لە پارێزگاکانی #ئیلام#، #لوڕستان# و #کرماشان# لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان 12 کێڵگەی نەوت و گازی هەیە کە 5 لەو کێڵگە نەوتانە لەگەڵ عێراق هاوبەشن. لە سەرجەم ئەو 12 کێڵگەیەکدا ڕۆژانە نزیک بە 200 هەزار بەرمیل نەوت و نزیک بە 7 ملیۆن مەتری سێجا بەرهەمی گازیش بەرهەمدێت.
ئاستی بەرهەمهێنانی عێراق لە کێڵگە نەوتییە هاوبەشەکانی زیاترە لە ئێران، بەڕێوەبەری کۆمپانیان نەوت و گازی ڕۆژئاوای ئێرانیش دەڵێ ئامراز و تەکنۆلۆژیای ئەو کێڵگە نەوتیانە ئیدی کۆن بوون و دەبێت تەکنۆلۆژیا و ئامرازی نوێ دابین بکرێ، بۆ ئەوی بەرهەمهێنان لە کێڵگە نەوتییە هاوبەشەکاندا زیاتر بکرێ.
ئیلام سەرچاوەی سەرەکی نەوت و گازی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. بەپێی ڕاپۆرتی فەرمی لانیکەم 6 لەسەدی نەوت و نزیک بە 15 لەسەدیش گازی ئێران لەم پارێزگایەدایە. کەمێک سەرووتریش پارێزگای کرماشان لە ناوچەی نەفت شاریدا خاوەن نەفتە.
بەگشتی لە پارێزگاکانی ئیلام، لوڕستان و کرماشان 12 کێڵگەی نەوت و گازی هەیە. 5 کێڵگەی نەوتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ عێراق هاوبەشن. کێڵگەکانی نەوتی نەفت شار، کێڵگەی نەوتی ئازەر لە سنووری مێهران - بەدرە و هەروەها کێڵگەی دێلوڕان هەر لەو شارە.
بەڵام ئامراز و تەکنۆلۆژیای ئەم کێڵگە نەوتیانە ئیدی کۆن بوون. بەگوتەی سەعید ناسری پووری، بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوت و گازی ڕۆژئاوای ئێران، تەکنۆلۆژییەکانیان لە نیوەی تەمەنیانن. ئەو جەخت دەکاتەوە کە دەبێت تەکنەلۆژیا و ئامرازی نوێ دابین بکرێ، بۆ ئەوی بەرهەمهێنان لە کێڵگە نەوتییە هاوبەشەکاندا زیاتر بکرێن.
لە سەرجەم ئەو 12 کێڵگەیەکدا ڕۆژانە نزیک بە 200 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دێت. بەرهەمی گازیش نزیک بە 7 ملیۆن مەتری سێجایە. لەگەڵ ئەو گازەدا ڕۆژانە حەوت هەزار بەرمیل گازی شلیش بەرهەم دێ.
ئاستی بەرهەمهێنانی عێراق لە کێڵگە نەوتییە هاوبەشەکانی زیاترە. حکومەتی عێراق ئاسانتر گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان دەبەستێ. ئەم کۆمپانیایانەش بە ئامراز و تەکنەلۆژیای ڕۆژی جیهان بەرهەمهێنان دەکەن.
بەڵام ئێران هێشتا بە تەکنەلۆژیای کۆن خەریکی دەرهێنانی نەوتە. گەمارۆکانی ساڵانی ڕابردوو وایکردووە پیشەسازی و تەکنەلۆژیای نەوت بە ڕۆژ نەبن. بۆیە ئێران لە کێڵگە نەوت و گازییە هاوبەشەکانیدا لە وڵاتانی دراوسێی پاش کەوتووە. بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەم کەموکورتییە، ئێران یەکەم گرێبەستە نەوتییەکان لە کێڵگە هاوبەشەکاندا دەبەستێت.
یەک هەفتە پێشتریش ئێران و کۆمپانیای گازپرۆمی ڕوسیا یادداشتنامەیەکی لێکتێگەشتنیان بۆ پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکانی ئازەر و چەنگوڵە لە ئیلام واژۆ کرد.
بەگوتەی بەرپرسانی ئیلامی کۆمپانیا نەوتییەکانی چەندین وڵاتی دیکەی جیهانیش ئامادەیی خۆیان بۆ سەرمایەگوزاری لە ئیلام دەربڕیوە. بەڵام ئەوان چاوەڕوانن بزانن چارەنووسی گرێبەستی کۆمپانیای تۆتاڵ و ئێران بەکوێ دەگات. پاشماوەی گەمارۆکانی سەر ئێران هۆکاری دڵەڕاوکێی سەرمایەگوزارین لە ئێران.
هەڵبەت سەعید ناسری پوور گوتوویەتی، پێویستیان بە بەڵێندەری بیانی نییە. خۆیان خەریک نۆەژنکردنەوەی کێڵگە نەوتەکانن و لە داهاتوو ئاستی بەرهەم لەو کێڵگانەدا زیاتر دەکەن.
06-08-2017