مەکتەبی سیاسیی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# پیرۆزباییەکی گەرم ئاڕاستەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکات بەبۆنەی سەرکەوتنی ئیرادەی دیموکراسیی گەلەکەمان لە پڕۆسەی #ڕیفراندۆم# کە ئەمڕۆ 25/9/2017، لەسەرتاسەری وڵاتەکەماندا بە کەرکووک و خانەقین و ناوچەکانی مادەی 140یشەوە، بەڕێوەچوو.
ریفراندۆم وەک ئامرازێکی دیموکراسیی گەلەکەمان دوای 14 ساڵی ڕەبەق لە گفتوگۆو دانیشتن و ڕێککەوتن و بەیاننامه و ڕاگەیەنراوی هاوبەش دێت لەگەڵ حکومەتی عیراق بە هەموو ناوبژیوانە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییە بنیاتنەرەکانیشەوە. کە بەداخەوە حکومەتی عیراق پابەندی ئه و ڕێککەوتنانه و بڕگەکانی دەستووری ئارەزوومەندانەی عیراقیش نەبوو. بۆیە گەلی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە بە ئەرکی مێژوویی سەرشانیان زانی خۆیان چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن و لە سەرتاسەری کوردستانی باشووردا، لە خانەقین تا زاخۆ ئیرادەی دیموکراسی بۆ بخەنەگەڕ. کە دڵنیاین گەلەکەمان ئامادەی هەموو جۆرە بەرەنگارییەکە بۆ هەر ئەگەرێک، بێگومان باشترین ئەگەریش، ئەگەری سەلماندنی ئەنجامەکانی ڕیفراندۆمەکه و ڕێزگرتنە لە دەنگی کوردستانیان بە دەستپێکردنی گفتوگۆیەکی بەرپرسیارانه و بنیاتنەرانه و کراوە، بە چاودێریی نێودەوڵەتی، بۆ چارەسەرو یەکلاییکردنەوەی کێشەکان لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەشی کوردستان و عیراق و وڵاتانی ناوچەکە، لەسەر بنەمای سەقامگیریی ئاسایش و ڕێگرتن لە هەموو جۆرە دەستوەردانێک لە سنووری سەروەریی خاکی یەکتری. هەڵبەت ئەزموونی 25 ساڵی ڕابردوو لە کوردستانی ئازاددا، سەلماندی وڵاتی ئێمە هەڕەشە نییە بۆ ئاسایشی هیچ وڵاتێکی ناوچەکه و کوردستانی سەربەخۆی دوای ڕیفراندۆمیش هەروا دەبێت و زیاتریش لەڕێگەی قووڵکردنی پەیوەندیی دۆستانه و دەربەست لەگەڵ دەرو دراوسێدا.
بەوبۆنەیەشەوە سوپاس و پێزانینی خۆمان بە هەموو وڵاتانی دۆستی گەلەکەمان کە لە وێستگەی دوای ڕاپەڕین و دەستپێکردنی ئەزموونی دیموکراسیی کوردستاندا، لە پرۆسەی ڕزگاریی عیراق لە دیکتاتۆری لە ساڵی 2003 لە دوا وێستگەی بەرەنگاریی تیرۆریستانی داعشیشدا پشتیوانی گەلەکەمان بوون و ئێستاش پەرۆشی ئاییندەی کوردستانن، ڕادەگەیەنین. دڵنیاشیان دەکەینەوە کوردستانی خاوەن چارەنووسی خۆی، هەرگیزاو هەرگیز پشتیوانی و دۆستایەتیان لەبیرناکات و زیاتر لە جاران پابەندی ئه و دۆستایەتییە دەبین و هاوکاریشمان لە سەنگەری هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەهەموو جۆرەکانییەوە، بە جەستەیی و هزرییەوە بەردەوام دەبێت، پشتیوانیی هێزی پێشمەرگەی کوردستانیش لەگەڵ سوپای عیراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی توندوتۆڵتر دەبێت، بەتایبەتیش لە ناوچەکانی هێڵی مادەی 140 کە پێشمەرگە لە ساڵانی ڕابردوودا، لەوکاتەی سوپای عیراق و هێزە ئەمنییەکانی عیراق پاشەکشەیان لێکردبوو، لە داعش و تیرۆریستانی تر پاراستنی و ئاسایشی بۆ هەموو پێکهاتەکان دابینکردبوو بەجۆرێک کە ئەمڕۆ بەشداریی پێکهاتەکانی کەرکووک و خانەقین و ناوچەکانی تر دەریخست چەند سوپاسگوزاری پێشمەرگەن و چەند پەرۆشی نەخشەڕێگەی دەستووری بوون، ئه و نەخشەڕێگە دەستوورییەی کە حکومەتە یەک لەدوا یەکەکانی عیراقی دوای ڕژێمی بەعس خۆیان لە جێبەجێکردنی دەدزییەوە.
مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وێڕای دووپاتکردنەوەی ئه و ڕاستییانە بۆ دەرو دراوسێ و کۆمەڵی نێودەوڵەتی و پیرۆزبایی سەرکەوتنی ئەم پڕۆسەیە لە گەلەکەمان بە شانازییەوە ڕایدەگەیەنێت کە ئێستا سەربەرزە لە حزووری یادەوەریی شەهیدانی ڕێی مافی چارەنووس.
سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستانیش دەتوانێت بە سەربەرزییەوە بچێتە سەر ئارامگەی شەهیدان، چونکە بە پێچەوانەی پڕوپاگەندەی ناحەزان پڕۆسەی جەماوەریی ڕیفراندۆم سەرکەوت، دەتوانێت بەسەربەرزییەوە سەردانی ماڵی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان بکات و دڵنیایی و ئاسوودەییان بداتێ کە پەیمانی مافی چارەنووس هاتەدی، ئیرادەی گەلەکەمان خۆی لە سەربەخۆخوازیدا بەرجەستەکرد.
سەرکردایەتیی سیاسی، ئەمڕۆ سەربەرزە لە بەرامبەر ئازادیخوازان و دڵسۆزانی کوردستان کە ڕەخنه و پەرۆشییان بۆ چارەسەری کەموکوڕییەکان هەبوو کە بەڵێ، بەڵێنی سەرخستنی ڕیفراندۆممان هێنایە دی و لە ئەرکەکانی داهاتووش درێغی ناکەین.
وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەسەر گڵکۆی شەهیدان و کێلی ئارامگەکانیشیان بەڵێن دووپات دەکەینەوە باقی ئەرکەکانی سەرشانمان لە ئاستی ناوخۆ بە هاوسەنگەری و هاوپەیمانێتیی نێوان هەموو هێزە کوردستانییەکان جێبەجێ دەکەین. هێزی پێشمەرگەی قارەمانیش کە لە سەنگەری پاراستنی کوردستان و لەسەر سندوقەکانی دەنگدانیشدا دلێرو ئازاو بە پەرۆش بوون، هەروەها پێشمەرگەی کەمئەندامی سەنگەرو زیندانیانی سیاسیش کە بۆ ئەم ستراتیژە نیشتمانییە گیان و جەستەی خۆیان بەخشی و ئەشکەنجه و ئازاری زۆریان بینی، دڵنیادەکەینەوە کە ڕەنج و خوێن و فرمێسکی باوک و دایکی شەهیدانی کوردستانی دایک بەفیڕۆنەچوو، ئەمڕۆ زیاتر لە هەر ڕۆژێکی تر سەرکەوتنی یەکجارەکیمان لە ئاسۆی دەمکەلەوە دەرکەوتووە.
هەر به و بۆنەیەشەوە داوا لە هێزە پەرۆشەکانی کوردستان کە بەشێوازی جیا جیا بەشداریی سەرخستنی ئەم پڕۆسەیەیان کرد، دەکەین با لە قۆناغی داهاتووشدا، شان بدەینە بەر ئەرکی نوێ بەجۆرێک پەرلەمانی کوردستان ئەرکی تەشریعی و چاودێری خۆی لە ماوەی داهاتوودا ڕاپەڕێنێت و هەمووانیش پشتیوانی سەرخستنی ئه و ئەرکە بین، هەروەکو بانگەوازی حکومەتی کوردستانیش دەکەین کە پاداشتی ئەم هەڵمەتە جەماوەرییەی ڕیفراندۆم بە باشترکردنی گوزەران و ژیانی خەڵکی کۆڵنەدەری کوردستان بداتەوه و بەپێی پڕۆگرامێکی گونجاو سیستەمی پاشەکەوتی مووچە کۆتایی پێبهێنێت، دڵنیایی بداتە هاووڵاتیان کە کوردستانی دوای 25/9/2017، کوردستانێکی ئاوەدانترو دادپەروەرترو دەربەست تر دەبێت بۆ ڕۆڵەکانی.
ئومێدمانە پەیوەندییەکانمان لەناوخۆدا، لەگەڵ هاوپەیمان و هاوسەنگەرانمان لەپڕۆسەی ڕیفراندۆم بەره و پێش بچێت، بەگوێرەی نەخشەڕێگەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێککەوتنێکی نوێ دابڕێژین. لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی و لایەنەکانی تریش باقی ئەرکەکان بۆ یەکڕیزیی نیشتمانی و پەرۆشیی چارەسەری کێشەکانمان ڕاپەڕێنین. لەئاستی عیراق و هێزە پەرۆشەکانی دیموکراسیشدا هیوادارین ئەم قۆناغە بە قازانجی دیموکراسی و مافی چارەنووس و ڕێزگرتن لە ئیرادەی یەکتری تێپەڕێنین، مادام نەتوانرا لە چوارچێوەی هاوچارەنووسیی فیدرالیدا پێکەوەبین، با لە قۆناغی دوای ڕیفراندۆمدا ڕێز لە ئیرادەی یەکتری بگرین و دوو دراوسێی باش بین، گفتوگۆی بنیاتنەرانە لەسەر ئایندەمان دەستپێبکەین، بیر لە هەڕەشه و گوڕەشەی سوپایی، یان نانبڕین و گەمارۆدانی ئابووریی کوردستان و سنوورداخستن نەکەنەوە، کە هەمان سیاسەتی دیکتاتۆرەکانی پێشووی عیراق بوو دژی گەلەکەمان، چونکە ئەنجامەکەی بۆ هەموو لایەک دیاره و سەلمێنراوە.
لەکۆتاییدا لەم ڕۆژی سەرکەوتنەدا سڵاو لە ڕابەری گەورەمان سەرۆک مام جەلال خاوەنی ستراتیژی مافی چارەنووس کە دڵنیاین ئەنجامی ڕیفراندۆمی چارەنووس مژدەیەکی خۆش دەبێت بۆ جەنابیان.
سڵاو لە گەلی کوردستان بەهەموو پێکهاتەکانییەوە
سڵاو لە پێشمەرگە قارەمانەکان و دروود بۆ گیانی شەهیدانی ڕێی ڕزگاریی کوردستان و شەهیدانی بەرەنگاریی تیرۆر
سڵاو لە تێکڕای هێزە ئەمنییەکان و دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم و کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی کە هاوکاربوون لە سەرخستنی ئەم پڕۆسەیەدا.
مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
25-09-2017