دواڕۆژ، ئاکۆ حەمەد ڕابی
لەماوەی چوار مانگدا فڕۆکە سەربازییەکانی تورکیا 16جار بۆردومانی گوند و ناوچە سنورییەکانی #سیدەکان#یان کردووە، بەو هۆیەوەش زیانی زۆر بەر ژینگە و سروشتی ناوچەکە کەوتووە و 115 گوندیش بەهۆی نا ئارامی ناوچە سنورییەکان چۆڵکراون.
ئیحسان چەلەبی، بەڕێوەبەری شارەدێی سیدەکان لە لێدوانێکدا بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، لە ڕۆژی 10ی نیسانی 2017 تاوەکو ڕۆژی 10ی ئاب، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا 16جار بۆردومانی گوند و ناوچە سنورییەکانی سیدەکانیان کردووە و چەندینجاریش فڕۆکەکان بە ئاسمانی ناوچەکەدا سوڕاونەتەوە و چاودێری سنورەکەیان کردووە.
وتیشی بەهۆی ئەو بۆردومانانەوە ڕەز و باخی هاووڵاتیان زیانی زۆری بەرکەوتووە و دەیان دۆنم لە پوش و پاوانی ناوچەکەش سوتاون و ژینگە و سروشتی ناوچەکە وێران بووە.
بەڕێوەبەری شارەدێی سیدەکان ئاماژەی بەوەشدا کە بەهۆی نائارامی ناوچە سنورییەکانی شارەدێی سیدەکان و هێرشی فڕۆکەکانی تورکیا، نزیکەی 115 گوندی شارەدێکە چۆڵبوون و خەڵکەکەی ناتوانن بگەڕێتەوە و لە گوندەکانیان بژین، چونکە بەردەوام مەترسی بۆردومان هەیە.
14-08-2017