیە کە خۆراکی سەرەکی و ڕۆژانەی خەڵکە، بۆیە عەلوەکان پڕن لە بەرهەمی خۆماڵی کوردستان. خانووە پلاستیکییەکان ڕۆڵێکی گەورەیان بینی لە بوژاندنەوەی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان.
ساڵی 2007 لە هەرێمی کوردستان تەنها 227 خانووی پلاستیکی هەبوو، لە ساڵی 2015 ڕێژەکە بەرزبووەوە بۆ 10 هەزار خانوو، ڕێژەکە هێشتا لە هەڵکشاندایە و ئێستا گەیشتووەتە 13 هەزار خانووی پلاستیکی.
حاجی عەتا لە عەلوەی سلێمانی، بازرگانی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانە لە ماوەی چەند کاژێرێکدا 100 تۆن پیازی ناردبوو بۆ شارەکانی عێراق، ئێستا سەرقاڵی گرێبەستێکە بەرهەمی جووتیارانی کورد بنێرێت بۆ قەتەر، دەڵێت ڕۆژێک دێت وڵاتانی چواردەورمان چاویان لە دەستی ئێمە دەبێت.
عەتا محەممەد، نوێنەری ژووری بازرگانی لە بازاڕی میوەی سلێمانی، بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند: لەچاو سێ ساڵ لەمەوپێشدا کشتوکاڵ لەلای ئێمە بەپێی ئەو داتایانەی لەوەزارەتی کشتوکاڵ دەستمان کەوتووە 90% زیادی کردووە، ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی کە ئێمە هەوڵ بدەین چارەسەر بۆ کێشەکان بدۆزینەوە، ئەگەر حکومەت بیەوێت پشتگیریی سوتەمەنی خانووە پلاستیکییەکان بکات و پلانی بۆ دابنرێت 70%ی ئەو بەرهەمانەی لەدەرەوە دەهێندرێت خۆمان دەتوانین بەرهەمی بهێنین و پێویستمان نەبێت.
قەیرانی دارایی سەرباری هەموو زیانەکانی ئەو سودەی هەبوو کەرتی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان ڕووی لە بوژانەوە کرد، چونکە ئەو جووتیارانەی پێشتر لە شارەکان مووچەخۆر بوون زۆرینەیان گەڕانەوە سەر زەوییەکانیان.
06-08-2017